“عوسمان مامە”، هاووڵاتی دانیشتووی شاری بۆکان سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٢٧ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی دا، هێشتا دەستبەسەر و لە چارەنووسێکی نادیاردا بەسەر دەبات. نادیاری لە دۆخی ناوبراو، نیگەرانی خێزان و کەسوکاری ئەم هاوڵاتییەی زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز عوسمان مامە، هاووڵاتی دانیشتووی شاری بۆکان هێشتا دەستبەسەر و لە چارەنووسێکی نادیاردا بەسەر دەبات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٢٧ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ناوبراو و بەدواداچوونەکانی خێزانەکەی لە ناوەندە ئەمنی و یاساییەکان لە شارە جیاوازەکان و وەکو: بۆکان، ورمێ، کەرەج و تاران، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیدار لە پێدانی هەواڵ لەبارەی دۆخی ئەم هاوڵاتییە خۆ دەبوێرن.
ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا پێوەندی لەگەڵ خێزانەکەی نەبووە و ئەم بابەتە نیگەرانی خێزان و کەسوکارەکەی زیاتر کردووە. تەنیا وەڵامی ناوەندە ئەمنیەکان ئەوە بووە کە ناوبراو زیندووە و ئەگەر گیانی لەدستدابێت ئاگادار دەکرانەوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ هێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی، “عوسمان مامە”، هاووڵاتی شاری بۆکان لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی ڕفێندووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
“عوسمان مامە”، تەمەن ٥٥ ساڵ پێش بێسەرو شوێنکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرکرانی، وەکو کرێکار لە کارگەیەکی بەخێوکردنی مریشک لە شاری دوکان لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد و مووچەی کاری ناوبراو تەنیا سەرچاوەی دارایی خێزانەکەی بووە و ئەمەش فشاری ئابووری بۆسەر خێزانەکەی زیاتر کردووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.