سزای دەرکران لە کاری چالاکی پیشەیی مامۆستایانی شاری سنە لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە گۆڕا بۆ ٢ مانگ دوورخرانەوە لە شوێنی کار.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە وتەی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییە فەرهەنگییەکانی ئێران، لەیلا سەلیمی، بە دوورخرانەوەی کاتی لە شوێنی کار سزا درا. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لیژنەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە لەیلا سەلیمی، بە ٢ مانگ دوورخستنەوە لە خزمەت سزا دا.
لەیلا سەلیمی، لە سەرەتاکانی ١٤٠٣ لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی پارێزگای کوردستان بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانی خۆیەوە لە بواری مامۆستایان بە دەرکران لە بەشی پەروەردە سزا درابوو. ئەم مامۆستایە لە دژی ئەم سزایە ناڕەزایەتی دەربڕی و لە ئەنجامدا پاش لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بەڵگەکان و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان، ئەم سزایە بە دوورخرانەوە لە کار بۆ ئەو ماوەیەی ئاماژەی پێکرا کەم کرایەوە. لەیلا سەلیمی، مامۆستا و چالاکی پیشەیی مامۆستایانی شاری سنە و دەرچووی بەشی بەڕێوەبردن بە بڕوانامەی دکتۆرایە.