سەلام ئازەری، هاوڵاتی شاری نەغەدە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە ساڵێک و شەش مانگ بەندکردن سزا درا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە پێی بڕیارێک لەم دواییە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر دۆستی دەرکراوە و بەم هاوڵاتییە ڕاگەیەندراوە، ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبێکی دژبەری ڕژیم»، بە ساڵێک بەندکردن و بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم»، بە شەش مانگ بەندکردن سزادرا. سەلام ئازەری ناسراو بە (شاهین) لە خەزەڵوەری ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نەغەدە دەستبەسەر کرا و ماڵی بنەماڵەکەی پشکنینی بۆ کرا. ئەم هاوڵاتییە سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ و دوا تەواوبوونی لێپرسینەوەش لەگەڵیدا بۆ گرتووخانەی نەغەدە گواسترابوو. ئەم هاوڵاتییە لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.