دادگای لێپرسینەوە لە ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، سەیدخالد حوسێنی، شەیس ئەمانی، سووسەن ڕازانی و جەماڵ ئەسعەدی، چالاکانی کرێکاری و ژینگەپارێزی، لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو. ئەم چالاکانە پاش ڕوونبوونەوەی تۆمەتەکانیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، دادگای لێپرسینەوەی شەش چالاکی کرێکاری و ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو.
لەم دانیشتنەدا کە لە لقی دووی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو، ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، سەیدخالد حوسێنی، شەیس ئەمانی، سووسەن ڕازانی و جەماڵ ئەسعەدی سەبارەت بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم» و «چەواشەکردنی ڕای گشتی» بەرگریان لە خۆیان کرد.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم چالاکوانانە دوای ڕوونبوونەوەی تۆمەتەکانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
ئەم چالاکانە، ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ فەرشید عەبدوڵڵاهی بانگهێشتی هەمان ناوەندی دادوەری کرابوون.
ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، سەیدخالد حوسێنی و شەیس ئەمانی چالاکی کرێکاری لە شاری سنە و سووسەن ڕازانی و جەماڵ ئەسەدی چالاکی ژینگەپارێزی ئەم شارەن.
زۆربەی ئەم هاوڵاتیانە لە حەوتووی ڕابردوودا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوون و سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی دایکی سێ گیانبەختکردووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەروەها چالاکییە پیشەیی و مەدەنییەکانیان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.
شایانی ئاماژەیە کە هەر یەک لەم چالاکانە، لە ڕابردووشدا بە هۆی چالاکیی کرێکاری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و مافی ژنان، ئەزموونی دەستبەسەربوون و سزادرانیان هەبووە.