“ئەمجەد ساڵحزادە”، هاوڵاتیی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەمجەد ساڵحزادە، هاوڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەرکردووە.
ئەمجەد ساڵحزادە، لە خاکەلێوەی ١٤٠٣ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد موستەفایی بە تۆمەتی (چالاکی پڕوپاگەندە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران)، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درا و دادگا بەپێی یاسای کەمکردنەوەی سزادانی زیندانی تەعزیری ئەم هاوڵاتییەی بە پێدانی شازدە ملیۆن تمەن سزای نەقدی گۆڕی. لە کۆتاییدا سزای ئەم هاوڵاتییە بەپێی ماددەی ٤٤٢ بە پێدانی دوازدە ملیۆن تمەن سزای نەقدی کەمکرابۆوە.
ئەمجەد ساڵحزادە، لە ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بانگهێشت کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بەدانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاوڵاتییە لە سێی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە لقی یەکی دادگای گشتی و ئینقلابی سەقز بەڕێوەچوو و ئەم هاوڵاتییە بە (چالاکی پڕوپاگەندە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران)، تۆمەتبار کرابوو.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.