بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

«ئەحمەد کەریم زادە»، کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری بانە بە سەختی برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی حەڤدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «بەردەڕەشە» سەربە شاری بانە بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «ئەحمەد کەریم زادە» تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە هەردوو لاقی بە سەختی برینداربووە و بەهۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

ج مارس 7 , 2025
کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لەگەڵ چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان بە بۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی حەڤدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی خەباتکار و ئازادیخواز و یەکسانیخواز و چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان گردبوونەوە و ڕۆژی هەشتی مارس […]

You May Like