کوردستان: کوژران و بریندار بوونی لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە ٢ حەوتووی ڕابردوودا

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ١١ بۆ ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان، کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە، ڕووداوی هاتوچۆ، ڕاونان و تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵەکە، لە ٤٨ کۆڵبەر، ٥ کۆڵبەر کوژراو و ٤٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.

«عەلی زەرغامی» کۆڵبەری هاوڵاتی تیکاب لە ١٣ی ڕەشەمە لە سنوری سەرشێوی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم کوژرا. هەروەها «ئارام مەنوچەهری» و «سەیوان باتر» دوو کۆڵبەری مەریوانی لە ڕووداوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەدوای ڕاونان و تەقەی هێزەکانی ڕژێم لە ١٩ی ڕەشەمە گیانیان لە دەست دا.

١٦ی ڕەشەمە بە تەقەی هێزەکانی ڕژێم لە سنوری نەوسود کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «عەتا حسێنی» تووشی وەستانی مێشک بوو و لە ٢٤ی ڕەشەمە گیان لە دەست دا.

لە ڕووداوێکی تراژیکی تردا «محەمەد گەنجە» کۆڵبەری هاوڵاتی پیرانشار، لە سنوری شارەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێزەکانی ڕژێم تەقەیان لێکرد و لە ٢١ی ڕەشەمە گیانی دا، جەستەی ناوبراو لەژێر بەفردا شاردرا بوویەوە و دوای ٢ ڕۆژ گەڕان لە ٢٣ی ڕەشەمە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دۆزرایەوە.

هاوکات ٢٩ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، ٧ کۆڵبەر بە لێدان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی عێراق «پاسەوانی سنور»، ٣ کۆڵبەر بە لێدان و بەردباران کردن لەلایەن هێزەکانی ڕژێم، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین و ٢ کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ و ڕاونانی هێزەکانی ڕژێم بریندار بوون.

منداڵێکی کۆڵبەری دیکەش بە ناسنامەی «دیاکۆ محەمەدی» ١٧ ساڵە و هاوڵاتی دیواندەرە لە نێوان ئەم ٢٩ کۆڵبەرە بریندارەدایە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم بریندار بوون.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود: برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ش مارس 16 , 2024
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود بریندار بوو. بەپێی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، هەینی ٢٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک دەموچاوی پێکراوە و بریندار بوو.بەپێی هەواڵەکە، ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکە «محەمەد» […]

You May Like