ڕۆژنامەی “هەم مەیهەن” چاپی تاران، لە یەکێک لە ژمارەکانی هەفتەی ڕابردوویدا ڕاپۆرتێکی ناخ هەژێنی سەبارەت بە باردۆخی بەساڵاچووان لە ئێران بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتەکە سەرەتا ئاماژە بە دیاردەیەکی دڵتەزێن دەکات لەژێر ناوی”بەساڵاچووانی سەر شەقام”. ئەوان ئەو پیرەژن و پیرەپیاوانەن کە هاوشێوەی “منداڵانی سەر شەقام” لەسەر شەقامەکان بەجێدەهێڵرێن. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “لە ساڵی ١٤٠٢دا، تەنیا لە شاری تاران، نزیکەی ٨٥٠٠ کەسی بەساڵاچوو لەلایەن گەشتەکانی شارەوانییەوە ناسراون”. هەم مەیهەن لەم بابەتەوە دەنووسێت: “بەساڵاچووی جێهێڵراو، واتە کەسێکی بێ ناو و نیشان کە سەرپەرشتیاری نییە”. بەشێک لەو کەسە بەساڵاچووانە زۆرجار بەهۆی نەخۆشی ئەلزایمەرەوە لە شەقامەکاندا ون دەبن و بنەماڵەکانیان ناتوانن بیاندۆزنەوە. بەڵام بەشێکی گرنگتر هەن کە بنەماڵەکانیان بەهۆی هەژاریی دارایی، کێشەی بژێوی ژیان، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، یان بەهۆی ئەوەی کە کەسە بەساڵاچووەکە بەدەست نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێ و پێویستی بە چاودێری تایبەت هەیە، ناتوانن ئاگادارییان لێ بکەن. لە لایەکی ترەوە سەرپەرشتیاری بەساڵاچووان، ئەگەر بیانەوێت لە ناوەندەکانی چاودێری دایانبنێن، دەبێت تێچووی چاودێری بەساڵاچووەکانیان بدەن، ئەو بنەماڵانەی کە توانایی دابینکردنی ئەم هەزینەیان نییە، کەسە بەساڵاچووەکە لە شوێنێک بەجێدەهێڵن بۆ ئەوەی هەزینەی چاوەدێریی مانگانەی نەدەن، بەساڵاچووەکەش بە بیانووی لەبیرچوونەوە، زۆر جار ناو و نیشانی خۆی و بنەماڵەکەی ئاشکرا ناکات. پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا دەنووسێت، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، مەئموورانی ئەمنییەتی هێرشیان کردە سەرم و بە زۆر وێنەکانیان لە کامێراکەم سڕییەوە و هەڕەشەیان لێکردم کە بێتوو هەر ئامارێک لەو بارەوە بڵاو بکەیتەوە، دادگایی دەکرێی.
واقیعییەت ئەوەیە کە سەردەمی خانەنشینی و بەساڵاچووان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گەلێک دژوار و تاقەت پروکێنە. سەرچاوە ئامارییەکانی خودی ڕژیم باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، مووچەکانیان هێندە کەمە کە تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژ ژیانێکی مەمرە و مەژی دەکات. ئەحمەد دڵبەری، سەرۆکی ئەنجومەنی بەساڵاچووانی ئێران دەڵێت: پەنجا و پێنج لەسەدی بەساڵاچووان تەنانەت ئەو داهاتە کەمەشیان نییە.
لە سیستان و بەلوچستان ٧٠ لەسەدی بەساڵاچووان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی ٨٨ لەسەدی دانیشتوانی گوندەکان بیمەی خانەنشینییان نییە. بەساڵاچووان دە لەسەدی کۆی گشتی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، واتە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس و تا دێت زیاتر دەبن. حکوومەتی ئیسلامی کە هیچ پلانێکی بۆ باشترکردنی ژیانی بەساڵاچووان و خانەنشینان نییە، بە کردەوە ئەرکی چاودێری و ئاگالێبوونی بەساڵاچووانی، خستووەتە سەر شانی منداڵ و کەسوکار و خێرخوازان و ئەو کەسانەی لە هەژاری و بێ مافیدا ڕەها کردووە. ئەو بەساڵاچووانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە هەژاری و هەلومەرجێکی نامرۆڤانەدا ڕاگیراون، بە شێوەیەکی سروشتی بەهۆی لاوازی جەستەیی و دەروونێکی ماندوووەوە، بەردەوام لە مەترسی تووشبوون بە هەر جۆرە میکرۆب و ڤایرۆسێکدا بوون و هەن. هەر وەک چۆن بینیمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چەند سەدان هەزار کەس لەو بەساڵاچووانە گیانیان لەدەستدا. لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ژمارەی ئەو ژنە بەساڵاچووانەی کە لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا گرفتارن زۆر زیاترە لە پیاوان، ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری ژنانی بەساڵاچوو تەنانەت لەو بڕە پووڵەش بێبەشن کە بۆ خانەنشینی بە پیاوان دەدرێت.
شێوازی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو، منداڵان، ژنان و کەمئەندام لە هەر کۆمەڵگایەکدا یەکێکە لە هێما سەرەکییەکانی ئاستی مرۆڤایەتی و دێموکراتیک بوونی ئەو سیستەمە سیاسییە و یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانی مافی مرۆڤ لەو کۆمەڵگایەدا. حکوومەتی ئیسلامی لە بابەت هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ سەرجەم ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتیانەدا، یەکێکە لە کۆنەپەرست ترین و گەندەڵترین سیستمە سیاسییەکانی جیهان. ڕژیمی ئیسلامی ئامادە نییە هیچ بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بە بەساڵاچووە هەژارەکانی ئەم کۆمەڵگایە قبوڵ بکات. بە بڕینی بەشێکی کەم لەو هەزینە زۆر و زەوەندی کە لەپێناو میلیتاریزم و سەرکوتکردنی خەڵک و تیرۆر و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان خەرجی دەکرێت، دەتوانرێت ژیانێکی ئینسانی بۆ بەساڵاچووان لەم وڵاتەدا دابین بکرێت، پرسێکی کە دابینکردنەکەی دەبێ یەکێک بێت لە ئەولەویەتەکانی ئەو حکوومەتەی کە لە ئاکامی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا شکڵ دەگرێت.