“محەممەد ڕەشیدپوور”، منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییە سنوورییەکانی “کەندەسوور” لە هێڵی سنووری بانە بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی هێڵی سنووریی “کەندەسوور”ی بانە، کۆمەڵێک کۆلبەریان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا منداڵێکی کۆلبەر بریندار بوو. ناسنامەی ئەم منداڵە کۆلبەرە “محەممەد ڕەشیدپوور” تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانەیە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو، بۆ چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.