“جەعفەر فەرەجی” کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی بانە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەرێکیان کوشت. ئەم کۆڵبەرە کوژراوە ناوی: “جەعفەر فەرەجی” خەڵکی شاری سەقزە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .