کۆڵبەرێکی خەڵکی ڕەبەت بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە شاخ لە هێڵی سنووری بانە گیانیلەدەستدا. تەرمی ئەم کۆڵبەرە دوای سێ ڕۆژ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە دۆزرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، تەرمی «ڕەحیم محەمەد زادە» کۆڵبەری خەڵکی “رەبەت”ی سەر بە شاری سەردەشت کە بە کەوتنەخوارەوەی لە شاخ گیانی لەدەست دابوو، دوای سێ ڕۆژ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە دۆزرایەوە. شایانی باسە کۆڵبەرەکە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بوو.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.