بوێری بنەماڵەی دادخوازان، ئیلهامبەخشە

دوابەدوای کوژرانی ڕەئیسی جەلادی ٦٧، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان، بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان بەیاننامەیەکیان ڕوو بە دادخوازانی سەرتاسەری ئێران سەبارەت بە درێژەی دادخوازی بڵاوکردەوە. ئەوان لە بەیاننامەکیاندا جەختیان کردەوە کە نابێ مەرگی ڕەئیسی، ببێتە هۆی دامرکانەوەی ئاگری خەبات لەپێناو بەدیهێنانی داخوازییەکانی دادخوازان. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە پێویستە دادخوازانی دەیەی شەست و دادخوازانی شۆڕشی ژینا، یەکگرتووانە بۆ بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیان، کە یەکێک لەوانە بریتییە لە هێنانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی محاکمەیەکی عادڵانه‌. ئەم هەڵوێست و ڕێنماییە یەکسانە لەگەڵ هەڵوێستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بە جیاوازییەکی زۆر گرنگەوە. ئەویش ئەوەیە کە بەردەنگی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، بریتییە لە خاوەن دەسەڵاتەکانی جیهانی ئەمڕۆ، بەڵام بەردەنگی دادخوازانی کوردستان، جەماوەری ئازادیخواز و خاوەن دەسەڵاتەکانی سبەینێیە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئایار، بەرامبەر بە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، نووسیبووی کە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی نابێت خەڵکی ئێران لە مافی دادپەروەری و بەدەستهێنانی ڕاستی و قەرەبووکرانەوە بەهۆی ئەو جینایەتانەی کە ناوبراو کردوویەتی، بێبەش بکات. دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەر ئێستا ڕێگەیەک بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو جینایەتانە بدۆزێتەوە. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: “دەبوو تا ئەو کاتەی کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە ژیاندا بوو، وەک جینایەتکارێک، بە تاوانی جینایەت لەدژی مرۆڤایەتی، کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرایەت”. بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، بنەماڵە دادخوازەکانی دیکەش بەرامبەر بە مەرگی بکوژی منداڵەکانیان کاردانەوەیان هەبوو. 

گەوهەر ئیشقی، دایکی سەتار بەهەشتی، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، بڕگەیەک لە شیعرێکی حافزی دانا و لەم پێوەندییەدا نووسیی: “چارەنووسی حاکمی ستەمکاری مێژوو، دەتوانێت وانەیەک بێت بۆ ئەوانی تر”. یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی گەنجێکی کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە “ڕەئیسی بکوژێک بووە و فەرمانی کوشتنی بۆ زۆرێک لە منداڵەکان دەرکردووە”. یەکێک لەو کەسانەی کە لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا کوژران، مینوو مەجیدی دایکێکی تەمەن ٦٢ ساڵ بوو کە لە لەنزیکەوە بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا. کچەکانی گرتەیەکی ویدیۆیی خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری هەڵگری ڕەئیسی بڵاوکردەوە. مەهسا یەکێک لە کچەکانی مینوو مەجیدی نووسیویەتی: ئێمە دڵخۆشین چونکە ئەوان بکوژ بوون. ڕەئیسی فەرمانی کوشتنی دایکمی دا و حسەین عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە، بوونی گیانبەختکردووانی ئێمەی ڕەتکردەوە. دەزانم کە دڵخۆش بوون بە مەرگی کەسێک دروست نییە، بەڵام ئەوان دژی مرۆڤ بوون. پیرۆزبایی لە سەرجەم بنەماڵەی گیانبەختکردووان و خەڵکی ئێران دەکەم. ژن، ژیان، ئازادی.” هەروەها بەشێک له هاووڵاتیانیش به ئاشکرا سەبارەت بە کوژرانی بکوژی 67 ڕای خۆیان دەربڕیبوو. لەیلا، خوێندکارێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە تاران، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە بەداخەوە نییە بۆ مەرگی ڕەئیسی، “چونکە ناوبراو فەرمانی سەرکوتکردنی ژنانی ئازادپۆشی دەرکرد”. ڕەزا، دوکاندارێکی تەمەن ٤٧ ساڵە لە شاری یەزد، کە بە هۆی ترس لە سەرکوت، ناسنامەی تەواوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، دەڵێت: کێ گرنگی بە جینایەتکارێک دەدات کاتێک دەمرێت؟ 

ئەو دادخوازانەی کە لە بنەڕەتدا پشتبەستوون بە خەبات و خۆڕاگری دایکانی داغدار و بوێر، پێویستە بە بەشێک لە بزووتنەوەی ژنان هەژمار بکرێن. ئەوان دوای مەرگی ڕەئیسی بە لێدوانی بوێرانە و ئاشکرا دژ بە ناوبراو و شاندەکەی یاوەری، نیشانیان دا کە یەکێکن لە هێما درەوشاوەکانی زیندوویی شۆڕشی ژینا. ئەم دادخوازانە سەرەڕای هەڕەشەی توندی کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنییەتی، بە ئاشکرا هێرشیان کردووەتە سەر ڕەئیسی و ئاغاکەی، واتە خامنەیی و وتوویانە کە نە خۆی و نە دام دەزگاکەی زۆر دەوام ناهێنن. ئەم ورەی خەباتکارانەیە، جارێکی تر بە ڕوونی دەریخست کە سەرجەم هەوڵەکانی ڕژیم بۆ زاڵکردنی ترس و تۆقاندن، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە. دادخوازانی کوردستان، جگە لە نیشاندانی بوێری، بەوپەڕی وشیاری سیاسییەوە، قامکیان خستووەتە سەر خاڵێکی لاوازی بنەڕەتی بزووتنەوەی دادخوازی، کە بریتییە لە پرشوبڵاوی و نایەکگرتوویی. ئەوان سەرجەم دادخوازانی دەیەی شەست و ناڕەزایەتییەکانی زستانی ٩٦ و پاییزی ٩٨ و شۆڕشی ژینایان لە سەرتاسەری ئێران بانگهێشت کردووە کە لەپێناو بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیاندا بەشێوەیەکی یەکگرتووانە خەبات بکەن. ئەم بانگەوازە لە بارودۆخی ئێستادا، یەکڕیزی و ڕێکخراو بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و خەباتکارەکان، دەکات بە پێویستییەکی خێرا و هەنووکەیی. ئەم بابەتەش پێکهاتنی ئاڵترناتیڤی جەماوەری و لەخوارەوە لە هەمیشە بەهێزتر دەکات. لەسەر ئەم بەستێنە، پێویستە لەسەر پێویستی یەکڕیزی و لێک نزیکبوونەوەی هەرچی زیاتری بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازەکان، جەخت بکرێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

ڕاگەیەندراوی ژمارە حەڤدەیەمی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

ش مه 25 , 2024
کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز! بەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری بەندکراو لە زیندانی سەقز، پاش بەدواچوونی خێزانی و کومیتەی بەرگری بۆ ناوبراو، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەن، مۆڵەتی چارەسەری پێدرا. دادگای سەقز بە مۆڵەتدانی عوسمان ئیسماعیلی بۆ ئەنجامدانی ئەنژیۆگرافی و بەردەوامی چارەسەری لە دەرەوەی زیندان بۆ […]

You May Like