
پێنجشەممە ٧ی مانگی پووشپه‌ڕ، ساڵوه‌گه‌ڕی جه‌نایه‌تی بۆمبارانی کیمیایی شاری سه‌رده‌شته. كاتژمێر چواری پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٧ی مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاوی، له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی وێڕانكه‌ر و كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراقدا، فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی حكوومه‌تی فاشیستیی به‌عس، له كرده‌وه‌یه‌كی جه‌نایه‌تكارانه‌دا، بۆمبه کیمیاییهكانیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی بێخهبهر و بێدیفاعی چوار ناوچه‌ی شاری سه‌رده‌شت و ده‌ورووبه‌ری، كه هیچ ڕۆڵێكیان له هه‌ڵگیرساندن و درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا نه‌بوو، باراند و كاره‌ساتێكی مرۆییی دیكه‌یان خۆڵقاند. ئه‌م تاوانه خه‌ڵكی كوردستانی داغدار كرد و دڵی هه‌ر مرۆڤێكی ئازادیخوازی وه‌ژان خست.
له جه‌ره‌یانی ئه‌م جه‌نایه‌ته مێژووییه‌دا، پتر له ١٣٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا ۸۰۰۰ کەسیش به‌شێوه‌یه‌كی دڵته‌زێن بریندار و ژه‌هراوی بوون. ئاسه‌وار و دواهاتی ئه‌م كاره‌ساته مرۆییه، هێستاش، پاش تێپه‌ڕینی ساڵیانێكی زۆر، به‌سه‌ر ژیانی برینداره‌كان و بنه‌ماڵه و كه‌س و كاریانه‌وه دیاره و ناچارن له‌گه‌ڵ ئاسه‌واره پڕ له ژان و ئازاره‌كه‌ی ژیان به‌سه‌ر به‌رن و به‌شێک له‌و ژان و ئازاره‌ش بگوازنه‌وه بۆ نه‌سلی دوای خۆیان.
بۆمبارانی کیمیایی سه‌رده‌شت له بواری به‌كارهێنانی جۆری چه‌كی كۆشتاری به‌كۆمه‌ڵ دژبه خه‌ڵكی ئاسایی، له شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراقدا، خاڵێكی وه‌رچه‌رخان به‌ئه‌ژمار ده‌هات. له ساڵه‌كانی پێشتردا ڕژیمی به‌عس چه‌ندین جار، چه‌كی شیمیایی دژبه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌كار هێنابوو. له به‌ره‌كانی شه‌ڕیشدا به شێوه‌ی سنووردار و بۆ تاقیكردنه‌وه، ئه‌م چه‌كه‌ی دژبه سه‌ربازه‌كانی به‌رامبه‌ری به‌كار دێنا. به‌ڵام به‌كارهێنانی چه‌كی کیمیایی دژ به خه‌ڵكی بێدیفاعی شارێک، نیشانه‌ی به‌رینتر بوونه‌وه‌ی پانتایی جه‌نایه‌ت بوو له‌و شه‌ڕه كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌دا. له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه به‌ره‌و ئه‌ملا، ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بوو كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دژبه یه‌كه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رین، له چه‌كی کیمیایی دژبه خه‌ڵكی بێ‌دیفاع كه‌ڵک وه‌رده‌گیرا.
حكوومه‌تی عێراق، چه‌ند مانگ پاش بۆمبارانی کیمیایی سه‌رده‌شت، كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی خوڵقاند كه تێیدا نزیک به ۵ هه‌زار مرۆڤ گیانی خۆیان له‌ده‌ست دا و پتر له ٧ هه‌زار كه‌سیش بریندار و ژه‌هراوی بوون. به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی ئێمپریالیستی و ئه‌وانه‌ی وا ژه‌هر و چه‌كی شیمیاییان به‌م جینایه‌تكارانه ده‌فرۆشت، به پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسیی خۆیان، به نیسبه‌ت ئه‌م كاره‌ساته بێده‌نگ بوون و به‌مجۆره ده‌ستی ڕژیمی به‌عسیان بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته له هه‌ڵه‌بجه، له پانتایه‌كی یه‌كجار ترسناكتردا، ئاواڵه هێشته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له زۆمره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بوون كه پرۆتۆكۆلی “ڕێگری له به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانی چه‌كی شیمیایی”یان له ساڵی ١۹۵٢دا ئاماده و واژۆ كردبوو، به‌ڵام به‌رده‌وام به‌رهه‌م هێنان و فرۆشتنی ئه‌م چه‌كه‌یان درێژه پێدا و درێژه‌شی پێده‌ده‌ن.
كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ئه‌و ٣۷ ساڵه‌ی كه له بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شت تێپه‌ڕ بووه، بێجگه له خۆمه‌زڵووم كردنی ڕیاكارانه و پیرۆز نیشاندانی شه‌ڕی ٨ ساڵه و پاكانه كردن بۆ ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی كه له ماوه‌ی ئه‌م ٨ ساڵه‌دا ئه‌نجامی داوه، هیچ هه‌وڵێكی بۆ ئه‌و هه‌زاران بریندار و كه‌م ئه‌ندامه کیمیایی كراوه نه‌داوه و هێشتاش به‌جێماوانی ئه‌م جینایه‌ته، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی وا له زومره‌ی به‌شی كرێكار و توێژی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگان، له دابینكردنی ده‌وا و ده‌رمان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانیان بێبه‌رین و كۆماری ئیسلامیش هیچ یارمهتتیهكی نه‌داون. ئه‌م ڕژیمه جینایه‌تكاره كه له جه‌رگه‌ی ئه‌م شه‌ڕه دژه مرۆییه‌دا، پادگانه نیزامیه‌كانی له دڵی شاره‌كانی ئێران و له‌وانه شاری سه‌رده‌شت دامه‌زراندبوو، هه‌موو ساڵێک له ڕێوڕه‌سمه فه‌رمایشی و نومایشیهكاندا، له‌م كاره‌ساته به ئامانجی ته‌بلیغاتی كه‌ڵک وه‌رده‌گرێ. به‌ڵام به‌ڕاستی، ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه هیچ بایه‌خێکی نییه، ژیان و چاره‌نووسی به‌جێماوان و قوربانیانه. ئه‌گه‌رچی هۆكار و بڕیارده‌رانی ئه‌م كاره‌ساته ده‌وڵه‌ت و حیزبی به‌عسه كه ڕاسته‌وخۆ له خوڵقاندنیدا ده‌ستان بووه، له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماون و فڕێ دراونه زبڵدانی مێژووه‌وه، به‌ڵام پێویسته به‌رده‌وام جهنایهتكارانێكی دیكه كه له ئێران ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و چی وا له سه‌دام و هاوده‌سته‌كانی كه‌متر نین و هه‌موو ڕۆژێ له پانتاییه‌كی دیكه‌دا له هه‌مان شاری سه‌رده‌شت جه‌نایه‌ت ده‌خوڵقێنن و ڕۆڵه و كه‌س و كاری هه‌ر ئه‌م قوربانیانه‌ی بۆمبارانی کیمیایی له زیندانه‌كاندا ئه‌شكه‌نجه و ئازاریان
ده‌ده‌ن، به شه‌ریكی شه‌ڕی جینایه‌تكارانه‌ی ئێران و عێراق و به‌شه‌ریكی تاوانه‌كانی سه‌دام به حیساب بێنین و پێویسته له‌سه‌ر كورسیی مهحكوومانی جینایه‌ت دژبه مرۆڤایه‌تی، دابندرێن.
خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رتاسه‌ری جیهان و هه‌روه‌ها مێژووش، بۆمبارانی کیمیایی سه‌رده‌شتیان به‌ناوی جهنایهتكارانێكی وه‌ک سه‌دام و هاودهستهكانییهوه تۆمار كردووه و له هه‌مان حاڵیش‌دا ناوی خومه‌ینی و خامنه‌یی و هه‌موو ئه‌و جهنایهتكارهی كه له ده‌سه‌ڵاتدا ماون و ئه‌وكات ته‌پڵی”شه‌ڕ، شه‌ڕ، تا سه‌ركه‌وتنیان” ده‌كوتا و به‌ته‌ما بوون قۆدس له ڕێگه‌ی كه‌ربه‌لاوه فه‌تح بكه‌ن و بارگه و بنه‌ی ڕژیمه كۆنه‌په‌رسته‌كانی هاوشێوه‌ی خۆیان له هه‌موو ناوچه‌كه بڵاوبكه‌نه‌وه، وه‌ک شه‌ریكی ئه‌م تاوانه تۆماریان كردوون.
بێگومان له دواڕۆژی ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه‌دا، لاپه‌ڕه‌یه‌ک له دۆسیه‌ی هه‌زاران لاپه‌ڕه‌یی جه‌نایاتێک كه ئه‌م ڕژیمه ئه‌نجامی داوه، به كۆشتاری به‌كۆمه‌ڵ و مه‌زلوومانه‌ی ئه‌و هه‌زاران مرۆڤه ته‌رخان ده‌كرێت كه له كاره‌ساتی بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شتدا گیانیان به‌ختكرد و یان بریندار و كه‌م ئه‌ندام بوون. به‌ڵام به فرمێسكی درۆیینه ڕشتنی ئه‌مڕۆی سه‌رانی كۆماری ئیسلامی بۆ قوربانیانی كاره‌ساتی بۆمبارانی کیمیایی سه‌رده‌شت، خه‌ڵک له‌بیریان ناچێته‌وه كه خۆمه‌ینی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی شه‌ڕ، ئه‌م شه‌ڕه‌ی به به‌ره‌كه‌تی ئیلاهی و ئاسمانی پێناسه‌ی كرد و چالاكانه بۆ سه‌قامگیر كردنی حكوومه‌تی ئیسلامی به‌كاری هێنا. كۆماری ئیسلامی بۆ تێكشكاندنی شۆڕشی ئێران، بۆ زه‌وت كردنی هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وته دیمۆكراتیكانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ده‌ست هاتبوون، به‌ئامانجی كوشتنی به‌رینی كۆمۆنیسته‌كان و هه‌موو نه‌یارانی و بۆ دامركاندنی هه‌موو داخوازی و چاوه‌ڕوانیه‌كانی سه‌رچاوه گرتوو له شۆڕشی ساڵی ۵۷، به‌ره‌وپیری شه‌ڕ ڕۆیشت.
له ساڵوه‌گه‌ڕی كاره‌ساتی مرۆیی بۆمبارانی کیمیایی شاری سه‌رده‌شتدا، بۆ جارێكی دیكه نه‌فرت و بێزاریی خۆمان له‌و شه‌ڕه كۆنه‌په‌رستانه‌یه و له هۆكار و بڕیارده‌ران و هاوده‌ستانی ئه‌و جینایه‌ته گه‌وره‌یه ده‌رده‌بڕین و یاد و بیره‌وه‌ریی هه‌موو ئەو مرۆڤه بێ دیفاعانه‌ی كه له جه‌ره‌یانی ئه‌م كاره‌ساته‌دا گیانی ئازیزیان له‌ده‌ست دا، به‌رز ڕاده‌گرین.