بەربەرکانی مەرگ و ژیان
نووسین: کانی کەرەم پوور
وەرگێران لە فارسیەوە: زانا سەعیدزادە
لە کونجێکی ئەم تۆپی زەویە، لە شوێنێکی سروشتی و دوور، لە نێوان شاخە بەرزەکانی باڵا بە قەد ئاسمان، ناوچەیەک بە دۆڵ و هەردی جوان، لە ناو دارستانی دار بەڕوەکان،پڕ لە باغ و بێستانی میوە و کانیە پڕ ئاوەکان کە لە نێو دڵی بەردە دڵڕەقەکانی تەمەن هەزار ساڵە دێنەدەر، شوێنێکە بەناو هەورامان.
بەڵێ، باسی هەورامان ئەکەم، هەورامان بە واتای وڵاتی خۆرهەڵاتە، خۆر لەسەر لووتکەکانی ئەهوورایی ئەو هەڵدێت. شوێنی لەدایک بوونی گیا بێ وێنەکان، هەم جوان و خۆش ڕەنگ هەم بە سوود و شەفا بەخش.
چنوور ، بەرزەڵنگ و ١٨ جۆر بۆژانە کە بۆ یەکمجار لە هەورامان بینرا. هەنگەون و ٢٢ جۆر سوورە هەڕاڵە، ٢ جۆر سۆسەن و لووشە(پسڵ) تەنیا بەشێکی بچووک لە گیا و سەوزایەکانی هەورامانن کە زۆربەیان ئێش و ئاززاری زۆربەی مرۆڤەکانی جیهان هێمن ئەکاتەوە.
هەورامان هەموو جوانیەکانی پێکەوە هەیە، جلی جوان و ڕەنگاوڕەنگ، گۆرانی و مۆسیقای شاد و هەست بزوێن و کەش و هەوای خۆش و سرووشت جوان و دڵپەسەند کە خامە و پێنووس لە باسی دادەمێنێت.
ڕەنگە ناوی هەورامان بۆ ئێوە نامۆ نەبێت و بەگوێتان ئاشنا بێت، بەڵام کام لەم تایبەتمەندیە جوانانە وای کردووە کە لەسەر ناوی هەورامان، بخوێنن، بنووسن و بپرسن؟
با من خۆم وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ئەوە ناوی کۆڵبەرە و مەرگە کە جگە لە سرووشتی جوان ئەو ناوچیە، ناوی هەورامانی بۆ ئێوە ئاشنا کردووە.
شاخە و بەفر، مەرگە و مردن کە بووە بە ناوێکی ئاشنا، بەڵام پڕ لەزام و حوزن .
ڕۆژ نیە کە هەواڵی دڵتەزێنی کوژرانی کۆڵبەران لە سەر سنوور نەبیستین. رۆژ نیە کە باوکێک، برا یا منداڵێک و… لە کوێستانی پڕ شاخ و داخ، لە ژێر گەرمای پیاو پروکێن، یا سەرما و بۆررانی ئێسک سووتێن، یان بە فیشەکی دڵڕەقانی خۆفرۆشی کۆماری دواکەوتووی ئیسلامی، نەکوژرێت و بریندار نەبێت.
رژیمی هار و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ناهەوێت و ناتوانێت کە ئیش و کار و حەسانەوە بێنێت بۆ خەڵکی زەحمەت کێش و بریندار بە ئازاری ژیان لە کوردستان، تاکوو خەڵکی کوردستان و تەنانەت باقی شوێنەکانی رۆژئاوای ئێران مەجبوور بن بۆ بەدەس هێنانی پارووە نانێک ڕوو بکەنە سنوورەکانی هەورامان،و بە کۆڵ هەڵگرتنی کەرەستە و بار لە سەر سنوورەوە بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان دابین بکەن و ئەمە ئەو پەڕی تراژدیە .
لەم ساڵانەی دوای دا، ژنانیش بە ناچاری ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری و هەر ڕۆژیش ڕوو لە زیاد کردنە. ژنانێک کە تەنیا دابینکەری بژێو بنەماڵەکانیانن. ئەو ژنانەی کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پیاوان، لەم ڕێگای مەرگانەوە تێدەپەڕن.
بەم حاڵەیشەوە ئەم رژیمە دژە مرۆڤە، ئەم سرووشتە جوانەیان کردووە بە شوێنی کوشتنی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان، بە جۆرێک کە هەر رۆژ و هەر حەفتە، بینەری گیانبەخت کردن یان بریندار بوونی ژمارەیەکی زۆرتر لە کۆڵبەران لە کوردستانین.
بە گوێرەی پێوان و ئاماری ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە ساڵی زایینی ٢٠٢١ دا کۆی گشتی ٢٢١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان سەر بە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنۆی بەفر و سەرما بردووی، تەقینەوی مین بە جێ ماو لە شەڕی ئێران وعێراق، کەوتنە خوار لە بەرزایی شاخەکان و چەن هۆکاری تر کوژراو بریندار بوون.
لەم ژمارە، ٥٤ کۆڵبەر (٢٥٪) گیانیان لەدەس داوەو ١٦٧ کۆڵبەریش (٧٥٪) بریندار بوون، کە ئەمە تراژدیکی ترسانکە کە هەموو ساڵێک دووپات ئەبێتەوە.
پەرەسەندنی بێکاری بووە بە هۆکارێک کە زۆرینەی خەڵک بە ناچار ڕوو بکەنە کۆڵبەری کردن.کۆڵبەرانێک کە جگە لە داهاتی کەم بۆ بژێوی ژیانیان، لەگەڵ ئەستەمی و سەخڵەتی ڕێگا و قورسی کۆڵ لە ناو ساردی و گەرمی ڕێگا و لەبەر بارانی فیشەکی هێزی رژیم و گۆڕەپانی مینی بە جێ ماوەی سەر سنوور ڕوووبەڕوون.
هەرکەسێک کە ناوی کۆڵبەری بیستووە یا کۆڵبەرێکی بینیوە یان خود کۆڵبەری کردووە دەزانێت کە کۆڵبەری شوغڵ و پیشە نیە، ئەمە جۆرێکە لە کۆیلەتی سەردەم کە هاوشێوەی کۆیلەداری سەدەی ناوەندیە، ئەویش لەسەردەمی سەدەی ٢١ دا کە تەکنۆلۆژی بە هەموو پێشکەوتووی و دەسکەوتەکانی لە ئاستێکی بەرزدایە. کۆڵبەری بەربەریەت و کۆیلەتی بۆ سەوداگەرانی و تاجرانی مەرگە. زۆر جار دڵ تەنگ ئەبم. ئەگەر لە هەر شوێنێکی ئەم دوونیایە، ناودارێک و دەوڵەمەندێک، بریندار بێت یا خود گیان لەدەس بدات، کەمپەین و کۆبوونەوەی لە سوشیال میدیا و شەقامەکاندا بۆ ڕێ دەخەن، بەڵام لێرا هەر ڕۆژ مرۆڤەکان یان بریندار دەبن و پارچەیەک لە لەشیان لەدەس ئەدەن یان بۆ هەمیشە ماڵ ئاوایی لە ژیان و ئەم دونیا نایەکسانە بەڵام جوانە دەکەن و لەبێدەنگی دا بە خاکی سارد ئەسپەردە دەکرێن.
ڕەنگە ئەوەندە ئەم تراژدیە دووپات بووەتەوە کە بۆ ئێمەش بووە بە ڕووداوێکی ئاسایی.
ئەم سرووشتە جوانەو ئەم شاخە سەربەرزانە، ئەم چەم و چاوەکانیە پڕ لە ئاوانە ئایا سەرنجی کۆڵبەرانیش بە خۆی ڕادەکێشێت، یان مەجالی چێژیان لەم سرووشتە نیە؟ یا خود ئەوان بە درێژایی ڕێگا بیر لە مەرگ و تەقەی ناغافڵی هێزە دڕندەکانی ڕژیم و فیشکی سوربی ئەوان ئەکەن و هیچ کات مەجالی هەناسەیەک لە بۆنی گوڵ و عەتری بێ وێنە گژ و گیای کوێستانەکان ناکەن.
سەربازەکانی رژیم هەر مەجالێکیان لە کۆڵبەڕانێک کە گیان لەسەر دەس بۆ نان لەدڵی ڕێگای کوێستانیان داوە دەسێنن. تەنانەت دوا کوشتنی کۆڵبەران ڕەحم بە بارەکان و قاتر و ئەسپەکانیشیان ناکەن. بار لەگەڵ خۆ دەبن و ئەسپ و بارهەڵگریش دەکوژن.
ئەم سرووشتە بێ وێنەیە کە چیژ و هێمنی بە هەموو مرۆڤەکان دەدات بەڵام لە ئاکامی دڕندەی و گەندەڵی بەرپرسانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە شوێنی سام و ترس و مەرگ بۆ کۆڵبەران.
ئەبێت کارێک بکرێت، ئەبێت شۆڕشێک بەرپا بکرێت و ڕێبازی خەبات بگرینە بەر.ئەبێت مەجالێک بۆ ژیان ببینەوە و مەجالێک بۆ بینین و هەناسەدان.مەجالێک بۆ حەسانەوەو خۆشویستن و ئازیز بوون.
ئەم ژیانە بەشی هەموومانە و و ئەبێت بکووژانەی ژیان لەناو ببەین.
پرسیار ئەمەیە کە ئایا لە کۆتاییدا، ئەوە خۆڕاگریە سیحراویەکەی هەورامانە لە بەرامبەر ئەم هەموو ڕەنجە ناچار بە کرنۆش ئەبێت یا هەموو ئەم دەرد و ڕەنجانن کە لە بەرامبەر ئەم خۆراگیریە ناچار بە کرنۆش ئەبێت؟