سنووری ئێران و عێراق: کۆڵبەری کۆلنەدەر- لۆئێز و هەتاو

سنووری ئێران و عێراق: کۆڵبەری کۆلنەدەر

لوئێز و هەتاو

وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە: کۆمەڵێک خوێندکاری مەریوان

بەپێی بۆچوونێکی زاڵ بۆ ئەوەی باس لە نایەکسانی و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی بکرێ دەبێ هەر بە تەنها باس لە فۆرمی پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگا بکرێ کە چۆن و بە چ شێوازێک نایەکسانی وەک دۆخی باو پەرە پێ دەدا و دووبارە بەرهەمی دێنێ. نەهێشتنی نایەکسانی لەم روانگە گرێ دراوە بە رووخاندن و گۆرینی ئەو دام‌و‌دەزگا و چوارچێوە زاڵە کە هۆی بەردەوامی و دووبارە بوونەوەی نایەکسانین. ئەم بۆچوونە بە شێوازێکی پێکهاتەیی و گشتی باس لە کێشەکانی کۆمەڵگا دەکا. بۆیە بە پێویستی نازانێ کە گوێبیستی ئەو کەسانە بێت کە ئازارو و رەنجێکی تایبەت بە هۆی شێوە ژیانێکی تایبەت دەچێژن. لێرەدا چیرۆک و گێرانەوە و رەنجی مرۆڤەکان وەک بنەمایەک بو داڕشتنی شرۆڤە و لێکدانەوەی کۆی دۆخەکە چاو لێ ناکرێ. ئەمە تا رادەیەک درووستە ئەگەر رەنج کێشان نەبێتە هۆی هیچ هۆشیارییەکی سیاسی و داخوازییەک لە دەسەڵات.
بەڵام ئەگەر بمانەوێ لێکدانەوەی دۆخی ئێستە نامۆ بە راستی ئەوەی کە لە کۆمەڵگا روو دەدات نەبێ، ناکرێ بە دیسکۆرس و تیئۆری نامۆ بە ژیان و ئازاری مرۆڤەکان هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی گشتی بکرێ. ناوەرۆکی تیئۆری و هەلسەنگاندن بە گوێ گرتن و بیستنی گێڕانەوەی رەنج لە لایەن ئەوانەی تووشی دەبن دەوڵەمەند دەبێ و ئەوانەی بەدەست نایەکسانی و ناعەدالەتی دەنالێنن دەتوانن خۆیان لەوێ ببینن.
کۆڵبەری ئەو ئیشە دژوار و پرمەترسییە، دەکرێ لە زۆر لایەنی جیاواز لێکدانەوی بۆ بکرێ. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ سەرەتا گوێ لە چیرۆک و گێرانەوەی بێ‌بەشان و رەنجبەران بگرین. بۆیە هەوڵ ئەدەین بە گوێ گرتن بۆ چیرۆک و دیتنی ژیانی کۆلبەران هوشیاری و تێگەیشتنی بەرزی کۆلبەران باشتر فام بکەین.
لەگەڵ ئەم پێشەکیەدا، هێشتا پرسیارەکەمان پرسیارێکی کراوەیە کە دەبێ هەر خوێنەرێک لەگەڵ ئەم پرسە ڕووبەڕوو بکاتەوە، لە چە دۆخێک‌دا و لەبەر چی ژمارێکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی کوردستان لەڕووی ناچارییەوە گیانیان دەخەنە مەترسیەوە بۆ تیکەیە نان‌؟
بەڕوونی دیارە ڕووداوی گیان‌بەختکردنی فەرهادی 14 ساڵان و برا ١٧ ساڵانەکەی لە شاخە سەختەکانی هورامان تەنیا یەکێک لە تراژدییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆڵبەریە کە کەوتووتە بەرچاوی هەمووان و لەوانەیە دوای ماوەیەکی کورت هەموومان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆمان. بەڵام ئەوەی کە نابێت لەبیری بکەین ئەوەیە کە دوای ئەم تراژدییە چیدی هیچ شتێک وەکوو خۆی نەماوە. دەبێ بزانین لە ئێستا بە دواوە ڕەنگدانەوەی ئەم تراژدییە لەسەر ژیانی ئاساییمان چۆنە و هەڵویستمان بەرانبەر بەم دۆخە پڕ لە نادادپەروەریە چۆن دەبێت.
ئێمە چەند خوێندکارێکی مەریوان بڕیاری وەرگێڕانی ئەم وتارەمان بە کوردی و ئینگلیسی دا بە مەبەستی خستنەتیشکێک لەسەر دۆخی کۆڵبەرانی کۆڵنەدەر لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش. لە راستیدا دەکرێ لە ناوەرۆکی چیرۆک و گێرانەوە لای کۆڵبەران، فۆرمێک لە بەرگری و شێوازگەڵێک لە ئیستراتژی بەگژداچوونەوەی سیستم ببینرێ. بۆ وێنە شێوازی گێراونە لای کۆڵبەران زۆر جیاوازە لە گێرانەوەی فەرمی کە دەسەڵات دەیەوێ پیشانی بدات. خاوەنی ئەو چیرۆکانە زۆر بە جوانی دەری دەخەن کە رەنج و ئازاریان گرێدراوە بە ویست و داخوازی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. ئەوان هوشیاری و ئاگاهی خۆیان لە کۆی دۆخی ئێستا لە تۆی قسەکانیان دەر دەخەن.

سنووری ئێران و عێراق: کۆڵبەری کۆلنەدەر

دیسه‌مبه‌ری 2019: لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئایینیی ئێران، جۆرێكی زۆر توند‌وتیژ، بەردەوامە لە سەرکوتكردنی خۆپیشاندانی خەڵک و ئەو ناڕەزایەتییانه‌ی مانگی دیسه‌مبه‌ر، نە هه‌ر دژ بە گرانی، بەڵکو دژ كۆی ڕژیم دەستی پێ کرد، مێرمنداڵێک بە مردوویی لە ناو بەفردا دۆزرایەوە: فەرهاد، چواردە ساڵان، کۆڵبەر.
کۆڵبەر؟ ئەمە ناوێکە بۆ ئەوانه‌ی بە گواستنەوەی شتو‌مەک‌، بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانیان سنوورەکان دەبەزێنن. زۆربەی کۆڵبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین. لە‌ کاتێکدا زۆرینەیان پیاون، ژنانیش بڕێكی که‌می کۆڵبەران پێک دێنن. کۆڵبەری بژاردەی ئەو کەسانەیە كه‌ هیچ سەرچاوەیەکی تری داهات شک نابەن، کارێکی پڕمەترسی و پەراوێزی، کە خه‌ریكه‌ ببێته‌ كاری كۆی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ده‌رفه‌تی دیكه‌ی ژیانی به‌ ڕوودا داخراوه‌. ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی دوو سەفەره‌ کە ئەمساڵ بۆ ناوچەکە کراوە.
هەشت بۆ دە میلیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەژین کە  زۆربه‌یان ژیانێکی دژوار بەسەر دەبەن. سەرباری سەرکوتی بێبەزەییانەی هەر جۆرە ناڕەزایەتییه‌كی سیاسی و هەر داخوازییەک کە پێوەندیی بە شوناسی کوردییه‌وه‌ هه‌بێت، ڕژیمی ئێران بە ئەنقەست گەشەی ئابووریی ناوچەکەکە بەرتەسک دەکاتەوە. بۆ وێنە، ‌بێبەشکردنی پیشەسازیبوونه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردییه‌كان. بێکاری لە ناوچەکە به‌ربڵاو و هه‌مه‌گیره‌. ئەگەرچی زۆر دژوارە زانیاری و داتای دروست دەست بخرێ، به‌ڵام ئەو چالاکڤانانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە، باس لە ڕێژەی زۆری بێکاری دەکەن. بەراورد به‌ داتاکانی دیکە، قەیرانی ئابووری لە ناوچەکە بە ڕوونی دەردەکەوێ. بو وێنە، دانیشتوانی ڕۆژهەڵات  دە بۆ سێزدە لە سەدی جەماوەری ئێران پێک دێنن، بەڵام بە تەنها لە نزیکەی پێنج لە سەدی بەرهەمهێنانی ناوخۆ (GDP) بەشدارن.

ئەو کێوانەی کوردستان لە نێوان ئێران و ئێراقدا دابەش دەکەن، دەرفەتی شێوازێکی جیاواز لە هاتوچۆ لە باری بنەماڵەیی، سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێنن. بۆ بەشێکی زۆری دانیشتوانی ڕۆژهەڵات، کاروکاسبیی سەر سنوور تاکە بەدیل و جێگرەوەی ئابوورییە کە بۆیان مابێته‌وه‌.
لە سەر پشتی مرۆڤ یان وڵاخ، بار و کەلوپەلی جۆراوجۆر ده‌گوێزرێنه‌وه‌. لە دایبیی مناڵه‌وه‌ بگرە تا کەلو‌پەلی ناوماڵ، چایی، جلوبەرگ، پەتوو، تایەری ماشین و… هەروەها ئەو بەرهەمانەی کە لە ئێران قەدەغەن، وەک دیشی سەتەلایت و مەشرووب، هاوردەی ئێران دەکرێن. بە پێچەوانەوه‌، سووتەمەنی کە تا دروستبوونی قەیرانی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩ لە ئێران زۆر هەرزان بوو، بە قاچاخ بۆ ئێراق دەبرێ.

کورد: ‌ په‌راوێزخستن و هه‌ژاراندن
دواکەوتوویی ئابووریی ناوچە کوردییەکانی ئێران بووەتە هۆی ڕێژەیه‌كی زۆری جێهێشتنی گوندەکان و چۆڵبوونیان لە گەنجەکان. ئەوان بۆ دۆزینەوەی کار ڕوو دەکەنە دەرەوەی ناوچە کوردییەکان و دەچن بۆ ئەو ناوچانەی لە بواری سەنعەت و پیشەسازییه‌وه‌ لە ئێراندا پێشکەوتوون. ژمارەی ئەو کوردانەی کە وەک کرێکار لە ناوچەکانی دیکەی ئێران کار دەکەن، زۆر لە ژمارەی کۆڵبەرانی کورد زیاترە. جەمیل، چالاکڤانێکی ژینگەپارێز، دەڵێت: “خەڵکانێک کە کۆڵبەری هەڵدەبژێرن، توانای دۆزینەوەی کاریان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران نییە، یان لەبەر بارودۆخی بنەماڵەکانیان ناتوانن کۆچ بکەن.”
جەمیل و باوکی، وەک خەڵکانی دیکەی ناوچەکە، کۆڵبەری دەکەن. جەمیل دەڵێت « وەختێ بیر لە کۆڵبەری ئەکەمۆ، یەکەم شت هەستی پێ ئەکەم، خەم و پەژارەیە. دۆخی سیاسی و ئابووریی ئیسەی وڵات، کە ئێمە ناچار ئەکا ئەم کارە هەڵبژێرین، تووڕەم ئەکا.”
کۆڵبەری دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 57 دەرکەوت. لەو کاتەی کە خواردنەوه‌ کحوولییەکان لە ئێران قەدەغە کران و دوای ئەوە لە ڕێگەی کۆڵبەرییه‌وه‌ هاوردەی ناوخۆ دەکران. ئەم کارە کاسبییەکی پڕ سوود و قازانج بوو.
ئه‌و سنووره‌ جوگرافییه‌ی کە لە نێوان کێوە بەرزەکانی زاگرۆس کێشراوە، چاودێریکردنی زۆر ئەستەم کردووە و ئەمە هۆی پەرەسەندنی کاری قاچاغە. لە کۆتایی شەڕی کەنداو و دروستبوونی هەرێمێکی کوردیی سەربەخۆ لە ئێراق لە ساڵی 1991ـه‌وه‌ مامەڵە و قاچاغی شتو‌مەک پەرە دەستێنێ. جەمیل بەردەوام دەبێ: «لە ناوخۆی ئێران داخوازی بۆ بەرهەمی دەرەکی زۆرە، لەبەر ئەوەی بەرهەمی ئێرانی کواڵیتەی باشیان نییە. ئەم بازاڕە لە 1991 دەستی پێ کرد، بەڵام لە ساڵەکانی 1996-1997 زۆر پەرەی سەند و ئەو کات زۆر ئاسان بوو. کاتێک کە حکومەت لەگەڵ کۆڵبەری ڕووبەروو بوو، بڕیاری دا کۆڵبەری لە جێگەی تایبەت بۆ مەبەستی چاودێری سنووردار بکات. حکومەت لە نێو دانیشتوانی گوندە سنوورییەکان، بەو مەرجەی ماوەی سێ ساڵ لەوێ ژیابن، لە نێوان 17 تا 20 هەزار کارتی ئێلیکترۆنیی دابەش کرد. ئەم شێوازە فەرمییە لە کۆڵبەری بەردەوام و هەمیشەیی نەبوو، بەڵکو ناوەناوە بوو و هەرچەند ماوە جارێک سەرەی کەسێک دەکەوت. بۆیە بەشی دابینکردنی بژێویی ژیانی نەدەکرد. ئێستا ژمارەی بێکاران زۆرە و ئەمانە وه‌ڵامن بۆ ئەو پرسیارە کە بۆچی کۆڵبەری تەنانەت ئەگەر داهات و حاسلێکی ئەوتۆی نەبێ، زۆربەی خەڵک هێشتا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی.”


حەسەن بە ڕیشێکی پڕ و ناوشانێکی پانه‌وه‌ تەمەنی سی ساڵە و هۆگری سینەمایە. ئەو ئێستا لە کافەیەکی کولتووری لە شارێکی ڕۆژهەڵات کار دەکات. پێشتر کۆڵبەر بووە. هەر وەک خۆی دەڵێ، فشاری ئابووری و کونجکۆڵی هانیان داوە کۆڵبەری بکات. ئەو دەڵێ: “لەبەر ئەوەی قەرزبار بووم، دەستم کرد بە کۆڵبەری. گوشاری دارایی دژوارە. خەڵک دەیانوت هەر شەوێک دەتوانی لە سنوور پانسەد هەزار تمەن پەیدا بکەیت. تۆ لەوانە وا ئەچن بۆ کۆڵبەری، کەمتر و لاوازتر نیت. من کە تا ئەو کات وڵاخداریم نەکردبوو، بڕیارم دا بڕۆم بۆ سەر سنوور.”   فارووق  سیوچوار ساڵی تەمەن بوو و زۆر پیرتر لەو تەمەنە دەرئەکەوت، لە لێژایی شاخێکی سەهۆڵبەستوو لە ناو بەفردا تا ئاستی شانی نوقم بوو. ئەو بە وڵاخێکه‌وه‌ لە کەشێکی سارد و لە ژێر ئاسمانی پڕ لە هەوری ڕەشی سامناکدا بە دوای باردا هاتبوو بۆ تەوێڵە لە نێو خاکی عێراق. فاروق دەلێ:” ئێمە کارێکی دیکەمان نییە و کۆڵبەری هەڵبژاردە و ویستی خۆمان نییە، بەڵکو ناچارین. من دەبێ بژێویی ژیانی پێنج کەس دابین کەم. بۆ وێنە، ئەگەر ئازاد بوومایە لە هەڵبژاردن، پێم خۆش بوو دوکانێکم بێت و نزیکی بنەماڵەکەم بم. بەڵام کاتێک هیچ بژاردەیەکی تر نییە ناچاری. وا نییە؟”

لە ناوچەی هەورامان کە بە بۆنەی گوندی پلیکانی بە داوێنی چیا بەرزەکانه‌وه‌ ناسراوە، شوێنی هاتوچۆی کۆڵبەر بۆ کەس شاراوە نییە. لە سەر کێوی تەتە چایخانەکان لە ڕۆژانی هەینیدا میوانداریی دەیان خێزان دەکەن کە بۆ چێژبینین لە دیمەنی کوێستان و بەسەربردنی كات ڕوو لەو شوێنە دەکەن. بەڵام لە ڕۆژانی دیکەدا ڕێژەیەکی کەمی ڕێبوار بە هەڵکەوت لەوێ لائەدەن و لەگەڵ خواردنی کەباب، سەرسامی دیمەنەکان دەبن.
 خەڵکانێک بە جلی کوردییه‌وه‌ بە دەوری چایخانەکەوەن. سەریان لە ناو مۆبایلەکانیاندایە و لەسەر یەک چایی دەخۆنه‌وه‌. یەکێ لەوان تووڕە دەبێ. ئێمە کە گوێمان گرتووە، تێ دەگەین هۆی تووڕەیی ئەو کەسە ڕێگری لە هاتنی باره‌ لە دیوی عێراقەوه‌. لە پێش ئێمە توولەڕێیەک بە نهێنی ڕێگەی خۆی لە نێو شاخە بەردینەکانه‌وه‌ دەبڕێ. ماشینێک کە هێشتا ڕۆشن بوو، لەوێ وەستا و پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییه‌وه‌ لێی دابەزی، هەندێ کیسەی پلاستیکی یان پارچەی بە پشتەوە بوو. ئەوانە بە خێرایی ڕێ دەکەوتن و بە پەلە‌‌پەل بە نێو داڵانێكدا ڕوو بە عێراق دەچوون. لەناکاو دەنگی  ڕادیۆمان بیس.  پاسەوانەکانی سنوور بە کڵاو و جڵوبەرگی خاکی و چەکبە‌دەست لە سەر لێواری بەردێکه‌وه‌ دەرکەوتن. بەڵام زۆر درەنگ هاتن. کۆڵبەرەکان تازە زۆر دوور کەوتبوونه‌وه‌. ئەوان تاکو تاریک نەکات، بە کۆڵەکانی سەر شانیانه‌وه‌ ناگەڕێنه‌وه‌.

کاری کۆڵبەری زۆر بە وردی پلانی بۆ دارێژراوە و گرینگیی پێ دراوە. باران کە بە باشی ناوچەکە دەناسێ، بە رێکەوت و بۆ ئەوەی یارمەتیی کۆڵبەرێکی دۆستی بدات، ڕووی لەم کارە کردووە و وەک خۆی دەڵێ، هەموو پلەکانی تێ پەڕاندووە و ئێستا سەرپەرشتیی بار دەکات. باران دەڵێ:
“چەند ئاستێکی جیاواز هەیە کە بریتین لە کۆڵبەر، وڵاخدار، چاودێر و شۆفیر. هەموو ئەم کارانە مەترسیدارن و یاریکردنن لەگەڵ مردن. هەروەها ئەمبار و بارخانە هەیە. من هەموو ئەم پۆست و پلانەم تێ پەڕاندووە. ئێستا بەرپرسیاری ڕێکخستن و هاورده‌ی بارم. بارەکان دەبەن بۆ ئەو شوێنەی ئێمە کۆڵبەر و وڵاخدار ئەنێرین بۆ ئەوێ. داهاتی کۆڵبەری زۆر ئاستەم بەشی ژیان و گوزەران ئەکا.”
حەسەن ئێمەی دڵنیا کرده‌وه‌ کە کۆڵبەر کەمترین حەقدەست و پارە وەردەگرێ، لە کاتێكدا ڕووبەرووی زۆرترین دژواری، ماندوێتی و مەترسی دەبێتەوە. بۆ ئەوەی بەشی خورد و خۆراکی خۆت دابین بکەیت، ناچاری هەموو ڕۆژێ بڕۆی بۆ کۆڵبەری… لە ئێستادا نەوەد لە سەدی جەماوەری ئێمە بوون بە کۆڵبەر. لە هەر سەفەرێکدا دووسەد هەزار تمەن، تۆزێ زیاتر لە چوارده‌ یۆرۆ، داهاتی کۆڵبەرە. ده‌هەزار تمەن لەم پارەیه‌ لە ڕێگادا سەرف دەبێ کە زۆرتر بۆ کڕینی خۆراکە. سیهەزار تمەن پێویستە بۆ کرێ ماشین تا بگاتە شوێنی کارەکەی.
لە ناو بەشی عێراق لە تەوێڵەدا، سەرمەند سەپەرشتیی بارکردنی وڵاخەکان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ئێران دەکات… ئەو دەڵێ “ئەو کاتانەی کەشوهەوا لەبار بووە، زیاتر لە دووهەزار کەسم دیوە کە ڕۆژانە لەو سنوورە تێ ئەپەڕن. هەندێ کات بەفر و باران چوونەسەر ئاستەم دەکه‌ن. خەڵکانێک لە ڕۆژدا پێنج جار ئەمدیو و ئەودیو ئەکەن و کەسانێكی تر سێ جار یان کەمتر.”
حەسەن دەڵێ: “ئەگەر ئێوە سەیری تەتە بکەن، ڕیزی کۆڵبەران لەو شاخە وەک مێرووی بچووک دێنە بەر چاو. هەندێ کات زیاتر لە هەزاران کەس و لە هەموو تەمەنێک بە ڕێگەوەن. لەگەڵ ئێمە باوکێک و دوو کوڕەکەی هەبوون. خۆی کۆڵبەر بوو و کوڕەکانیشی وڵاخدار بوون. ساڵی پێشوو کە سنوور تا ڕادەیەک کراوەتر بوو، 150 وڵاخمان لە یەک ڕیز دەدی. ئێمە دەبوو بە خێرایی ڕێ بکەوین.” باران دەڵێت: “هەموو کەس دەزانێ لەو ناوچەیه‌ کۆڵبەری دەکرێ. هەروەها هەموو ئەو کەسانە یان پێشتر کۆڵبەر بوونە  یان … ئەم بەیانییە کۆڵبەرێکی 67 ساڵانم بوو. ڕیشی سپی بوو. دوو جار لە ڕۆژدا کۆڵی ئەهاورد بۆ ئەوەی له‌باتیی دووسەد هەزار تمەن، چوارسەد هەزاری دەس کەوێ. لەبەر ئەوەی بێکار و خێزاندار بوو و بۆ خۆراک پێویستی بە پارە بوو.” ژیان ژنێکی کۆڵبەرە کە تەمەنی لە 60 ساڵ نزیک دەبێتەوە و لەتەک کچەکەی لە ناو مەڵبەندی شارێکی ڕۆژهەڵاتدا دەژی. دروشمێک لە سەر دیوار بەرهەڵستی بۆ ڕژیم پیشان دەدات. ژیان لە ساڵی 1990  دوایی ئەوەی هاوژینەکەی کە پێشمەرگەی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان بووە لە لایەن هێزەکانی ڕژیم کوژرا، دەستی کردووە بە کۆڵبەری. سەرەتا دوودڵ بوو قسه‌ بكات یان نا، لەبەر ئەوەی ترسی لە سزا و تۆڵە بوو. دوای دوودڵی و گومانێکی زۆر، وتی: “شەش ساڵ کۆڵبەریم کردووە. هەندێ کات منداڵەکانم لەتەک خۆمدا ئەبرد. هێزەکانی سەر سنوور لەبەر بەزەییهاتنه‌وه‌ بە مناڵەکان، دەرفەتی پەڕینەوەیان بە ئێمە ئەدا. ئێمە دە بۆ پانزە ژن ئەبووین. ئەوانیش مناڵەکانیان ئەهاورد. من ڕۆژێ سێ جار سەردانی سنوورم ئەکرد. ناچار بووم کۆڵبەری بکەم. زۆر بێزار بووم و ئازار ئەچێژم.” ژیان، بەردەوام بوو لە باسی بارودۆخی زۆر دژواری ژیانی کۆڵبەری، بۆ وێنە، باسی ئێوارەیەکی کرد کە ته‌لەڤێزیۆنێكی گەورە بە کۆڵیەوە بووە و کەوتووە. ئەگەر کۆڵبەرەکانی هاوڕێی ڕزگاریان نەکردایە، لە ژێر ئەو بارەدا دەخنکا. “لە سەرەتادا، کوڕەکانم لەتەک خۆم ئەبرد و بە هەر یەکیان پێنج کیلۆ چایی وشکم ئەدا. ئەوان 11 و 12 ساڵان بوون. ئاخر چی بێژم؟ هەموو بیرەوەریی من پڕە لە پەژارە و بێبەختی. من کۆڵبەریم کرد کە مناڵەکانم بژین.”

بەرژەوەندیی سەرمایەدار
بە هۆی توندکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمه‌ریکا لەسەر ئێران، نەک هەر دەوڵەتی ئێران، بەڵکو بازرگانەکان (هێندێ جار بازرگانە کوردەکان)، کە لە ڕێگای ڕەنج و زەحمەتی کۆڵبەرانەوە خۆیان دەوڵەمەند دەکەن، نایانەوێت ئەم چەشنە کارە کۆتایی بێت. کۆڵبەری بەشێکی سەرەکی لە هاوردەکان بۆ کۆمەڵگای مەسرەفی پێک دێنێت، هەروەها کە جەمیل بۆمان ڕوون دەکاتەوە: “دەوڵەتی ئێران گومرکێکی زۆر لەسەر شتومەک دادەنێت. بۆیە هاوردەکردنی شتومەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە سنوورەوە و بە دەستی کۆڵبەرەکان قازانجی زۆرتری هەم بۆ بازرگانەکان و هەم بۆ کڕیارەکان هه‌یه‌. سێ ساڵ پێش ئێستا، نرخی بەستەیەکی دایپری پرایما 19000 تمەن بوو. کاتێک گەمارۆکان سەرلەنوێ دەسیان پێ کردەوە و سنوور داخرا، نرخی ئەو بەستەیە گەیشتە 60000 تمەن، تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار گەیشتە 150000 تمەن. هەروەها چۆنێتیی شتومەکان متمانەی پێ ناکرێت: بۆ نموونە، زۆربەی دایپرەکانی به‌رهه‌می ئێران، باش نین و بڕێک لە منداڵان ئالێرژییان بەو دایپرانە هەیە، لەبەر ئەوە شتومەکی به‌رهه‌می ئێران کڕیاری زۆریان نییە.”
“ئەمە خاڵێکی سەرەکیی کاری کۆڵبەرانە. خەڵک لە هەموو شوێنێکی ئێرانەوە دێن بۆ کڕینی ئەو شتومەکەی کۆڵبەرەکان دەیهێنن بۆ ناو بازاڕە مۆدێرنەکان. “
باران دەڵێت: “ئەمە زنجیرەیەکە. بازرگان لە تاران، شیراز و ئێسفەهانەوە دێت بۆ ئێرە: ئەو شتومەکه‌كانی خۆی بە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێگای ئینته‌رنێتەوە لە عەمان، چین، دۆبەی یان هەر شوێنێکی دیکە ئەکڕێت، دەیانگوازێتەوە بۆ سەر سنوور و لەوێدا ئێمە بەرپرسایەتیی شتومەک لە ئەستۆ ئەگرین: شتومەک ئەهێنرێتەوە بۆ مەریوان و لە مەریوانەوە بەرەو شارە گەورەکان دەنێررێت و بڵاو ئەكرێتەوە. سەرمایەدارەکان و دەوڵەمەندەکان، ئەوانن کە لە کاری کۆڵبەری قازانج  وەرئەگرن و بەرژەوەندییەکە بۆ ئەوان ئەبێت. هەموو کۆڵبەرەکان بۆ ئەم سیستمە کار دەکەن.” ئەو سیستمەی کە کۆڵبەرەکان تێک دەشکێنێت، تا ئەو ڕادەیە کە کۆڵبەرەکان دەکاتە بەرپرسی شتومەکی گوێزراوه، هەروەها کە ژیان پێمان دەڵێت: “ئێمە مەجبوور بووین بەقەد بایەخی ئه‌و شتومەکه‌ی کە ئەمانگواستەوە، پارە بدەین. ئەگەر دەوڵەت ئێمەی بگرتایەت، هەموو شتێکمان لە‌ کیس ئەچوو و خاوەن بار پارەکەی ئێمەی بۆ خۆی هەڵئەگرت.”
دوای دوو سه‌عات لێخوڕین لە مەریوانەوە گەیشتینە بانە، شارێک پڕ لە خانووبەره‌ی بێتۆنی و خانووبەره‌ی نوێ. بانە یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی کاری کۆڵبەرییە. خەڵک لە هەموو شوێنێکی ئێرانەوە دێن بۆ کڕینی ئه‌و شتو‌مه‌که‌ی‌ کۆڵبەرەکان دەیهێنن بۆ ناو بازاڕە مۆدیڕنەکان. شتەکان لە هەموو شوێنێک دانراون، لە کەناری شەقامەکان هەتا پشتی شووشەی دوکانەکان. بانە شارێکی دەوڵەمەندە: ئەمە بە هۆی بوونی ئه‌و بازرگانانه‌ی كه‌ کاری ڕێکخستنی مامەڵەکان بە ڕێوە دەبه‌ن. لە ناو شاری بانەدا دەتوانین ئەو بازرگانانە ببینین کە ماشێنگەلێکی بەهەیبەت و مۆدێلبەرز  لێ دەخوڕن. ئەمە ناکۆکیی هەیە لەگەڵ مۆدێڵە خوارەکانی پژۆ یان سایپا، کە خەڵکانی دیکە بەکاریان دەبەن. زانیار یەکێکه‌ لەوانە. زانیار پاش خوێندنی ئینگلیسی، چەند ساڵێکی لە چین گوزەراندووە  بۆ دروستکردنی “تۆڕێک لە پەیوەندییەکان”. ئەو ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و کۆمپانیایەکی دامەزراندووە بۆ هاوردەکردنی شتو‌مەک لە چینه‌وه‌. بە‌بێ‌ خەم و پەژارە پێمان دەڵێت چاوەڕێی ئەو کاتەیە پارەیەکی بە ڕادەی پێویست کۆ بکاتەوە و بتوانێت ئێران بەجێ بهێڵێت. زانیار داهاتی مانگانەی خۆی لە نێوان 3000 تا 4000 دۆلار دەنرخێنێت – ئەمە پارەیەکی زۆرە، لە کاتێکدا مووچەی زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ لە 200 دۆلار کەمترە. زانیار لە ڕێگای پەیوەندییە لۆکاڵەکانیه‌وه‌، لە چین شتومەک دەکڕێت، ئەو شتومەکە لە ڕێگای زەریاوە بۆ بەندەرەکانی باشووری عێراق و دواتر لە ڕێگای ماشێنە بارییەکانەوە بۆ ناوچەی سەربەخۆی کوردستانی عێراق دەگوازێتەوە. پاش‌ ئەوە، زانیار کۆڵبەرەکان بە کرێ دەگرێت بۆ ئەوەی بارەکەی بگوازنەوە بۆ ناو ئێران. ئەو بەبێ شەرم ئەو گریمانەیە لەبەرچاو دەگرێت کە بەرتیل بداتە ئەفسەرەکان و بڕێک لە کاربەدەستانی تایبەت بۆ زەمانەتی گواستنه‌وه‌ی شتومەکەکان بۆ ئێران. ڕێککەوتنە داراییە به‌ زۆری ئاڵۆزه‌كانی لەگەڵ عێراق (ئەو شوێنەی کە بۆ مامه‌ڵەکان دۆلار پێویستە)، ڕێگایەک دەکاتەوە بۆ دەرچوون لە گەمارۆکانی ئەمه‌ریکا.

دۆخی ئاوارتە
ڕێگای سەفەری کۆڵبەران پڕه‌ لە مەترسی. دەسپێکی سەفەر پیاسەیەکی درێژ و دژوارە کە بە هۆی سەرمای شەختەبەند لە زستان، قوڕ و لیتە لە بەهار و پاییز و خۆرەتاوی سووتێنەر لە هاویندا دژوارتر دەبێته‌وه‌. ئاپۆ لە دەیەی شەشەمی تەمەنیدایە و خەڵکی دێهاتێکی نزیکی بانەیە. ئاپۆ پیاوێکی کز و لاوازه‌ بە جلوبەرگی کوردی و نیگایەکی هەستیارەوە لە پشت چاویلکە خڕەکانیەوە. ئه‌و‌ پێمان دەڵێت: “پێشتر، ژمارەی کۆڵبەران زۆرتر بوو. لە بڕێک لە شوێنە‌کان، جادە زۆر باریک و بەرتەسک، سەرەوخوار و پڕمەترسییە، بە شێوەیەک کە هاوکات تەنها یەک نەفەر دەتوانێت لەو ڕێگایەوە ڕەت بێت. هێندێ جار کۆڵبەرەکان ئەکەون بەسەر یەکتردا، سەریان، دەستیان یان پێیان دەشکێت. بڕێک لەوان ئێستا نوقسان و پەککەوته‌ن. لە ماوەی بارانی بەهاردا، ئاوی چەمەکان دەگاتە نێوقەدی مرۆ. کۆڵبەرەکان  مەجبوورن بە بارێکی هه‌ندێ جار 100 کیلۆییه‌وه ئەو چەمانە ببڕن.”
بەڵام مەترسییەکان تەنها پەیوەندییان بە تایبەتمەندییە سروشتییەکانەوە نییە: سنوور و ناوچەکانی دەوروبەری بە تەواوی میلیتاریزە کراون. لە بەشی سەر بە ئێراندا، پاسگاکان و بورجەکانی چاودێری لە سەر لوتکەی کێوەکان، لە مەوداگەلێکی دیاریکراودا دروست کراون: جادەکان بە خەتێکی باریک کێشراون و ئیمکانی دەستێوەردانی خێرا و دەستبەجێ ئەبەخشنە پاسەوانەکانی سەر سنوور
حەسەن پێمان دەڵێت: “ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دارستانی ناوچەکەی لەناو بردووە.”  ئەوان بورجی چاودێرییان دروست کردووە، بە شێوەیەک، کە دەتوانن جووڵەی مێروولەیش ببینن. چەند کیلۆمه‌ترێ لە سەرترەوە، خاڵەکانی پشکنین، کە بە شێوازێکی تۆکمە و پتەو دروست کراون و شێوەی قەڵای سەدەکانی نێوەڕاست دەدەن، چاودێریی ئەو جادانە دەکەن کە دەگاتە ئەوان. هێزەکانی چاودێریی سنوور هەموو ماشێنەکان بۆ شتومەک یان چالاکڤانی سیاسی دەپشکنن. بەڵام ئەمە یارییەکی ساویلکانەیە: لەبەر ئەوەی ماشێنگەلێک لە‌جۆری پیکابی خێرا باری کۆڵبەرەکان لە‌ ڕێگای جادەی خۆڵەوە لە نێو دڵی کێوەکانەوە دەگوازنەوە و بەم شێوەیە لە خاڵەکانی چاودێری دەرباز دەبن. کاتێک شۆفێرەکان دەگەن به جادەی سەرەکی، ڕوو بە شارە گەورەکان ڕێ دەکەون و بارەکەیان لە ناو بازاڕدا دادەگرن.
کۆڵبەری بە‌پێی ئەوەی کە لە چ ڕوانگەیەکه‌وه‌ سەیر بکرێت، لە ڕوانگەی خودی کۆڵبەران یان ڕوانگەی دەوڵەتی ئێرانه‌وه‌، مانا و واتای جیاوازی هەیە. لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئێرانەوە و بە‌پێی یاسای نێودەوڵەتی، تێپەڕاندنی سنوور وەک کۆچبەریی نێودەوڵەتی چاوی ‌لێ دەکرێت – لەبەر ئەوە بابەتێکە بۆ یاسا و ڕێسا. ئەگەر کۆڵبەرەکان بە شێوەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، مەترسیی بەدواداچوون لەسەریان دەبێت. یاسای ئێرانی تەنانەت بە‌پێی بایەخی ئەو شتومەکەی هاوردە‌ دەکرێت، سزای بۆ کۆڵبەرەکان داناوە: لە چەند مانگه‌وه‌ بگرە تا چەند ساڵ زیندان. بەڵام لە‌ ڕاستیدا ئەم سزاگەلە زۆر بە کەمی جێبەجێ دەکرێن. لەوانەیە هەموو حەوتوویەک، کۆڵبەرەکان بکەونە بەر فیشه‌كی هێزەکانی چاودێریی سنوور، ئەو کەسانەی کە بە‌بێ هیچ دوودڵییەک تەقە لە کۆڵبەران دەکەن. بە‌پێی ڕاپۆرتی چالاکانی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی مانگی مارس تا سێپته‌مبه‌ری ۲۰۱۹، ۳۷ کۆڵبەر لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات کوژراون: ۲۹  کەس بە تەقە کوژراون، ۲ کەس بە هۆی کەوتنەخوارەوە، ٤ کەس بە هۆی سەرمابردنه‌وه‌ و ۲ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوه‌. هەروەها ۸۲ کەسیش بریندار بوون: ۷٦ کەس بە‌ هۆی تەقە و ۲ کەس بە هۆی مینه‌وه‌.

وتەبێژی حکومەتی ئێران، لە ساڵی ۲۰۱٦دا ڕای گەیاند ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە توندوتیژی دژ بە کرێکارانی کورد دەکەن، درۆن. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە سەرکۆنەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەره‌کیی دەکرد، وتیشی: “کۆڵبەرەکان هەوڵیان داوە سنوورەکانی ئێران لاواز بکەن، پەرە بە ئابووریی نایاسایی بدەن و هەروەها مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران لە ڕێگای هاوردە‌کردنی چەک و مادەی هۆشبەر بۆ نێو خاکی ئێران دروست بکەن.” هەوڵی دەوڵەت بۆ ڕێکخستنی شێوازێک لە ڕێگادان به‌ کۆڵبەری، لە سەرەوەی هەموو شتێک ڕێگا بە دەوڵەت دەدات هێڵێک دیاری بکات کە بە بەزاندنی ئەو هێڵە، کۆڵبەران وەک تاوانبار پێناسە دەکرێن و ئەمە دەبێتە پاساوێک بۆ سەرکوتی بێبەزەییانەی کۆڵبەرەکان. جەمیل بۆمان باس دەکات: “دەوڵەت ۱۷۰۰۰ کارتی بۆ کۆڵبەری دابەش کردووە، بەڵام ژمارەی کۆڵبەرەکان لەوانەیە زۆرتر لە ۱۰۰۰۰۰ کەس بێت. ئەو کۆڵبەرانەی بە‌بێ مۆڵەتی یاسایی شتو‌مەک جێبە‌جێ دەکەن، وەک تاوانبار چاو ‌لێ دەکرێن و دەکرێ بکوژرێن. کاتێک دەوڵەت دەڵێت کۆڵبەر ناکوژێت، مەبەستی ئەوەیە کۆڵبەرە فەرمییەکان ناکوژێت. کوشتنی کۆڵبەر هیچ دڵنیگەرانییەک لای سەربازەکان دروس ناکات، قەت هیچ سەربازێک بە بۆنەی کوشتنی کۆڵبەرەکانەوە دادگایی نەکراوە.”  هەر وەک ئاپۆ بیرمان دەخاتەوە: “مانگێک پێش ئێستا، دەمەقاڵەیەکی بچووک لە نێوان خاوەن بارێک و ئەفسەرێکدا ڕووی ‌دا، ئەفسەره‌ فیشه‌كی نا به ‌سه‌ری كابراوه‌ و كوشتی. لە نموونەی وەهادا، سەربازەکان ناگیرێن، تەنها لە ناوچەیەکه‌وه‌ بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە.”
“ئەمە ڕێگە بە دەوڵەت ئەدات کە شەڕی بەرخۆدانی مەدەنی و چەکداریی کوردستان بکات، تەنانەت  لە زیهنه‌کانیشدا و دواتریش دەیکەنە نموونەیەک بۆ ترساندنی خەڵک لە ناوچەکانی تر ئێراندا.”
کۆڵبەرەکان ئەو کاتەیش تەقەیان لێ ناکرێت، ڕووبەڕووی لێدان و سووکایەتیی سەربازەکان دەبنه‌وه‌. ئاپۆ شایەتی دەدات: “سەربازەکان و ئەفسەرەکان بە مشت و پێلەقە و کوتەک لێیان داوین.” کچەکەی ژیان جارجار لە کاتی منداڵیدا لەگەڵ دایکی بووە. ئەم كچه‌ هیچ کات ئه‌و ساته‌ی بیر ناچێتەوە کە سەربازێک تفه‌نگەکەی بەرەو ڕوویان گرتووە و هەڕەشەی تەقە‌ی لێ کردوون. ژیان دەڵێت: “هه‌ندێ جار سەربازەکان تەقەیان لێ ئەکردین، بە شێوەیەک کە تەپو‌تۆزی ته‌قه‌كان ئەچووە ناو چاومان.” سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی چاودێریی سنوور وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاخەکان کۆمەڵکوژ دەکەن و بەم شێوەیە وڵاخدارەکان لە داراییەکی بەنرخ بێبەش دەکەن. هەروەها مین مەترسییەکی هەمیشەیی و نەبینراوە کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا له‌ وەرزکاندا دەبێتە هۆی جێگۆڕکی مینەکان. حەسەن پێمان دەڵێت: “هەموو شوێنێک پڕە لە مین. کۆڵبەرەکان بە هۆی مینەوە دەست و پایان لە ‌دەس ئەدەن. بە درێژایی ڕێگای کۆڵبەران، تەنانەت ٥۰۰ مه‌تریش نییە کە مینی لێ‌ نەبێت.” لە سێپته‌مبه‌ری ۲۰۱۹دا، کۆڵبەرێک بە دەزگای ڕاگەیاندنی ناوانتی وتبوو کە فاکتۆرێکی بە دەست گەیشتووە کە داوای پارەی ئەو مینەی لێ کردبوو کە بە هۆیەوە قاچێکی په‌ڕیبوو.
کۆڵبەرەکان ڕووبەرووی سەرکوتێکی ئاوەها دەبنەوە و هیچ کوێیان نییە پەنای بۆ ببه‌ن. ئەو چەند شکات و گازندەیه‌ی لە لایەن بنەماڵەی قوربانیانه‌وه‌ كراون، لە دادگا بە هیچ کوێ ناگه‌ن – کاتێکیش لەسەر مافی خۆیان سوور دەبن، لە لایەن پۆلیسەوە فشاریان دەخرێتە سەر. شەڕ دژی «قاچاخ» بیانوویەکی باش دەداتە ڕژیم بۆ هێشتنه‌وه‌ی دۆخی ئاوارتە لە ناوچە کوردییەکاندا. یاساکان لە ناوچە سنوورییەکان، شاراوە و گەڕۆک، بە دەستی نوێنه‌رانی دەوڵەت جێبەجێ دەکرێن، کە خەریکن لەوێ حاکمییەتی خۆیان پیاده‌ ده‌كه‌ن: بە تەنها ئەوان ئاستی سەرکوت یان نەکردن دیاری دەکەن. ئەمەیش زۆربەی کاتەکان دەچێتە دەرەوەی یاسا و قانوونەوە؛ ئەم بەرپرسانە ڕووبەرووی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نابنەوە. واتە سنوورەکان دەبنە ئەو شوێنانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یاسا و قانوون كه‌ کۆڵبەرەکان بەبێ هیچ لێپرسینەوەیه‌كی یاسایی  تێیاندا دەکوژرێن، كوشتنێك كه‌ یاسا له‌ بكوژه‌كان ناپرسێته‌وه‌، له‌م هه‌رێمه‌دا كێ بكوژێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ یاساوه‌ ده‌كوژێت و كه‌س نییه‌ له‌سه‌ر كوشتنی ئه‌م گیانه‌ نایاساییانه‌ لێی بپرسێته‌وه‌. ئەمە ڕێگە دەدات بە دەوڵەت شەڕی بەرخۆدانی مەدەنی یان چەکداریی کورد بکات، تەنانەت لە زیهنی خەڵکیشدا، دواتر بیکاتە نموونەیەک بۆ تەواوی ناوچەکانی وڵاتی ئێران.

بۆ نیزامییەکان، کۆڵبەرەکان سەرچاوەیەکی باشی قازانجیشن. حەسەن دەڵیت: “ڕێک وەکو ئەوەیە ئەفسەرەکان پاشای مەنتەقە بن. مەخزەن بە مەخزەن ئەگەڕن و ئێژن بڕیاری پلەبەرزەکەیانە، بەڵام درۆ ئەکەن. ئەگەر بەنزین و گازوئیل بدۆزنۆ، ئەیبەن و خۆیان ئەیفرۆشن. بەعزێکیان بە گرتنی بەرتیل چاوپۆشی ئەکەن و خۆیان گێل ده‌كه‌ن. جار هەیە ڕقابەتی بەینی ساحێو بارەکان ئەبێتە هۆی ئەوەی یەکتر لای ئەفسەرەکان ئاشکرا بکەن، بەڵکو قازانجی خۆیان زۆرتر بێت و زۆرتر هاوکارییان بکەن، بەڵام ئەوە کۆڵبەرەکانن کە باجه‌كه‌ی ئەدەن.”  حەسەن ڕوونی دەکاتەوە: “لێرە هەندێ ساحێو بار هەن بە نیزامییەکان نیشان ئەدەن چۆن زەربە لە ساحێو بارەکانی تر بدەن.  من ساحێو بارێکم بینی بۆ له‌دایكبوونی خۆی، ئەفسەرەکانی دەعوەت ئەکرد. مەنتەقەیەکی بێیاسایە. حەتا کۆڵبەرەکان ناتوانن فریای یەکتر بکەون. مرۆڤایەتی و ئینسانییەت وردوخاش بووە لێرە.”

سەمبۆلێکی بەرخۆدان؟
دەوڵەت یاری به‌ وێنه‌ی کۆڵبەر دەکات و هەوڵ دەدات وێنه‌كه‌ لە زیهنی بەکۆمەڵی خەڵکیشدا جێگیر بكات. ئەمە هەوڵێکە بۆ گۆڕانی نوێنەرایەتیی کورد لە شاخەکاندا. جەمیل دەڵێت “لە چاوی خەڵکا کۆڵبەر سەمبۆلی بەدبەختییە.” ئەو باس لە وتووێژێکی مەنسوور تەیفووری دەکات لەگەڵ حەسەنی قازی کە دەڵێت: “لە ڕابوردوودا پێشمەرگە و گەریلای کورد لەم شاخانەدا ئەڕۆیشتن بۆ ئەوەی بێژن شکەستیان نەخواردە و تەسلیمی ڕژیمی ئێران نەبوونه‌، بەڵام ئێستا هه‌ر لەم شوێنه‌دا ڕیزی کۆڵبەر شتومەک له‌ کۆڵ ئەکەن بۆ بەدەستهێنانی پاروویەک نان.” بەپێی قسەکانی جەمیل، کۆڵبەر دەکرێ وەک سەمبۆلی شکستی کوردەکان سەیر بکرێت. بەڵام سەرەڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران بۆ شکاندنی ڕۆحی بەرگری و بەرخۆدان، شکستی خواردووە. بە پێچەوانەی جەمیل، باران پێی وایە: “کۆڵبەر لێرە بووە به‌ هێمایه‌ك، وەک هێمای ماریان لە فەڕانسەدا: سەمبۆلێکی بەرخۆدان، پێشتر باسمان لە فەلەستین ئەکرد، ئیسە باس لە کۆڵبەر ئەکەین، هەر کەسێک بیانبینێت دڵی دێتە ئێش.” لە ڕوانگەی خودی کۆڵبەرەکانەوە، سنوور مانایەکی نییە جگە لە دامەزراوێكی نیزامی و لەشکری و ئابووریی حکومەتی ئێران:
گواستنه‌وه‌كان لە ناوچەگەلێکە لە لایه‌نی زمانی (کوردی) و کولتووری (کوردی)ـه‌وه‌ یەکێکن. فاروق ئاوا ئه‌م باسه‌ دادەڕێژێتەوە: “بۆ من سنوور واتە دووری، هەستێکی ناخۆش. وڵاتگەلێک هەن چیتر لە نێوانیاندا سنوور نەماوە، ئێمەش پێمان خۆشە وابین، چونکە هەردوو لا وڵاتی کوردەکانە. ئێمە پێمان خۆشە پێکەوە بین و ئەم دوورییە کە ئاژاوەی دروست کردووە، لە نێوانماندا نەمێنێت.”
دەستەواژەیەک لە زمانی کوردیی ناوه‌ڕاستدا هەیە کە کۆڵبەرەکان کاتی ڕەتبوون لە سنوور بەکاری دەبەن: “سنووربەزاندن”. جەمیل ئێژێت: “وەکو ئەوەی سنوور سەمبۆلی جودایی ئێمە بێت و ئێمە بە تێپەڕبوون لێی شکستی ئەدەین، ئەگەر هەندێ جار کۆڵبەرەکان وەکو کۆیلەی حکومەتێکی داگیرکار ئەبینرێن، هەندێک لە کۆڵبەرەکانیش خۆیان وەکو.. بەرخۆدان ئەبینن: ئەوان حاکمییەتی سنوورەکان ئەبەنە ژێر پرسیار، ئەوان ئیددیعای شەڕ دژی حکومەت ئەکەن و درێژەی بیرەوەریی خەبات لە یەکێک لە پەناگە مێژووییەکانەوە ئەدەن.”
لەسەر شاخی تەتە کۆڵبەرێک لە لێژاییەکان دێتە خوارەوە. بەردەکان لە ژێر پێیدا تل ئەخۆن، لای ئەم نه‌ناسراوانه‌ی كه‌ سڵاوی لێ ئەکەن، وچانێك ده‌دات و قامکەکانی بە نیشانەی سەرکەوتن بەرز دەکاتەوە. سەردەکەوێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بریندار بوونی شەش کۆڵبەر بە ڕوداویی هاتووچۆ

د مارس 7 , 2022
بریندار بوونی شەش کۆڵبەر بە ڕوداویی هاتووچۆ بە پێی هەوالێک کە بە کۆڵبەرنیوز گەیشتوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ۱٦ی ڕەشەمێ بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل لە نزیک ئاوایی قەڵاگە شەش کۆڵبەر بە خەستی بریندار بوون.جێگایی ئاماژەی کۆڵبەرە بریندارەکان خەڵکی جوانڕۆ و سەلاس باوەجانی بوون کە بۆ چارەسەری پزشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی […]

You May Like