“تەیب خوسرەوی”، کۆلبەری خەڵکی باینگان، کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بەهۆی لێدانی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە “بەرد” لە نەواری سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار بوو، بۆ جاری دووەم نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، “تەیب خوسرەوی”، کۆلبەری خەڵکی باینگان، کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە ئەنجامی لێدانی لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە نەواری سنووری نەوسوود، بە سەختی بریندار ببوو، بۆ دووەم جار لە نەخۆشخانەی کرماشان نەشتەرگەری سمتی بۆ دەکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی “تەیب خوسرەوی” لە گوندی “تین” سەر بە ناحیەی بەینگانی شاری پاوە بە “بەرد” لێیان دا کە لە ئاکامدا “دەست” و “لاقەکان”ی برینداربوون و هەروەها “سمت” و “حەوت پاراسوو” و “سەر”ی شکاوە.
ناوبراو سەرەتا بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی لە بەشی “ICU”ی نەخۆشخانەی شاری پاوە خەوێنراوە و دواتر بۆ نەشتەرگەریی سمت بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان گواسترایەوە. جێگای ئاماژەیە، کە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کرماشان بەهۆی خراپی باری جەستەیی و خوێنبەربوونی توندی ناوەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دواکەوت.
ئەم کۆڵبەرە سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەری سمتی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا دۆخی جەستەیی نالەبار ڕاگەیاندراوە و پێویستە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ جاری دووەم نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆلبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆلبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.