وتاری کۆڵبەرنیوز لە کۆبوونەوی کۆڵن بۆ پشتیوانی لە بڕیارنامەی داخوازییە لانیکەمییەکانی ڕیکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانی ناوخۆ، کە لەلایەن هاوڕێ “لاوێن ئەمانی”یەوە پێشکەش کرا  

هاوڕێ لاوێن ئەمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆڵبەرنیوز

شۆڕشی ژینا گەلێک دیمەنی شکۆمەندی لە یەکگرتوویی جەماوەریی لە نێوان کەمینە جێندەرییەکان، چین و توێژە جیاواز و نەتەوە ژێر دەستەکانی کۆمەڵگا لە پێناو ئامانجێکی هاوبەشدا بەڵام هاوکات بە خواستی جیاواز و فرەچەشنەوە، خوڵقاند. شۆڕشێک کە بە درووشمی ڕزگاریخوازانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانەوە و بە پێشەنگایەتی ژنان، لە دژی هەموو جۆرەکانی ستەم، نایەکسانی، چەوساندنەوە، هەڵاواردن و سەرەڕۆیی و بەردەوامیی ٤٤ ساڵەی سیاسەتی لەناوبردن و کوشت و بڕی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا سەری هەڵدا و بە پێشڕەویی سەرسوڕهێنەری خۆی و ڕادیکاڵیزەکردنی کۆمەڵگە، سەرتاپای ڕژێمی بە ئامانج گرت. شۆڕشێک کە بە شێوەیەکی بەرین پرسی ژنان و ستەمی ڕەگەزیی کرد بە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان و بە داخوازی دیاریکراو، پێشکەوتنخوازانە و فرەچەشن، لە سەرەتاوە سنووری خۆی لەگەڵ لایەنە کۆنەپارێز، دژە ژن و پاوانخوازەکان دیاریکرد.

شۆڕشی ژینا ڕەنگە بۆ یەکەمین جار ئەگەر و خەونی “داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی” بە شێوەیەکی هەستپێکراو لە ئاسۆی کۆمەڵگەی ئێراندا خستە ڕوو و هێندەی تەواوی ئەو ستەمانەی کە ئەم پێکهاتە ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و بە ڕێژەی ئەو بێ‌ئەژمار ژیانانەی کە ئەم ڕژیمە لەناوی بردوون، هۆکارگەلێکی هیوابەخشی بۆ وێناکردنی ڕۆژانی دوای ئەم ڕژیمە مەزهەبییە خوڵقاند؛ کە لە نێوانیاندا دەکرێ ئاماژە بەم بڕیارنامەی داخوازییە لانیکەمییەکانی ڕیکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانی ناوخۆ بکرێت.

لە پێنجەمین مانگی بزووتنەوەی ژینادا و لەناو جەرگەی ڕۆژانێکدا کە لایەنە ڕاستڕەوە بەرژەوەندیخواز و کۆنەپارێزەکان بە هەموو توانای پڕۆپاگەندایی خۆیان و بە میدیا زەبەلاحەکانییانەوە هەوڵیان بۆ بەلاڕێدا بردنی خواستە ڕاستەقینەکانی خەڵک، دەستگرتن بە سەر بزووتنەوەی جەماوەریی ئەواندا و داتاشینی ڕێبەر و بەدیلی دەستکرد دەدا و مەبەستیان ئەوە بوو کە بڵێن “چیتر ناتوانرێ لە ناوخۆوە کارێک بکرێت و دەبێ لە دەرەوە بەدوای ڕزگاریکەردا بگەڕێین” و هەروەها مخابن لە پەرتەوازەیی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکاندا، ٢٠ ڕێکخراوەی پیشەیی و مەدەنی لە کاتێکدا کە سەرکوت و زەبروزەنگ لە ترۆپکی خۆیدا بوو، یەکێک لە پێشکەوتووترین بڕیارنامە بڵاوکراوەکانی تا ئێستایان وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و پیشڕەو کە لە هەناوی کۆمەڵگە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆوە سەری هەڵدابوو، بڵاو کردەوە. سەرنجی ئەم بڕیارنامەیە لەسەر لێکگرێدراویی و یەکتربڕی بابەتە چینایەتی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ژینگەییەکان و تێگەیشتن لە جوگرافیای فرەچەشنی جەستە و دەنگە جیاوازەکان لە شۆڕشی ژینادا و ڕەنگدانەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەم جیاوازی و فرەڕەنگییە لە خاڵەکانی ئەم بڕیارنامەیەدا، کاتی گونجاو لە بڵاوکردنەوەیدا و دیاریکردنی سنووری خۆی لەگەڵ هەردووک دەسەڵاتی شا و شێخ، ڕووداوێکی گرینگ لە ڕێچکەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پێداگریی لەسەر دەرچوون لەو کەشە تاک جەمسەرییە بوو.

بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش، هەر جووڵانەوە و خواستێکی جەماوەریی شۆڕشگێڕانە، بۆ چوون بەرەو ئاسۆی ڕزگاریبەخش و سەرکەوتنی دواجارەکی، پێویستی بە ڕەخنەی هاوسۆزانە و پێداچوونەوەی هاوکات لەگەڵ پشتیوانی و هاوکاری بەردەوام هەیە و بێگومان ئەم بڕیارنامەیەش لەم یاسایە بەدەر نییە، وەک چۆن نووسەرانیشی دانیان بەوەدا ناوە کە پێویستە ئەم بڕیارنامەیە کاری زیاتر و وردتری لەسەر بکرێت. گەلێک ڕەخنەی جۆراوجۆر لە پێوەند بەم بڕیارنامەیە باس کراوە: لەسەر ڕەهەندی کرێکاریی و چینایەتیەکەی، تاکوو پرسی ئابووری تایبەت بە ژنان، یاخود هەبوونی گوتارێکی وردتر و ڕاشکاوانەتر لە پێوەند بە کەمینە ڕەگەزییەکاندا کە بابەتێکی یەکجار هەستیار و گرینگە و هتد…بەڵام ئەوەی بۆ من بایەخێکی تایبەتی هەیە نەبوونی پرسێکی تەواو سیاسی وەک “مافی دیاریکردنی چارەنووس”ی نەتەوە ژێردەستەکانی ناوخۆی ئێرانە.

بێگومان پێشەنگی کوردستان وەک پنتی بزوێنەری شۆڕشی ژینا و پێداگری بەلووچستان و بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان لە پەراوێزدا، جارێکی تر ئەم ڕاستییەی بیرهێناوە کە پرسی ستەمی نەتەوایەتی و هەر بەو پێیەش “مافی دیاریکردنی چارەنووس” لە جوگرافیای ئێراندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتەدا دەگێڕێت. ستەمە مێژوویی و لێکگرێدراوەکان بەتایبەت لە پێوەند بە فۆڕمی سەرمایەدارانەی گەشە و دەوڵەت-نەتەوەسازی لە یەک سەدەی ڕابردوودا کە لەسەر بناغەی سەرکوتی ناسنامەی “ئەوی دی” و ڕەواییدان بە لەناوبردن و سڕینەوە بەدی هاتووە، بۆتە هۆی ئەوەی کە لەم ناوچانەدا هەلومەرجێکی تەواو جیاوازی لە ڕووی سیاسییەوە لێ بکەوێتەوە.

ئاکامی داسەپاندن و بەکردەوە دەرهێنانی توندوتیژانە و تێکەڵ بە هەڵاواردنی سیاسەتە چینایەتی-نەتەوایەتییەکان لە پەراوێزدا، ناوچەگەلێکی بەرهەم هێناوە کە لە زۆربەی بوارە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کلتورییەکاندا لە ئاستێکی کارەساتباردان. چاوێک لە کۆڵبەرانی کوردستان و سووختبەرانی بەلووچستان بکەن؛ دیاردەگەلێک کە ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو دۆخە کارەساتبارەن کە لەم ناوچانەدا لە ئارادیە. دەرچووانی زانکۆ کە دانامەزرێن، ژنانێک کە دابینکردنی بژێوی بنەماڵەیان لەسەر شانی ئەوانە، پیر، لاو، مناڵ و زەحمەتکێشانی سەر سنوورەکانی کوردستان کە جگە لە مین و میلیتاریزم شتێکی تریان پێ ڕەوا نەبینراوە، هەموویان لە ئەنجامی پێکگەیشتنی هەژاریی، سەرکوت، چەوساندنەوە و هەڵاواردنی چەندهێندە، ڕوویان کردووەتەوە دیاردەیەکی ناباوی وەک کۆڵبەری.

بە پێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز لە دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٨٠٠ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون. تەنیا لە ساڵی ڕابردوو لە کۆی ٢٣٤ کۆڵبەری کوژراو و بریندار، ٧٤٪یان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژێم ڕوویداوە و ئەوە بە مانای وشە، کارەساتە! سووختبەرانی بەلووچستانیش لە دۆخێکی هاوشێوەدان. ڕەشەکوژیی کۆڵبەران لە کوردستان یەکێکە لە سیستماتیکترین، بەردەوامترین و هاوکات کەم‌تێچووترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا. وێنایەکی ئاشکرا لە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچەیەکی داگیرکراو و هاوئاراستە لەگەڵ گوتاری شکستخواردووی دەوڵەت-نەتەوەسازی و سڕینەوەی “ئەوی دی” لەم ناوچانەدا. بەڵام هەر لەم پەیوەندە و لە بەرامبەردا ئێمە هاوکات شایەتی سەرهەڵدانی کلتوورێکی سیاسی پێشڕە و ئاوارتە لە بەرەنگاری، خەبات و دادخوازیش لە پەراوێزدا بووین کە بەداخەوە تا پێش شۆڕشی ژینا هێندەی پێویست ئاوڕی لێ نەدرابۆوە!

لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەنگە زۆرێک لەم باسانە دووپاتە و چەندپاتە بن، بەڵام من بڕوام بەوەیە کە بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕیگەچارەکان، پێویستە بە بەردەوامیی بگەڕێینەوە بۆ ڕیشەی هەلومەرجەکان و ئاڵۆزییەکانیان و ئەزموونی ژیاوی ئەم خەڵکە بە بنەما بگرین. لە وەها دۆخێکدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە تەواوی ئەم ساڵانەدا تا چ ئاستێک هەوڵیان داوە و توانیویانە لە ڕەنجی ئەم خەڵکە نزیک ببنەوە، لە کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەراوێز تێبگەن و بتوانن خواستەکانیان وەک خۆی بە هەند وەربگرن. کورتکردنەوەی خواستی نەتەوە ژێردەستەکان لە پرسی ئابووریی و کلتووریدا، بە بێ لەبەرچاو گرتنی سەرەکیترین لایەنی کە ڕەهەندێکی تەواو سیاسی هەیە، یارمەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشە مێژوویی و جێی مشتومڕەی نێوان ناوەند و پەراوێز نادات. بەرگری ڕاشکاوانە لە “مافی دیاریکردنی چارەنووس” و هەڵوێست گرتن لە هەمبەر دەستەواژەگەلێکی وەک ” تەواوییەتی ئەرزی و یەکپارچەیی خاک و جیایی‌خوازی”، ئەو بابەتە هەستیارەیە کە جیاوازی هێزە پێشکەوتنخوازە ڕاستەقینەکان لە ناسیۆنالیست و ناوەندگەراکان دەردەخات. ئەم دەستەواژانە هەمووکات ڕەمزی سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکان و هەروەها یەکێک لە پڕۆژەی دەسەڵاتەکانی یەک سەدەی ڕابردووی ئێران بووە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم جوگرافیایەدا؛ پڕۆژەیەک کە هەر ئێستاکەش بە هەموو تواناوە لە لایەن ڕێفۆرمخوازەکانی دوێنێ و ڕژێم‌ چەینجییەکانی ئەمڕۆکە و پاشایی‌خوازەکانەوە پێش دەچێت. بەڕەسمییەت ناسینی وەها مافێک لە چوارچێوەی پێناسە یاساییەکانیدا، ئەگەرچی بە مانای پێویستیی بە کردەوە دەرهێنانی نییە، بەڵام گەرەنتی جێبەجێ کردنی داخوازییە ئابووری و کلتورییەکان دەستەبەر دەکات.

بنەمای شۆڕشی ژینا خەباتی جەماوەریی بۆ بەدەستهێانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە دەستی خۆ بوو. لەمڕووەوە وەها مافێک پێویستە بنەڕەتیترین خاڵی هەر کردەوە و جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێت. ئەرکی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆکە و هەر هەوڵێکی هاوشێوەی تر هاوکات لەگەڵ پشتگیری ڕاشکاوانە لە جووڵانەوە پێشڕەوەکانی ناوخۆ و پێداگری لەسەر هێزی ڕاستەوخۆی خەڵک و پشتیوانی لە داخوازییە فرەچەشنەکانی ئەوان، دەبێ هەوڵێکیش بێت بۆ بەدیهێنانی بەستێنێک لەپێناو یەکگرتوویی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بە مەرجی کراوەیی بەڕووی ڕەخنە، فرەڕەنگی و ئاوەز و ڕاگۆڕینەوەی ڕادیکاڵی بەکۆمەڵ. ئەمە ڕێک ئەو ڕوانگەیەیە کە لەم کۆبوونەوەیە سەرەڕای تەواوی دژوارییەکانی بەردەم بەڕێوەچوونیی، چاوەڕوان دەکرێت.

لاوێن ئەمانی

Next Post

هه‌ڕه‌شه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مهاباد له‌ به‌ندكراوانی ئه‌و شاره‌

د مه 15 , 2023
له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ به‌ندكراوانی به‌ندیخانه‌ی ئه‌و شاره‌ كردووه‌ و پێیانی ڕاگه‌یاندووه‌، ئەگەر لەگەڵ ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا هاوکاری نەکەن، لە هەموو مافەکانی خۆیان بێبەری دەکرێن. بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد و هەڕەشەیان لە بەندکراوان کردووە کە ئەگەر […]

You May Like