سیاوەش بیرانوەند، خوێندکاری ١٢ ساڵەی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە گرگر لە کاتی تێپەڕبوون لە ڕووبار گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەمە ١٥ خاکەلێوەی ١٤٠٣، خوێندکارێکی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە ناوچەی عەشایەری گەرمیشان ماژین، کە لە ڕێگەی گرگر ویستی لە ڕووبار بپەڕێتەوە، بەهۆی پچڕانی تەناف کەوتە نێو ڕووباری سەمیرە و گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم منداڵە خوێندکارە سیاوەش بیرانوەند، ١٢ ساڵە کوڕی موراد و خەڵکی خوڕەماوا بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تەرمی ئەو منداڵە دوای چەند کاتژمێر لە ئاو هێنرایە دەرەوە و ڕۆژی ١٦ خاکەلێوە بە خاک سپێردرا.
گرگر تەنافێکی سیمی ئەستوورە کە لە شوێنی پەیوەست بوونی ٢ بزوێنەری ئاسندایە و بۆ سوودوەرگرتن لێی دەبێت لەسەری دابنیشیت و لەڕێگەی دەستەوە بزوێنەرەکان بجوڵێنیت، گواستنەوە بە گرگر مەترسی زۆری وەکو قرتانی پەنجە، پچڕانی تەناف، تێکچوونی هاوسەنگی سەبەتە، وەستانی سەبەتە لە نێوەندی ڕێگا بەهۆی سەهۆڵبەندان، سەرما، پچڕانی تەناف هەیە.