هێشتا سێ ڕۆژ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و هێنانەدەرەوەی مەسعوود پزیشکیان لە سندووقەکانی دەنگدان تێپەڕ نەبووە کە کۆبوونەوەی کرێکارانی ناڕازی، لە شارە جۆراوجۆرەکان هاوشێوەی هەفتەکانی ڕابردوو، هەروا بەردەوامە. بۆ نموونە: کرێکارانی پەیمانکاری ئابفای ڕوودبار، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وەدواکەوتنی حەقدەستەکانیان بۆ ماوەی ٨ مانگ و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، ماوەی ١٣ ڕۆژی بەردەوامە کە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، زیاتر لە ٣٠ هەزار کرێکاری پڕۆژەیی لە ١٢٣ ناوەندی سەربە پیشەسازیی نەوت و گاز لە بوشەهر و خوزستان و ئیسفەهان، لە کۆتایییەکانی مانگی جۆزەردانەوە، بە بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، خوازیاری زیادکردنی حەقدەست و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی بەربڵاو لە پێدانی حەقدەست و ئیمکاناتی خۆش بژێوی و هەروەها کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی پەیمانکاران لە کار و پیشە کرێکارییەکان بوون. کرێکارانی مانگرتوو لەژێر ناوی “کەمپەینی ۱۴-١۴”، خوازیاری زیادکردنی حەقدەست و ۱۴ ڕۆژ کارکردن و ١۴ ڕۆژ پشوو و هەروەها نەهێشتنی پەیمانکارانن. بەڵام لەم وەرزە گەرمەی هاویندا، دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ کارکردن لە ناوەندە پیشەسازییەکان و ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی لە شوێنی ژیانیش، لە زومرەی چەند داواکارییەکی دیکەن. لەو ماوەیەدا پەیمانکاران هەوڵیاندا بە دامەزراندنی هێزی کاری نوێ، مانگرتنەکان شکست پێبهێنن، بەڵام کرێکارە بێکارەکان ئامادە نەبوون جێگەی هاوچینەکانیان بگرنەوە و پلانی خاوەنکارەکانیان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردەوە. هاوکات کورتەنامەی هەڕەشەئامێزیان بۆ کرێکارانی مانگرتوو دەنارد، بەڵام نەیتوانی بڕیاری کرێکارانی نەوت بگۆڕن. کرێکارانی خانەنشین لە شارەکانی شووش، ئەهواز، کرماشان، تاران، ئیسفەهان، دامغان، قائیمشار و کرمان، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەمی مووچەی خانەنشینی هاتوونەتە سەر شەقامەکان و کرێکارانی لەسەرکار دەرکراوی پترۆشیمی ئیلامیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان بوون. ئەگەرچی ئامانجی هاوبەشی سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوەکان، بريتييە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیار و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی، بەڵام کرێکاران بەپێی ئەزموونێکی کە لە کارکردنی دەوڵەتە جیاوازەکان هەیانە، متمانەیان بە بەڵێنی سەرخەرمانی کەسانی وەک پزیشکیانیش نییە و دەزانن ئەوەی کە بە خەبات و تێکۆشانی ڕاستەوخۆیان بەدەستی نەهێنن، بەدەست نایەت. لە ڕاستیدا چ لەمپەرێک لەبەردەم خاوەنکارانی شیرکەتە جۆراوجۆرە تایبەتی و شیرکەتە دەوڵەتییەکان و ناوەندە ئابوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداراندا هەیە کە نەتوانن هەر لە ئەمڕۆوە خواستی کرێکاران کە بریتییە لە زیادکردنی حەقدەستەکان، جێبەجێ بکەن و بۆچی دەبێ کرێکاران بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش سەبارەت بەم پرسە گرنگە، سەبر بکەن؟
ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ژمارەی ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕدا لەم بابەتەوە نووسیویەتی: هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتی کرێکاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەوەیە کە بە هۆی زیاد نەکردنی ئاستی حەقدەستەکان پێ بەپێی هەڵاوسانی بەردەوام، ناچار بوون زۆرێک لە هەزینەکانیان بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاری پزیشکی (جگە لەو حاڵەتانەی کە مەترسی مردن لە ئارادا بووبێت)، خزمەتگوزارییەکانی خۆشگوزەرانی وەک (گەشتکردن، کات بەسەربردن، جل و بەرگ، کڕینی کەلوپەل و پێداویستییە فەرهەنگییەکان) و تەنانەت پەروەردە (جگە لە پەروەردەی گشتیی ناچاریی یان خوێندنی باڵا لە زانکۆ دەوڵەتی و بێبەرامبەرەکان)، لە سەبەتەی خەرجییەکانی ماڵەوە لاببەن و بە لابردنی خۆراکە بەسوودەکان بەڵام گرانبەهاکانی وەک گۆشتی سوور و میوە، بە ژیانێکی مەمرە و مەژی قەناعەت بکەن. لەم سێ ساڵەدا، بێتوانایی لە دابینکردنی کرێی خانووبەرە، بە هۆی زیادبوونی بەردەوامی کرێ و هەروەها کەمی حەقدەستی کرێکاران و جێبەجێنەکرانی بەڵێنەکانی سەر کاغەزی دەوڵەتی ١٣هەم سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکاران، زۆرێک لە بنەماڵە کرێکارییەکانی ناچار کردووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە ناوچە هەرزانترەکان و تەنانەت پەراوێزە زیانبەخشەکانی شارەکان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کرێی ماڵەکەیان کە ٥٠ بۆ ٧٠%ی هەموو داهاتەکەیان لەخۆ دەگرێت، دابین بکەن. پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەوزیۆنیدا وتی کە دەبێ حەقدەستەکان بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان بەرز بکرێتەوە، ناکرێت هەڵاوسان پەنجا لەسەد بێت بەڵام حەقدەست بە ڕێژەی بیست لەسەد زیاد بکرێت. دەبێت کارێک بکەین کە حەقدەست و هەڵاوسان یەکسان بن.
کرێکاران بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆک کۆماری نوێ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا داویەتی، خوازیاری زیادکردنی حەقدەستن. پەرەسەندنی ئەم مانگرتنانە هەرلە سبەی ڕۆژی هاتنەسەرکاری پزیشکیانەوە، ئەوە دەردەخات کە خەباتی کرێکاران لەپێناو ویست و داواکارییەکانیان بە تایبەت لە بواری حەقدەستدا، مەسەلەی مەرگ و ژیانە و تا دەستەبەرکردنیان بێ پسانەوە بەردەوام دەبێت. هەڵسووڕاوانی کرێکاریی دەڵێن کە ئەم مانگرتنە بەربڵاوە “گوشارێکی قورسی خستۆتە ئەستۆی پەیمانکاران” و بە دەست لەکارکێشانەوەی ئەم کرێکارانە، کەرتەکانی دیکەی نەوتیش کە بەشداری ئەم ناڕەزایەتییانە نین، تووشی گرفت بوون و هەزینەیەکی زۆری خستووەتە سەر شانی پەیمانکاران. ئەم هەڵسووڕاوانە هەروەها دەڵێن کە یەکگرتووییەکی ناوازە لە نێوان کرێکارانی پەیمانی_گرێبەستی و کرێکارانی پەیمانی ئەرکانی سالس دا، پێکهاتووە. ئەوان هەوڵ دەدەن بە دروشمی “یەکگرتوویی ڕەمزی سەرکەوتنمانە” هاوسۆزی کرێکارانی فەرمی و بەشەکانی تریش بکەن بە هاوکارییەکی چالاکانە لە مانگرتنەکەدا”. بەپێی ڕاپۆرتەکانی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانی نەوت، گوشاری مانگرتنی کرێکارانی نەوت کە تا دێت بەربڵاوتر دەبێت، بەڕێوبەرانی هەندێک لە شیرکەتەکانی ناچار بە پاشەکشە کردووە، لەمڕووەوە دەیانەوێت بە دانی هەندێک بەڵێنی، ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان مانگروواندا دروست بکەن. بەڵام مانگرتووان بە دروشمی “سفرەی کرێکاران وەک یەکە” و “مانگرتن سەرتاسەرییە”، بەرەوڕووی پەیمانکاران بوونەتەوە. کرێکاران کە پەیمانشکێنییەکانی پێشووی خاوەنکارانیان ئەزموون کردووە، بە شێوەیەکی یەکگرتووانە هەوڵدەدەن هەتا ڕاکێشانی زۆرترین کرێکارانی نەوت و گاز و پتروشیمییەکان و هەروەها پاشەکشە پێکردن بە سەرجەم پەیمانکاران، لەسەر درێژەی خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان بەردەوام بن.