خەباتی کرێکاران لەپێناو زیادکردنی حەقدەست لە سەروبەندی کۆتایی ساڵی ١٤٠٢دا

وردە وردە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٢ و دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی داهاتوو نزیک دەبینەوە. کابینەکەی ڕەئیسی جەلاد لەسەر زیادکردنی ٢٠٪ حەقدەستی کارمەندان ڕێککەوتووە و شۆڕای نیگەهبانیش پەسەندی کردووە. بەشێوەيەکی گشتی

شۆڕای باڵای کاریش، ئەگەر هیچ گوشارێکی خەباتی کرێکاری لەسەر نەبێت، هەر ئەو ڕێژەیە بۆ لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لەبەرچاو دەگرێت. چەند فاکتەرێک کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی هەزینەی ژیان و گوزەرانی هێزی کار دادەنێن، کە وەک نموونە باس لە دوو فاکتەریان دەکرێت: یەکەم: ئاستی خەباتی کرێکاران و ئیمکانی پەرەسەندنی ئەو خەباتە لەپێناو زیادکردنی حەقدەستدا. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لەدژی خاوەنکاران و دەوڵەت بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەست لە ئاستێکی باشدا بەتایبەت لە ناو کرێکارانی فەرمی و پەیمانکاریی نەوت، کرێکارانی ئەرکانی سالس و گرێبەستییەکان، کرێکارانی پاڵاوگەکان و کرێکارانی فولادی ئەهواز، لە ئارادایە. دووەم: دابەزینی بەهای پووڵی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دۆلار و دراوەکانی دیکە، کە خۆی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و ڕێژەی هەڵاوسان لە بازاڕەکاندا.

کابینەی ڕەئیسی کە دەزانێت کرێکاران بە هۆی هەڵاوسانی سەرووی چل لەسەدەوە داوای زیادکردنی حەقدەستی پێویست و گونجاو دەکەن، بەردەوام بەڵێنی کەمکردنەوەی هەڵاوسان دەدات و فەرمان و ڕێوشوێنیش بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان دەردەکات. سەرەڕای ئەوەی خۆیان و کۆمەڵگاش شاهیدی ئەوەن کە بەڵێنەکانیان بێ بنەمان و ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانە تەنیا لەسەر کاغەز دەمێننەوە و متمانە بە ئەندامانی کابینەکەی هەرچی زیاتر کەم دەبێتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەو درۆ و دەلەسە و بێتواناییانە دووبارە دەکەنەوە. هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کارناسانی ئابووریی بەئینسافی ناوخۆی وڵات، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئەو هەڵاوسانەی ئێستا کە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، هەندێک ڕەقەم و ژمارە بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵە کرێکارییەکانیان پێشنیار دەکەن کە واقیعییە. بەڵام کابینە و خاوەنکارەکان لە ئاستیاندا گوێی خۆیانی لێ کەڕ دەکەن. چونکە سەرمایەداران و سەرەڕۆ و چەوسێنەران زۆر باش دەزانن کە دەبێت کرێکاران بە هەژاری و پرش و بڵاویی ڕابگرن بۆ ئەوەی بتوانن داهاتی هەرچی زیاتر بەدەست بهێنن. ئەوان هەروەها ئەو قەیرانە قووڵە فرەچەشن و هەمەلایەنە لەبیر دەکەن و پێیانوایە بە زەوتکردنی مافی کرێکاران و هەژارهێشتنەوەیان، ئیمکانی وەبەرهێنانی دەرەکی و ناوخۆیی فەراهەم دەکەن. هۆکارێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئەوان زۆر باش دەزانن کە لە خەباتی چینایەتیدا دەبێت کرێکاران لە ئاستێکدا ڕابگرن کە نەتوانن بە تەواوی دەستیان بە دەمیان ڕابگات و بەردەوام هەڵوەدای کار و بەدەستهێنانی داهاتێکی مەمرە و مەژی بن و گۆڕینی ئەو دۆخە بە شتێکی مەحاڵ بزانن. لە ڕاستیدا هەژاری لەلایەک و دام و دەزگای سەرکوتگەریش لەلایەکی تر، ئامرازێکی کاریگەرە لە دەستی ڕژیمدا بۆ دوور ڕاگرتنی کرێکاران لە خەباتی سیاسی و چینایەتی.

کرێکارانی وشیار دەزانن کە پێویستیان بە زیادکردنی داهات هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لانیکەمی حەقدەست بەسەر شۆڕای باڵای کاری سەرمایە مێحوەردا بسەپێنن و بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکەن و هەروەها زەمینەی بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و ڕێکخستنی خۆیان بەهێزتر بکەن. لەمڕووەوە بە پێویستی دەزانن بۆ زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست و حەقدەست بە شێوەیەکی بەگشتی، دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی بەرەوڕوو ببنەوە و ئەوەش پێویستی بە ئاستێکی بەرز لە خەبات و ناڕەزایەتی هەیە. خەباتێکی لێک هەڵپێکراو، سەرتاسەری و ڕێکخراو، فاکتەرێکی سەرەکی و کاریگەرە بۆ ئەم مەبەستە. ئایا ئاستی ئێستای خەبات و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان هیچ نیشانەیەکی پێشکەوتنیان بەم ئاراستەیەدا پێوە دیارە؟

بۆ خستنەڕووی نموونەیەکی تیۆری گشتی، با خەباتی کرێکارانی نەوت لەبەرچاو بگرین. ئەو مانگرتنە هاوکات و خاوەن داواکارییە هاوچەشنانەی کە لە بەشێک لە کەرتەکانی شیرکەتی نەوتدا لە ئارادایە و بەردەوام خەریکە پەرەدەسێنێت، ئەوە نیشان دەدات کە کرێکاران لەم بوارەدا پێشکەوتنێکی باشیان بەدەستهێناوە. بەڵام پێویستە بەڕادەیەک بەرەوپێش بچن کە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بخەنە مەترسییەوە. بەڵام تا ئێرەش، دەکرێ بە حەق ئیدیعای ئەوە بکرێت کە خەباتی کرێکاران هاوکات لەگەڵ خەباتی دادخوازان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، وەک خەبات دژ بە سزای لەسێدارەدان و خەباتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، هاوسەنگییەکی هێزی ئەوتۆیان پێکهێناوە کە دەکرێت بنەمای هەوڵێکی جددی بێت بۆ سەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا. بە واتایەکی تر کرێکاران و چین و توێژی چەوساوە و خەباتکار، بە خەبات و تێکۆشانی ڕوو لە پەرەسەندنی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆیان، هاوسەنگییەکی هێزی باشتریان بەسەر دەوڵەت و خاوەنکارەکاندا سەپاندووە و لە سایەی ئەوەدا دەتوانن لانیکەمی حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ ئاستی هەڵاوسانی ڕاستەقینە و پێداویستییەکانی بژێوی ژیان، بەسەر خاوەنانی سەرمایە دا بسەپێنن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بۆ دووەمین جار لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

ش فوریه 3 , 2024
کۆهسار ڕۆستەمنژاد کۆڵبەری خەڵکی گوندی “شەمشیر”ی سەر بە شاری پاوە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندار بوو. پێشتریش کۆهسار ڕۆستەمنژاد و ئەکرەم ڕۆستەمنژادی برای بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی بریندار ببوون. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی […]

You May Like