ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری، لە زومرەی ئەو پێوەرە ئابوورییە گرنگانەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. بانکی ناوەندیی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە هەڵاوسان لە ئێران سنووری ٥٢%ی تێپەڕاندووە. ڕاپۆرتێکی دیکە باس لەوە دەکات کە ئەم ئامارەی هەڵاوسان لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنەیە و تەنیا لەگەڵ دەرئەنجامەکانی شەڕی جیهانی دووەم و داگیرکردنی ئێران لەلایەن هاوپەیمانانەوە، شیاوی بەراورد کردنە. هەروەها بێکاریش گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. ناوەندی ئاماری ئێران لە هەڵسەنگاندنێکدا کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی بێکارانی وڵات لەو کەسانە پێک دێن کە خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵان. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئاماری ماڵپەڕی ئابووریی “ئیکۆ ئێران”، پێوەرەکانی خراپی بژێوی ژیان لە ئێران گەیشتووەتە ٦٤.٢%. لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن ناوەندی ئامارەوە بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت کە پارێزگای لوڕستان بە ڕێژەی ٦٧.٢٪، کرماشان بە ڕێژەی ٦٤.٤٪ و کوردستان بە ڕێژەی ٦٣.٧٪ ” لە خراپترین دۆخی ژیاندان”. ئەم پێوەرە کە لە کۆی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان لە وڵاتێکدا و لە قۆناغێکی دیاریکراودا بەدەست دێت، باشترین پێوەرە بۆ نیشاندانی بارودۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی نەهامەتی لە پارێزگای کرماشان لە بەرزترین ئاست دایە و دوای ئەویش پارێزگای کوردستانە و پارێزگای لوڕستانیش لەدوای پارێزگای یەزد، لە پلەی چوارەمدایە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی داتا و ئامارەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ، مامناوەندی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، نزیکەی ٦.٩ لەسەد بووە. هەروەها مامناوەندی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتانی جیهان گەیشتووەتە ٥.١%
ئەم ڕاپۆرتە بە ڕوونی قووڵایی ئەو ڕەنج و ئازارە دەردەخات کە خەڵکی ئێران بەهۆی گرانی و بێکارییەوە، بەدەستییەوە دەناڵێن. ئیفلاسی سیاسی ئەم ڕژیمە و شوێنیزمی دەسەڵاتدار لە ئێران هەر ئەوەندەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، لە کاتێکدا هەر سێ پارێزگای کرماشان، کوردستان و لوڕستان، خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێرزەوی، ئاوی پێویست و زەوی بەپیتی کشتوکاڵن، هێزی کاری چەند ملیۆن کەسییان هەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانە، زۆرترین پۆتانسێلی گەشەکردن و پەرەسەندنی ئابوورییان هەیە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە، بوونەتە پڕ نەهامەت ترین ناوچەی ئێران. ئەو ئامار و زانیاریانەی کە کۆماری ئیسلامی بڵاویان دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕووی ڕاستەقینەی هەژاری لە ئێران، نیشان نادەن. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی دژوار و تاقەت پروکێن تر کردووە. ئەم ڕژیمە بە پێداگری لەسەر بەردەوامیی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، دەستێوەردان لە قەیرانەکانی ناوچەکە، پێداگری لەسەر بەرەوپێش بردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و هەروەها خەرجکردنی میلیاردها دۆلار بۆ پەرەپێدانی ناوەند و دامەزراوە ئایینییەکان، هەمووی ئەمانە لە سەر بەستێنی گەندەڵییەکی جێکەوتووی دارایی، چەندین ترلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە و ئاکامی کار و ڕەنجی ئەوانی، بەفیڕۆداوە. کاری گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئاکامی ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێک دیاردەی نائاسایی و زیانی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان لەناو زبڵدان، خەوتنی منداڵانی کار لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هتد.
واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیرانێکی ئابووری چارە هەڵنەگردا خەریکە نوقم دەبێ و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی نییە. لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا، بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی خۆی و دابینکردنی هەزینەی زۆر و زەوەندی دام و دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و پەرەپێدانی خوڕافات، دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە و بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بارودۆخی ژیانی خەڵکی بێبەشی دژوارتر کردووە. لە ئاوا دۆخێکدا، تەنیا بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاری تەوەر، دەتوانرێت کۆتایی بەم نەهامەتیانە بهێنرێت. بەڵام کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینەکان و پەراوێزنشینانی شارەکان، لە ئاست ئەو گوشارانەی ڕێژیمدا بەچۆکدا نەهاتوون و ئێستا لە سەر بەستێنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان لە دژی حیجابی ئیجباری، لەسەر خەباتی خۆیان لەپێناو دەرهێنانی مافەکانیان لە قوڕگی ئەم ڕژیمە، بەردەوامن.
ئەو جەماوەرە ئازارچێشتووەی کە لەژێر گوشارەکانی بژێوی ژیاندا، کارد گەیشتووەتە سەر ئێسکیان، هیچ ڕێگە چارەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە، جگە لەوەی کە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی خوڵقاندوویەتی، قۆڵی هیمەتی لێ هەڵبماڵن و لێبڕاوانەتر لە پێشوو، نەبەردی چارەنووسسازی خۆیان لە دژی سەبەبکارانی ئەم هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە، لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش ببەن.