نووسەر؛ ئێریک هۆبسباوم
وەرگێڕان لە ئینگلیزی؛ ڕۆمان میرەکی
مێژوونوسی مارکسیستی (ئێریک هۆبسباوم) هەژمار و بەراوردی پێوەندی نێوان ئاڤان گاردی هونەری پێش جەنگ و بزووتنەوەی کرێکاری ئەو سەردەمە دەکات کە هەردووکیان لە کۆتایی (سەدەی نۆزدە) بەیەک دەگەن، بەڵام لە قۆناغی مۆدێرنیزمی ڕادیکاڵدا بەتەواوی لێک جوودا دەبنەوە، بەڵام دووبارە بەیەک دەگەنەوە؛ بە لایەنی کەمەوە بۆ چەند ساڵێک، لەژێر کاریگەری جەنگی مەزن و شۆڕشی ئۆکتۆبەردا.
هەم سۆسیالیزم وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری و ئاڤان گاردی ڕۆشنبیری و کولتوری هونەری وەک بزاوتێکی فراوان، ئاگایانە و هەندێک کات بەجیا نوێنەرایەتی (نوێگەری) و (پێشکەوتن)ی نێو هونەرەکانیان دەکرد، وەکو (دیاردە) ئەوروپیەکان و ڕووداوەکانی دەیە کۆتاکانی سەدەی نۆزدەهەم. لەم نووسینەدا سەرنجەکانی خۆم سەبارەت بەم پێوەندیانە دەخەمەڕوو.
هیچ پێوەندیەکی پێویست یان لۆژیکی لەنێوان ئەم ٢ دیاردەیەدا نییە، چونکە ئەو گریمانەی کە دەڵێت ئەوەی لە هونەردا شۆڕشگێڕانەیە دەبێت لە سیاسەتیشدا شۆڕشگێڕانە بێت یان بە پێچەوانە لەسەر بنەمای سەرلێشێوانێکی ماناخوازانەی هەستە جۆراوجۆرەکانی چەمکی (شۆڕشگێڕ) بنیاتنراوە، یان شێوەیەک لە شێوەکانی زاراوە لێکنەچووەکان، لەلایەکی تریشەوە بە بەردەوامی جۆرێک لە پێوەندی بوونی هەیە، لەو کاتەوەی سۆشیالیستەکان (مارکسیست، ئەنارکیست یان جۆرەکانی تر) و ئاڤان گاردی هونەری و کولتوری هەردووکیان لە دەرەوەی مژارەکانی ئەو کاتە بوون، هەروەها دژایەتی ئۆرتۆدۆکسی بۆرژوازی دەکرد. هەروەها دەتوانین ئاماژە بە گەنجان بدەین و زۆرجاریش هەژاری ڕێژەیی، لەنێو زۆربەی ئەندامانی ئاڤان گارد و بۆهێمییەکان. لەوانەیە هەژاری زیادەڕەوی تێدا بکرێت بەڵام نائارامی ئابووری هونەرمەند و نووسەرانی گەنج هێرتۆدۆکسەکان و بەرهەمهێنەرەکانی بچووکی کاڵا کە هیچ بازاڕێکی دامەزراوەییان نەبوو، بە کەم سەیر ناکرێن، هەرچەندە بۆ زۆرێک لە ئاڤان گاردیستەکانی بۆرژوازی هەڵبژاردنی نائارامی بەسەر بوونێکی پارێزراوی بۆرژوازیدا بە ئەنقەست بووە.
هەردوو ئەم گروپە دەرەکییە؛ سۆسیالیست و ئاڤان گاردەکان تا ڕادەیەک فشاریان بۆ دروست بووە بۆ پێکەوە ژیانێکی نادۆستانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ لایەنەکانی ناڕەزایی دیکەی مۆڕاڵ و سیستمەکانی بەهای کۆمەڵگەی بۆرژوازی، بزووتنەوەکانی کەمینە لەڕووی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشکەوتنخوازی دەکرێت لە پەراوێزی یاسایی هێرتۆدۆکسی کولتوری و شێوەژیانی جێگرەوەی سەوزەخۆر، ڕۆحانی، تیۆسۆفیستەکان و هتد دابن. بەڵام ژنانی سەربەخۆ و ئازادیخواز و بەرەنگاریەکانی ئۆرسۆدۆکسی سێکسی گەنجانی هەردوو ڕەگەزیان کێشاوەتە نێو بزووتنەوەکەیان، کە هێشتا ڕێگایان بۆ کۆمەڵگەی بۆرژوازی نەکردۆتەوە و نەبونە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە، یان بە هەر شێوەیەک پێیان وابوو کە زۆرترین خۆپیشاندەریان لە دژیان ڕاپەڕاندوون، یان هەستیان کردووە دوور لەو کۆمەڵگەیە. ئەم جیاوازیانەش بەزۆری لەهەموو کولتورێکدا بەدی دەکرێن. جوڵەکانی بچووکی بەریتانیا لە ساڵانی ١٨٨٠ چەند نمونەیەک دەستەبەر دەکات. بۆ نمونە (ئێلینیەر مارکس) نەک هەر شۆڕشگێڕێکی مارکسی بوو بەڵکو ژنێکی پرۆفیشناڵی ئازادبوو کە هاوسەرگیری فەرمی ڕەتکردەوە، هەروەها وەرگێڕی کارەکانی هێنریک ئێپسن و خانمە ئەکتەرێکی ناشارەزا بوو. (بێرنارد شۆ) مارکسیستێکی کاریگەر و چالاکوانێکی سۆشیالیستی بوو، کەسێکی ئەدەبی خۆ بنیاتنەر و چەکوشێکی ئۆرسۆدۆکسی تەقلیدی بوو لە ڕەخنەی میوزیکی و درامادا، هەروەها پاڵەوانەکانی ئاڤان گارد لە هونەر و هزردا؛ (واگنەر ئیپسن) بوون. بزووتنەوەی هونەری و پیشەگەری ئاڤان گارد (ویلیام مۆریس، واڵتەر کراین) بەرەو سۆشیالیزمی مارکسی هەنگاویان دەدا، لەکاتێکدا (ئێدوارد کارپنتەر) ئەو ئاڤان گاردەی لە بواری ڕزگاری سێکسی و هاوڕەگەزخوازیدا کاری دەکرد لەگەڵ پاڵەوانی ڕزگاری گشتی سێکسی لە هەمان بازنە و ژینگەدا کاریان دەکرد. (ئۆسکار وایەڵد) هەرچەندە کاری سیاسی شتێکی دوور لە بوارەکەی ئەو بوو، بەڵام سۆسیالیزم سەرنجی ڕاکێشا و کتێبێکی لەسەر بابەتەکە نووسی. خۆشبەختانە بۆ پێکەوە ژیانی ئاڤان گارد و مارکسیزم، مارکس و ئەنگلس زۆر بە دیاریکراوی چەند کارێکیان دەربارەی هونەر نوسیوە و بەکەمیش لەو بارەیەوە نوسراویان بڵاوکردۆتەوە. بۆیە سۆسیال دیموکراتەکانی پێشوو گرنگییان بە ڕێبازی کلاسیک نەداوە، لەڕاستیدا مارکس و ئەنگلس هیچ هۆگریەکی خۆیان بۆ ئاڤان گاردی هاوچەرخ لەدوای چلەکانی ١٨٤٠ نیشان نەدا. چەند گرنگ و کاریگەرن تیۆرییە سۆسیالیستەکانی دیکە سەبارەت بە هونەرەکان بۆ نمونە (سەینت سیمۆنیان) لە ساڵانی ١٨٨٠ وەک پرسیارێک دەمێنێتەوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.