شۆڕش تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی جێگیر لە حکوومەتی ئیسلامیدا

ڕەهەندەکانی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە بەربڵاو و شێوازەکانی هێندە فرەچەشنن کە هاوشێوەکەی لە کەمتر شوێنێکی جیهان دەبینرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی گەندەڵی ناوخۆییەوە، لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهانە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی نادادپەروەری و هەژاری و دیاردە نائاساییە کۆمەڵایەتییەکان. دزییە ملیارد دۆلارییەکانی باڵاترین کەسانی نزیک لە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، کە هەرچەند جارێک لە ئاکامی ململانێی نێوان دارودەستەکانی ناوخۆی حکوومەتدا گۆشەیەکیان لێ ئاشکرا دەبێت، بووەتە فۆرمێکی باو و ناسراوی گەندەڵی دارایی لە کۆماری ئیسلامیدا. گەندەڵی کارگێڕی و دارایی لەم وڵاتەدا نەک هەر سێکتەرە دەوڵەتی، ئابووری و جێبەجێکارییەکان، بەڵکوو سەرجەم بوارە وەرزشی، تایبەتی و ناحکومییەکان و تەنانەت هونەر و سینەمای فەرمیشی گرتووەتەوە. ئەم ڕاستییە خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕزین و لەکارکەوتوویی ئەم نیزامە. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت شەخسی خامنەییش دان بە بەربڵاوبوونیدا دەنێت. ناوبراو لە دوایین قسە و باسەکانی لەگەڵ ئەندامانی کابینەی پێشووی ڕەئیسی، گلەیی لەوە دەکات کە بۆچی پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک بەم شێوەیە تێکچووە و بە وتەی ئەو، خەڵک لە ڕژێم تووڕەن. خامنەیی هەروەها دەڵێت: “هەرچییەک دەبینین، لە دەستی نووری دیدەکانی دەوریبەری خۆمان دەیبینین”. ئەڵبەتە ئەو بە ئەنقەست خۆی لە نەفامی دەدات لەوەی کە میکانیزمی هێشتنەوەی کەسانی دەوروبەری ڕژیم و تەنانەت میکانیزمی تێبەردانی ئاتەش بە ئیختیارەکان لە ژیانی خەڵک، ئاواڵە کردنی دەستی ئەو تاقمەیە بۆ ئەوەی بە مەیلی خۆیان تاڵانچێتی بکەن. کاتێک خەنەی ئیدئۆلۆژی و باوەڕ بە پاداشتی ئەو دونیای تر لە لای نزیکان و کەسانی دەوروبەریی ڕژیم هیچ ڕەنگی نەماوە، لەم حاڵەتەدا هەمووان چاوچنۆکانە هەوڵدەدەن بۆ قەرەبوو کردنەوەی ڕابردوویان و بۆ ئەوەی هەر لەم دونیایەدا بەهەشتێک بۆ خۆیان بنیات بنێن، هەر چییەکی کە دەستیان کەوت تاڵانی دەکەن.

چاوخشاندنێک بە مێژووی چەند دەیەی ڕابردوودا دەریدەخات کە بابەتی ئەو دزی و تاڵان و بڕۆ بێ وێنە و سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندی کە بە بەهای پەرە پێدان بە هەژاری و لەناوبردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە جەماوەری بێبەش، گیرفانی تاقمێک لە بەرپرسانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی پڕ کردووە، بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر لەگەڵ نیزامی سەرمایەداری و پەیوەندیی کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لەو نیزامە، لە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتدارێتی ئەم سیستەمەدا ئاوێتە بووە. بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان و دارودەستەکانیان بەبێ جیاوازی، بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازات و دەسەڵاتی دەوڵەتی، لە دۆخێکدا کە بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی بەتەواو مانا و هەروەها بوونی سیستەمێکی گەندەڵی دادوەری، ئیمکانی هیچ چەشنە بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەک نییە، بە جۆرێک دەستیانداوەتە دزی و تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی وڵات و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتی و بەرتیلخۆری و ڕانتخۆری و هتد، کە بە دەگمەن هاوشێوەکەی لە جیهاندا دەبینرێت. لە مێژووی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا، دەیان هەزار گەندەڵی و دزی و تاڵانچێتی ڕوویانداوە و زۆربەشیان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەت، فەرماندەکانی سپا، ئاخوندەکان، یان بە پشتیوانی ئەوان بەڕێوە چووە. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بەرپرسانی ناو بازنەی سەرەکی دەسەڵات، ئاخوندەکان و سیستەمی گەندەڵی دادوەری، یان ڕاستەوخۆ دەستیان لەم گەندەڵیانەدا هەبووە، یان لە ئاست ئەو جینایەتەدا بێدەنگ بوون، بەڵام لە ئاست دەرکەوتنی چەند تاڵێک لە قژی ژنان هاواریان گەیشتووەتە ئاسمان و بە شێوەیەکی وەحشیانە بەربوونەتە گیانی ژنان و کچانی ئازادیخواز. سەرچاوەی هەموو ئەو دزی گەندەڵی و بەرتیل خۆرییە بەربڵاوە لە کۆماری ئیسلامیدا، بوونی ئەم سیستەمە کۆنەپەرستانەیە. تا کاتێک ڕژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدار بێت، کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا، نەک هەر ناتوانن هیچ ئومێدێکیان بە کۆتایی هاتنی ئەم گەندەڵییە جێگیرە و باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان هەبێت، بەڵکوو شاهیدی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاریی و گەندەڵی بەربڵاوتر دەبن. لەم نێوەندەدا جگە لە کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، هیچ کەسێکی تر، ناتوانێت ئەم دۆخە بگۆڕێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم ڕێگای نیشان دا، پێویستە تا گەیشتن بە ئامانج و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم شۆڕشە، ئەم ڕێگەیە درێژەی پێبدرێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کامێران؛ بانگهێشتکرانی "ئیحسان بەهجەتی" بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی

ش جولای 13 , 2024
جێبەجێکارانی حوکمەکانی دادگای کامێران، “ئیحسان بەهجەتی” هاووڵاتی شاری کامێران بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی بانگهێشت کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، جێبەجێکارانی حوکمەکانی دادگای کامێران “ئیحسان بەهجەتی” بۆ جێبەجێکرانی حوکمی بەندکردن “لە ژێر چاودێری بە پابەندبوونی ئەلیکترۆنی لە دەرەوەی زیندان” بانگهێشت کرد. “ئیحسان بەهجەتی” لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن […]

You May Like