ئەو جیرەخۆرانەی کە بازاڕگەرمی دەکەن بۆ گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان، سبەی ڕۆژ شەرمەزاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبن.

کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی گاڵتەجاڕی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایان (خوبرەگان). بڕیاروایە ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەممە ئەم نمایشە گاڵتەجاڕانەیە کە بێ گومان دەبێتە یەکێک لە بێ ڕەونەقترین”هەڵبژاردنەکان” لە تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، سەرلەنوێ بێتەوە سەرشانۆ. هەر لە ئێستاوە بێ بایەخی و گرنگی پێنەدانی خەڵک بەم هەڵبژاردنانە وەک ڕۆژ ڕوونە. خەڵکی ئێران لانیکەم لە ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و دواجاریش لە ئاخێزی چارەنووسسازی ژن، ژیان، ئازادی دا، ڕاشکاوانە “نا”ی خۆیان بە گوێی ڕژیم گەیاند. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران ماوەیەکی زۆرە کە حکوومەتی ئیسلامییان تێپەڕاندووە و لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا”، وێنایەکی ڕوونیشیان لەوەی کە دەبێ جێگرەوەی ئەو ڕژیمە گەندەڵ و کۆنەپەرستە بێت، بە جیهان نیشانداوە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ناڕازی لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی وەک خانەنشینان، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ماڵ خوراوەکان و هیتر… لە سەرجەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خۆیاندا، دروشمی ئێمە “دەنگ نادەین” دەڵێنەوە. هەڵوێستی خەڵکی ناڕازی لەم دیمەنانەدا، تەنیا بریتی نییە لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەڵکوو مەبەست شەرمەزارکردنی بەشداریکردن لەم نمایشە گاڵتەجاڕانەدایە.

کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونی نییە. گەندەڵی سەرتاپای ڕژیمی داگرتووە و هەر ڕۆژە و پەروەندەیەکی نوێ لەم پێوەندییەدا ئاشکرا دەبێت، گرانی و هەڵاوسان و دابەزینی بەهای پووڵی میللی، گەیشتووەتە سنوورێکی بێ گەڕانەوە. ئاکامی سەپاندنی ئەم ئاستە لە هەژاری و نەهامەتییە، بریتییە لە کەڵەکەبوونی پتانسێلێکی بەهێزی تەقینەوە لە ناخی کۆمەڵگادا. ئەوەی ئەمڕۆ لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژینا”دا دەیبینین، بەشێکی بچووکە لەو ڕق و توڕەییەی کە بڵێسەی سەندووە. بەرپرسانی ڕژیم توانایی و پتانسێلی ئەگەری تەقینەوەی نەفرەت و بێزاری ملیۆنان کەس لە خەڵکی بێبەش و ستەملێکراو دەناسن و لەبەرامبەریدا هیچ ڕێگایەکی دیکەیان جگە لە بەرەپێدان بە سەرکوت و خەفەقان نەگرتۆتە بەر. بەڵام کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ئەو یەکساڵ و نیوەی کە بەسەر دەستپێکی شۆڕشی ژینادا تێپەڕ دەبێت، نیشانی داوە کە ئامرازی سەرکوت کاریگەری جارانی نەماوە و ڕژیم نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و پێش بە خەبات و ناڕەزایەتیی جەماوەری مافخواز بگرێت. ناڕەزایەتی کرێکاران، خانەنشینان و ماڵ خوراوەکان لە گۆڕەپانی شەقامەکاندا هەروا بەردەوامە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدایە کە ڕژیم پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات. بەرپرسانی ڕژیم زۆر باش دەزانن کە ئەمجارە زۆرینەی ڕەهای خەڵک ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لەمڕووەوە دڵمەشغووڵی و نیگەرانیی ئەوان شتێکی ترە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی گەلێک نیگەران کردووە و خەوی لە چاویان زڕاندووە، بریتییە لە ئەگەری سەرهەڵدان و ئاخێزی بەرینی جەماوەریی لە ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوودا.

خەڵکی کوردستان هەروەک چۆن ٤٤ ساڵ لەمەوبەر ڕیفراندۆمی ساختە و فریوکارانەی “حکوومەتی ئیسلامی، “ئەرێ یان نا“ی نە یەک وشە کەمتر و نە یەک وشە زیاتری خومەینییان یەکپارچە بایکۆت کرد و ساڵانی دواتریش لە زۆر دیمەنی دیکەدا دووپاتیان کردەوە، ئەمڕۆ لێبڕاوانە تر لە ڕابردوو، هیچ بەها و گرنگییەک بەم نمایشی هەڵبژاردنە نادەن. ئەمجارەش بە نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و بایکۆتکردنی ئەو گاڵتەجاڕە لە ئاستێکی بەربڵاودا، سەرلەنوێ “نا“یەکی بەهێز و ڕاشکاوانە بەم ڕژیمی کوشتار و جینایەتە، بەم ڕژیمەی سەبەبکاری هەژاری و برسێتی و بێکارییە، ڕژیمی پەرەپێدانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، ڕژیمی دزی و گەندەڵی و تاڵانچێتییە، دەدەنەوە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، ١١ی ڕەشەممە دەکەنە دیمەنێکی پڕشکۆی تر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. ئەو تاقم و کەسانەی کە شانبەشانی دەست و پێوەندە جیرەخۆر و بەکرێگیراوەکانی ڕژیم، هەوڵی بازاڕگەرمی بۆ ئەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنانەی کۆماری ئیسلامی دەدەن، یان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بێ گومان سبەى ڕۆژ، شەرمەزاری زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان دەبن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسوود; برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە شاخ

ش فوریه 24 , 2024
“یاسین فەلاحی” گەنجێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی، بەسەختی بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، کۆڵبەرێک لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود لە شاخەوە کەوتەخوارەوە و بەسەختی بریندار بووە. ئەم […]

You May Like