دژبە ئەشکەنجە و ئێعدام، دژبە توندتر بوونەوەی سەرکوت لەدژی ژنان، دژبە سەرتاپای ڕژیمی کۆماری ئێسلامی هەوڵبدەین.

ن: سەعید ئەمانی
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە گشت ئۆرگانەکانییەوە لە ڕێگای دەرکردنی دیان فەرمانی ورد و درشتەوە هەوڵ ئەدات تا خەبات و خۆڕاگری کچان و ژنانی بوێر و وشیاری کۆمەڵگای ئێران سەرکوت بکات. بەڵام لەمڕۆدا سەرجەم دیاردەکان لە سەر شەقامەکان، دەرخەری شکست و نا سەرکەوتو بوونی ئەم سیاسەتەن و نیشاندەری خۆڕاگری بەرینی شارۆمەندان بە تایبەت ژنانە لەبەرانبەر نیزامی دەسەڵاتدار دا. لە بارودۆخی ئێستادا و لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لەم نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامییە، ئەحکامی بەردەوامی ئێعدام بۆ زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت زیندانیانی سەربە نەتەوەکانی بەلوچ، کورد و عەرەب و هیتر، بۆ دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن و چاوترسێن کردنی خەڵک دەردەکرێت، تا لەم ڕێگایەوە ڕۆح و ڕەوانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی تێکبدەن و واوەتر لەوەش خەڵک لە درێژەدان بە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوانیەکانیان سارد بکەنەوە. لە بارودۆخێکی فەلاکەتباری ئابووریدا کە ئاسەوارەکەی بێجگە لە کەم بوونەوەی بەردەوامی ڕۆژانەی توانایی کڕینی خەڵک و دابەزینی ئاستی بەڕێچوونیان شتێکی تری لێناکەوێتەوە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، خانەنشینان، مامۆستایان، پەرستاران و هیتر، بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسان بۆ ساتێکیش نەوەستاوە و بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.
بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر فەرهەنگ و ڕوانگەی کۆمەڵگە داناوە و بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین گەڕانەوە بۆ بەر لە دەورەی ئاخێزی ژینا بابەت و ئەمرێکی نامومکینە. بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم بزوتنەوەیە، هاودڵی، هاوهەڵوێستی و هاوکاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتی، مەدەنی، ئیتنیکی، کرێکاران، ژنان و هیتر پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە، بزوتنەوەیەک کە لە بنەڕەتەوە، سوڵتە و سەتەمی بە گشت شکڵ و شێوەکانیەوە ڕەد کردۆتەوە. لەم ڕوەوە، پێویستە بە گشت توانامانەوە هەوڵبدەن ئەم بزوتنەوەیە بەهێزتر بێت، تا ئاکامی هەوڵەکانمان بنبڕ کردنی سزای ئێعدام و لابردنی سێبەری ڕەشی کۆماری سەرمایەداری ئیسلامی لەسەر ژیانی دانیشتوانی وڵاتەکەمان بیێت.