پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق – ئاسۆی لێڵی خەونەکان

پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق – ئاسۆی لێڵی خەونەکان

زانا سەعیدزادە

هیوای گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە وڵاتێکی تر؛ پرسێکە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆتە هۆی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێن بوونی نزیکەی ٢٤٠٦ کەس.
ڕەنگە کۆچی نایاسایی تاکە هیوایەک بێت بۆ ئەوانەی کە دەبنە قوربانی سیستەمی تۆتالیتاری و ئاپارتاید و کولتووری کۆنەپەرستانەی زاڵ بەسەر حوکمڕانی کۆمەڵگاکەیاندا. ئەوانەی پێیان دەوترێت “پەنابەر”.بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ژنێڤ، پەنابەر کەسێکە کە “بەهۆی ترس لە ئازار و ئەزیەت، بەهۆی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، ئەندامێتی لە گروپێکی کۆمەڵایەتی یان بیر و بۆچوونی سیاسی دیاریکراو، لە دەرەوەی ئەو وڵاتەکەی خۆیدا دەژی و ناتوانێت یان بەهۆی ئەو ترسەوە نایەوێت ئیدیعای پشتگیری لەو وڵاتە بکات.”
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧دا بە دەسەڵات گەیشت. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتەوە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیداوە لەڕێگەی لەناوبردنی نەیارەکانی خۆی بەشێوازی جۆراوجۆر. ئەو زنجیرە کردەوانەی کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەوە بە “جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران” ناسراون. ئە کردەوانە، کە بریتین لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، جۆرەها تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کوشتن و تاوانی جەنگ لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلوچستان، زیندانیکردنی درێژخایەن و ئەشکەنجەی ترسناک، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و دامەزراندن، سەرکوتی دڕندانە بە چەکی نیزامی لە شەقامەکان و هتد… هەمیشە وەک هۆکارێک بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتێکی جینایەتکارە، لەبەرچاو دەگیرێن. بەپێی داتاکان، ١٣٦٣١ ڕاپۆرت لە ناوەندی ئامار و چاپ و بەرهەمی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمارکراون. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە لە ساڵی ١٤٠١ هۆکاری دەستبەسەرکردنی ٢٩ هەزار و ٦٨٨ هاووڵاتی لە ئێران، بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی سیاسی هەبووە و زۆربەی ئەو کەسانەش لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، دەستبەسەر کراون، جگە لەو حاڵەتانە، ٣٤ کەسیش بەهۆکاری پێوەندیدار بە شێوازی ژیانیانەوە دەستبەسەر کراون.
کوردستان
خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری و لابردنی هەڵاواردنەکانی پەیوەست بەو پرسەوە لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، هەمیشە بووەتە هۆی ناکۆکی خوێناوی لە نێوان لایەنەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا و حکوومەتیش بەردەوام هەوڵیداوە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی “کورد” و دابەزاندنی ئەو پرسە بۆ ئاستی “قەومی کورد” و ئاسمیلەکردنیان کۆتایی بەم خەباتانە بهێنێت. ئەمەش بۆتەهۆی سەرهەڵدان و شکڵگرتنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان.چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێراندا، حکوومەت بەردەوام لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بە جوداخواز و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان تۆمەتبار کردووە و وەک نەیار چاوی لێ کردوون. لەژێر ئەم پاساوەشدا گەلێک تاوانیان لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی کە بە کوردستانی ئێران ناودەبرێن، ئەنجام داوە.
زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی چەپ و ئازادیخواز لە سەردەمی ڕژیمی پەهلەوی و دواتریش کوشتاری خەڵکی کوردستان لە ڕووداوەکانی وەک “نەورۆزی خوێناوی”، “شەڕی ٢٤ ڕۆژە”، “کۆمەڵکوژی گوندی قاڕنا و قەڵاتان”، “ئێعدامەکانی فڕۆکەخانەی سنە”، “لە سێدارەدانی 59 لاوی” مەهابادی” لە زیندانی تەورێز، تیرۆرکردنی “غوڵام کەشاوەرز” لە قوبرس، تیرۆرکردنی “سەدیق کەمانگەر” لە کوردستانی عێراق، تیرۆرکردنی “عەبدولڕەحمان قاسملوو” لە ئوتریش، تیرۆرکردنی “سادق شەرەفکەندی” و هاوڕێکانی لە ڕووداوی میکۆنۆس لە ئەڵمانیا و کوشتنی زۆرێک لە گەنجانی کوردستان لە دادگاکانی شۆڕش لەلایەن دادوەری شەریعەت “خەڵخاڵی” لە دادگاییکردنێکی چەند خولەکێکدا، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، تەنها بەشێکن لە مێژووی پڕ لە تاوانی هەردوو ڕژێمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، لە کوردستان.درێژەدان بە خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک تەنیا دبێتە هۆی زیندان و ئەشکەنجەی هەڵسوڕاوانی سیاسی، بەڵکوو ئەو تێکۆشانە دەتوانێ ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان. ئەم بابەتە و چەندین هۆکاری تر دەبێتە هۆی پەنابردنەبەر بژاردەیەک کە پێی دەوترێت کۆچی زۆرەملێ و پەنابردنەبەر وڵاتانی دیکە. نزیکترین وڵات لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستانە کە بووەتە پەناگەی ئاوارەکانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتی خۆی.
دۆخی ئاوارەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان
نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەرسێ شاری هەولێر و سلێمانی و دۆهوک.لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٣٠ هەزار پەنابەری کوردی ئێرانی چاوەڕێی گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی سێهەمی ئەمن لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوون، چاوەڕوانییەک کە نەک هەر هەرگیز بەدی نەهات، بەڵکوو لە ڕاستیدا ناونووسین لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر ژیانی پەنابەرانەی ئەم ناوچەیە.یارمەتییەکی ماددی بچووک و پچڕ پچڕ لە ماوەی ٦ مانگ یان ساڵێکدا و هەندێک جار بە تەئخیرێکی زیاتریشەوە، دەدرێتە پەناخوازان. هەبوونی وەرەقەی تۆمارکردن لە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەرفەت بدات بە کەسی پەناخواز بۆ وەرگرتنی ئیقامەی یەک ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئیقامەیەک کە دەبێت هەموو ساڵێک نوێ بکرێتەوە و جگەلەوەش تەنانەت ناتوانیت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە پێی بچیت بۆ شارەکانی تری عێراق. هەبوونی ئەم کارتانە هەرگیز نابێتە هۆی دەرکردنی بەڵگەنامەی گەشتی پەنابەران بەپێی ڕێککەوتننامەی ژنێڤی ساڵی ١٩٥١. کۆنڤانسیۆنێکی کە عێراق تێیدا ئەندام نییە. لە هەمان کاتدا وەرگرتنی ئیقامە لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مانای کۆتایی هاتنی هەڕەشەکان لەسەر ژیانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە نییە.
لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ تا کۆتایی ساڵی ١٤٠١ لانیکەم ٧ حاڵەتی تیرۆر و ڕفاندنی پەنابەرانی سیاسی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە. ١٠-١٢-١٣٩٦؛ سەباح ڕەحمانی، کە لە کاتی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراودا لەگەڵ سەلاح ڕەحمانی باوکیدا بە سەختی برینداربوو، ڕۆژی ١١ی ئازاری هەمان ساڵ، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا. ١٥-١٢-١٣٩٦؛ قادر قادری، یەکێک لە کادرە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی هێرتێل سەر بە قەزای ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی تیرۆرکرا. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕایگەیاند، ٢٠ فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی قادر قادری کەوتووە و تەرمەکەی لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەیدا دۆزراوەتەوە. ٢٧-٥-١٣٩٧؛ ئێقبال مورادی چالاکی سیاسی کورد و باوکی زانیار مورادی زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو لە کوردستانی عێراق تیرۆر کرا.
٣-٣-١٤٠٠؛ بێهزاد مەحمودی، پەنابەرێکی کوردی ئێرانی کە لەبەردەم نووسینگەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، گیانی لەدەستدا. ناوبراو لە بەردەم بینای نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی خراپی دۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و نەبوونی مافی مانەوە لەم وڵاتە و وڵام نەدانەوەی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا. ١٦-٥-١٤٠٠؛ موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا. بە وتەی بەرپرسانی حیزبی دێموکڕات، زیاتر لە ٢٠٠ ئەندام و کادیری ئەم حیزبە لە عێراق تیرۆر کراون. ساڵی ١٤٠١- پژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسی کورد، کە لە هەرێمی کوردستان دەژی، لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئابدانان لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، چەندین جار هەڕەشەی “تیرۆر” و “ڕفاندن”ی لێکراوە. هەر لە ١٤٠١دا- شۆڕش نەزەری یەکێک لە چالاکانی سیاسی ئیلامیش هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئابدانان لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە هەولێری پێتەختی کوردستان کرایە ئامانجی تیرۆر و ڕفاندن، بەڵام توانی خۆی ڕزگار بکات.
دوای ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”، گوشارەکانی ڕژێم بۆ سەر حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەرکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، هاوکات لەگەڵ شەپۆلێکى نوێی هەڕەشەی ڕفاندن و تیرۆری ئاوارەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئایندەیەکی نادیار چاوەڕوانیان بکات. ئەگەر کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ لە ئاست ئەم پرسە بێ کاردانەوە بن و چاوپۆشی لێ بکەن، ئایندەی ئەم پەنابەرانە لە ململانێی نێوان حکوومەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقدا لێڵ و نادیار دەبێت.

زانا سەعیدزادە

Next Post

مەهاباد؛ بەردەوامی دەستگیرکردن و ناڕوونی چارەنووسی باوک و کوڕێک

س ژوئن 20 , 2023
عەلی دەورێشی و کوڕەکەی مەنسور دەروێشی دوای زیاتر لە چل ڕۆژ لە دەستگیرکردنیان تا ئێستاش لە ژێر دەستی دەزگا ئەمنییەکاندان و هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، عەلی دەروێشی تەمەن 52 ساڵ و مەنسور دەروێشی کوڕەکەی تەمەن 30 ساڵ کە هاوکات خێزاندارە و منداڵێکی هەیە، هێشتا دەستبەسەرن و […]

You May Like