لانیکەم ٩ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەلاس باوەجانی و جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لەسنووری نەوسوود جەستەیان بەسەختی بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕەزبەری١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود کردووە کە لە ئاکامدا لانیکەم ٩ کۆڵبەر ئەندامانی جەستەیان لەوانە “پا، پشت و کەمەریان”بەسەختی برینداربوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، برینی ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان سەخت و دۆخی سڵامەتیان ناجێگیر ڕاگەیندراوە. تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، ناسناوی٧ کەس لە کۆڵبەرەبریندارەکان بۆ کۆڵبەرنیوز ئاشکرابووە کە بریتین لە: سیروان نادری، کەیوان هوشەنگی، سەلاح ، ئاروین، مەنسوور، بەختیار و شەهریار کە هەموویان خەڵکی جوانڕۆ بوون و ناسناوی دوو کۆڵبەرەکەی دیکە کە خەڵکی سەلاسی باوەجانی بوون، تا کاتی نووسینی ئەم گوزارشە بۆ کۆڵبەرنیوز ئاشکرا نەبوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە . لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆلبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆلبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.