ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووریی نەوسوود، هەستان بە لێدان عەزیەت و ئازاری کۆڵبەرێک
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم، لە هێڵی سنووری نەوسوود، هەستاون بە عەزیەت و ئازار و لێدانی کۆلبەرێک بە ناسنامەی “ئەفشین نەزەری” خەڵکی شاری سەلاس باوەجانی و ناوبراو لە ڕووخساری” برینداربووە”.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاندووە، هێزە سەربازییەکان بە قۆناغەی تفەنگ لەم کۆڵبەرەیان داوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .