دوو کۆلبەری خەڵکی سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمشەو چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، دوو کۆلبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە برینداربوون. ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە بریتین لە “ڕەغزاد شاە محەمەدی” خەڵکی گوندی دورقولا و “میلاد محەممەدی” خەڵکی گوندی دەرەویان عەلیای سەر بە شاری سەقز.
جێگای ئاماژەیە کە گوزارشی برینداربوونی ٤ کۆڵبەری دیکە لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە بە کۆڵبەرنیوز گەیشتووە، کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆلبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆلبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.