شۆڕشی ژینا گەلێک دیمەنی شکۆمەندی لە یەکگرتوویی جەماوەریی لە نێوان کەمینە جێندەرییەکان، چین و توێژە جیاواز و نەتەوە ژێر دەستەکانی کۆمەڵگا لە پێناو ئامانجێکی هاوبەشدا بەڵام هاوکات بە خواستی جیاواز و فرەچەشنەوە، خوڵقاند. شۆڕشێک کە بە درووشمی ڕزگاریخوازانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانەوە و بە پێشەنگایەتی ژنان، لە دژی هەموو جۆرەکانی ستەم، نایەکسانی، چەوساندنەوە، هەڵاواردن و سەرەڕۆیی و بەردەوامیی ٤٤ ساڵەی سیاسەتی لەناوبردن و کوشت و بڕی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا سەری هەڵدا و بە پێشڕەویی سەرسوڕهێنەری خۆی و ڕادیکاڵیزەکردنی کۆمەڵگە، سەرتاپای ڕژێمی بە ئامانج گرت. شۆڕشێک کە بە شێوەیەکی بەرین پرسی ژنان و ستەمی ڕەگەزیی کرد بە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان و بە داخوازی دیاریکراو، پێشکەوتنخوازانە و فرەچەشن، لە سەرەتاوە سنووری خۆی لەگەڵ لایەنە کۆنەپارێز، دژە ژن و پاوانخوازەکان دیاریکرد.
شۆڕشی ژینا ڕەنگە بۆ یەکەمین جار ئەگەر و خەونی “داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی” بە شێوەیەکی هەستپێکراو لە ئاسۆی کۆمەڵگەی ئێراندا خستە ڕوو و هێندەی تەواوی ئەو ستەمانەی کە ئەم پێکهاتە ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و بە ڕێژەی ئەو بێئەژمار ژیانانەی کە ئەم ڕژیمە لەناوی بردوون، هۆکارگەلێکی هیوابەخشی بۆ وێناکردنی ڕۆژانی دوای ئەم ڕژیمە مەزهەبییە خوڵقاند؛ کە لە نێوانیاندا دەکرێ ئاماژە بەم بڕیارنامەی داخوازییە لانیکەمییەکانی ڕیکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانی ناوخۆ بکرێت.
لە پێنجەمین مانگی بزووتنەوەی ژینادا و لەناو جەرگەی ڕۆژانێکدا کە لایەنە ڕاستڕەوە بەرژەوەندیخواز و کۆنەپارێزەکان بە هەموو توانای پڕۆپاگەندایی خۆیان و بە میدیا زەبەلاحەکانییانەوە هەوڵیان بۆ بەلاڕێدا بردنی خواستە ڕاستەقینەکانی خەڵک، دەستگرتن بە سەر بزووتنەوەی جەماوەریی ئەواندا و داتاشینی ڕێبەر و بەدیلی دەستکرد دەدا و مەبەستیان ئەوە بوو کە بڵێن “چیتر ناتوانرێ لە ناوخۆوە کارێک بکرێت و دەبێ لە دەرەوە بەدوای ڕزگاریکەردا بگەڕێین” و هەروەها مخابن لە پەرتەوازەیی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکاندا، ٢٠ ڕێکخراوەی پیشەیی و مەدەنی لە کاتێکدا کە سەرکوت و زەبروزەنگ لە ترۆپکی خۆیدا بوو، یەکێک لە پێشکەوتووترین بڕیارنامە بڵاوکراوەکانی تا ئێستایان وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و پیشڕەو کە لە هەناوی کۆمەڵگە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆوە سەری هەڵدابوو، بڵاو کردەوە. سەرنجی ئەم بڕیارنامەیە لەسەر لێکگرێدراویی و یەکتربڕی بابەتە چینایەتی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ژینگەییەکان و تێگەیشتن لە جوگرافیای فرەچەشنی جەستە و دەنگە جیاوازەکان لە شۆڕشی ژینادا و ڕەنگدانەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەم جیاوازی و فرەڕەنگییە لە خاڵەکانی ئەم بڕیارنامەیەدا، کاتی گونجاو لە بڵاوکردنەوەیدا و دیاریکردنی سنووری خۆی لەگەڵ هەردووک دەسەڵاتی شا و شێخ، ڕووداوێکی گرینگ لە ڕێچکەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پێداگریی لەسەر دەرچوون لەو کەشە تاک جەمسەرییە بوو.
بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش، هەر جووڵانەوە و خواستێکی جەماوەریی شۆڕشگێڕانە، بۆ چوون بەرەو ئاسۆی ڕزگاریبەخش و سەرکەوتنی دواجارەکی، پێویستی بە ڕەخنەی هاوسۆزانە و پێداچوونەوەی هاوکات لەگەڵ پشتیوانی و هاوکاری بەردەوام هەیە و بێگومان ئەم بڕیارنامەیەش لەم یاسایە بەدەر نییە، وەک چۆن نووسەرانیشی دانیان بەوەدا ناوە کە پێویستە ئەم بڕیارنامەیە کاری زیاتر و وردتری لەسەر بکرێت. گەلێک ڕەخنەی جۆراوجۆر لە پێوەند بەم بڕیارنامەیە باس کراوە: لەسەر ڕەهەندی کرێکاریی و چینایەتیەکەی، تاکوو پرسی ئابووری تایبەت بە ژنان، یاخود هەبوونی گوتارێکی وردتر و ڕاشکاوانەتر لە پێوەند بە کەمینە ڕەگەزییەکاندا کە بابەتێکی یەکجار هەستیار و گرینگە و هتد…بەڵام ئەوەی بۆ من بایەخێکی تایبەتی هەیە نەبوونی پرسێکی تەواو سیاسی وەک “مافی دیاریکردنی چارەنووس”ی نەتەوە ژێردەستەکانی ناوخۆی ئێرانە.
بێگومان پێشەنگی کوردستان وەک پنتی بزوێنەری شۆڕشی ژینا و پێداگری بەلووچستان و بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان لە پەراوێزدا، جارێکی تر ئەم ڕاستییەی بیرهێناوە کە پرسی ستەمی نەتەوایەتی و هەر بەو پێیەش “مافی دیاریکردنی چارەنووس” لە جوگرافیای ئێراندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتەدا دەگێڕێت. ستەمە مێژوویی و لێکگرێدراوەکان بەتایبەت لە پێوەند بە فۆڕمی سەرمایەدارانەی گەشە و دەوڵەت-نەتەوەسازی لە یەک سەدەی ڕابردوودا کە لەسەر بناغەی سەرکوتی ناسنامەی “ئەوی دی” و ڕەواییدان بە لەناوبردن و سڕینەوە بەدی هاتووە، بۆتە هۆی ئەوەی کە لەم ناوچانەدا هەلومەرجێکی تەواو جیاوازی لە ڕووی سیاسییەوە لێ بکەوێتەوە.
ئاکامی داسەپاندن و بەکردەوە دەرهێنانی توندوتیژانە و تێکەڵ بە هەڵاواردنی سیاسەتە چینایەتی-نەتەوایەتییەکان لە پەراوێزدا، ناوچەگەلێکی بەرهەم هێناوە کە لە زۆربەی بوارە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کلتورییەکاندا لە ئاستێکی کارەساتباردان. چاوێک لە کۆڵبەرانی کوردستان و سووختبەرانی بەلووچستان بکەن؛ دیاردەگەلێک کە ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو دۆخە کارەساتبارەن کە لەم ناوچانەدا لە ئارادیە. دەرچووانی زانکۆ کە دانامەزرێن، ژنانێک کە دابینکردنی بژێوی بنەماڵەیان لەسەر شانی ئەوانە، پیر، لاو، مناڵ و زەحمەتکێشانی سەر سنوورەکانی کوردستان کە جگە لە مین و میلیتاریزم شتێکی تریان پێ ڕەوا نەبینراوە، هەموویان لە ئەنجامی پێکگەیشتنی هەژاریی، سەرکوت، چەوساندنەوە و هەڵاواردنی چەندهێندە، ڕوویان کردووەتەوە دیاردەیەکی ناباوی وەک کۆڵبەری.
بە پێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز لە دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٨٠٠ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون. تەنیا لە ساڵی ڕابردوو لە کۆی ٢٣٤ کۆڵبەری کوژراو و بریندار، ٧٤٪یان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژێم ڕوویداوە و ئەوە بە مانای وشە، کارەساتە! سووختبەرانی بەلووچستانیش لە دۆخێکی هاوشێوەدان. ڕەشەکوژیی کۆڵبەران لە کوردستان یەکێکە لە سیستماتیکترین، بەردەوامترین و هاوکات کەمتێچووترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا. وێنایەکی ئاشکرا لە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچەیەکی داگیرکراو و هاوئاراستە لەگەڵ گوتاری شکستخواردووی دەوڵەت-نەتەوەسازی و سڕینەوەی “ئەوی دی” لەم ناوچانەدا. بەڵام هەر لەم پەیوەندە و لە بەرامبەردا ئێمە هاوکات شایەتی سەرهەڵدانی کلتوورێکی سیاسی پێشڕە و ئاوارتە لە بەرەنگاری، خەبات و دادخوازیش لە پەراوێزدا بووین کە بەداخەوە تا پێش شۆڕشی ژینا هێندەی پێویست ئاوڕی لێ نەدرابۆوە!
لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەنگە زۆرێک لەم باسانە دووپاتە و چەندپاتە بن، بەڵام من بڕوام بەوەیە کە بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕیگەچارەکان، پێویستە بە بەردەوامیی بگەڕێینەوە بۆ ڕیشەی هەلومەرجەکان و ئاڵۆزییەکانیان و ئەزموونی ژیاوی ئەم خەڵکە بە بنەما بگرین. لە وەها دۆخێکدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە تەواوی ئەم ساڵانەدا تا چ ئاستێک هەوڵیان داوە و توانیویانە لە ڕەنجی ئەم خەڵکە نزیک ببنەوە، لە کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەراوێز تێبگەن و بتوانن خواستەکانیان وەک خۆی بە هەند وەربگرن. کورتکردنەوەی خواستی نەتەوە ژێردەستەکان لە پرسی ئابووریی و کلتووریدا، بە بێ لەبەرچاو گرتنی سەرەکیترین لایەنی کە ڕەهەندێکی تەواو سیاسی هەیە، یارمەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشە مێژوویی و جێی مشتومڕەی نێوان ناوەند و پەراوێز نادات. بەرگری ڕاشکاوانە لە “مافی دیاریکردنی چارەنووس” و هەڵوێست گرتن لە هەمبەر دەستەواژەگەلێکی وەک ” تەواوییەتی ئەرزی و یەکپارچەیی خاک و جیاییخوازی”، ئەو بابەتە هەستیارەیە کە جیاوازی هێزە پێشکەوتنخوازە ڕاستەقینەکان لە ناسیۆنالیست و ناوەندگەراکان دەردەخات. ئەم دەستەواژانە هەمووکات ڕەمزی سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکان و هەروەها یەکێک لە پڕۆژەی دەسەڵاتەکانی یەک سەدەی ڕابردووی ئێران بووە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم جوگرافیایەدا؛ پڕۆژەیەک کە هەر ئێستاکەش بە هەموو تواناوە لە لایەن ڕێفۆرمخوازەکانی دوێنێ و ڕژێم چەینجییەکانی ئەمڕۆکە و پاشاییخوازەکانەوە پێش دەچێت. بەڕەسمییەت ناسینی وەها مافێک لە چوارچێوەی پێناسە یاساییەکانیدا، ئەگەرچی بە مانای پێویستیی بە کردەوە دەرهێنانی نییە، بەڵام گەرەنتی جێبەجێ کردنی داخوازییە ئابووری و کلتورییەکان دەستەبەر دەکات.
بنەمای شۆڕشی ژینا خەباتی جەماوەریی بۆ بەدەستهێانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە دەستی خۆ بوو. لەمڕووەوە وەها مافێک پێویستە بنەڕەتیترین خاڵی هەر کردەوە و جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێت. ئەرکی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆکە و هەر هەوڵێکی هاوشێوەی تر هاوکات لەگەڵ پشتگیری ڕاشکاوانە لە جووڵانەوە پێشڕەوەکانی ناوخۆ و پێداگری لەسەر هێزی ڕاستەوخۆی خەڵک و پشتیوانی لە داخوازییە فرەچەشنەکانی ئەوان، دەبێ هەوڵێکیش بێت بۆ بەدیهێنانی بەستێنێک لەپێناو یەکگرتوویی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بە مەرجی کراوەیی بەڕووی ڕەخنە، فرەڕەنگی و ئاوەز و ڕاگۆڕینەوەی ڕادیکاڵی بەکۆمەڵ. ئەمە ڕێک ئەو ڕوانگەیەیە کە لەم کۆبوونەوەیە سەرەڕای تەواوی دژوارییەکانی بەردەم بەڕێوەچوونیی، چاوەڕوان دەکرێت.