لە ئیدانەکردنی هەڵسوکەوتی پاسەوانانی سنووری عێراق لەگەڵ کۆڵبەران لە هەرێمی کوردستان

ڕەفتاری دڕندانە و وەحشیانەی پاسەوانانی سنووری عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ کۆڵبەران، جارێکی دیکە پرسی بارودۆخی گوزەران و بژێوی ئەم بەشە لە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی کردە ڕۆژەڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستان لە هەردوو دیوی سنوورەکە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حەرس الحدود) لە سنووری بیارە کە دەکەوێتە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، هەشت کۆڵبەری خەڵکی شاری جەوانڕۆ، بە ناوەکانی موبین، پەیام دهۆن تەمەن ١٦ ساڵ، سەرکەوت شێرزاد ١٩ ساڵە، شۆڕش نەسروڵڵاهی تەمەن ١٦ ساڵ، ئارەش تەپ تەمەن ٢٣ ساڵ، سەبوور مەعروفی تەمەن ١٧ ساڵ، جەماڵ سولەیمانی و ڕێبین تاڵەبانی تەمەن ١٦ ساڵیان دەستبەسەر کرد و ڕووبەڕووی ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەییان کردنەوە و دواتر بە نیشانەی بێڕێزی و ئەشکەنجەی دەروونی، سەریان تاشین و وێڕای تاڵانکردنی موبایل و کەلوپەلە شەخسییەکانی تریان، لە سەر سنوور ڕەهایان کردن. ئەم کردەوە دڕندانەی پاسەوانانی سنوورپارێزی عێراق کە ماوەی چەند مانگێکە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان داگیرکردووە، لەگەڵ کاردانەوەی ناڕەزایی بەربڵاو لە بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستانی عێراقدا بەرەوڕوو بووەوە. ناڕەزایەتی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر بە تایبەت لە شاری هەڵەبجە هەروا بەردەوامە. بەڵام لە گەرمەی ئەم تووڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا، هەواڵی تاوانێکی دیکە بڵاو دەبێتەوە کە لە لایەن هەر ئەم هێزە دژە خەڵکیانەوە لە سنووری پاوە ڕوویداوە. بە گوێرەی ئەو هەواڵە ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە کۆڵبەران لە ناوچەی تەلیوەری شۆشمی لە هەرێمی کوردستان، کۆڵبەرێک بە ناوی هوشیار مەحموودی خەڵکی گوندی “شەمشیر” سەر بەشاری پاوه، خاوەنی هاوسەر و سێ منداڵ، گیانی لەدەستدا و کۆلبەرێکی دیکە بە ناوی ڕزگار فەرەجی بریندار بوو.

ئەو فەرماندە نوێیانەی هێزی پاسەوانی سنوور کە دوابەدوای ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی عێراق، لە سنوورەکانی کوردستان جێگیر بوون، کەسانێکن کە لە قوتابخانەی سپای پاسداراندا مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە و ڕق و کینەیەکی قووڵیان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان لە هەردوو دیوی سنوورەکە لە دڵدایە. بەمجۆرە، ئەگەر تا دوێنێ تەنیا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کە لە دەروازە سنوورییەکان بۆسەیان بۆ کۆڵبەران دادەنا و دەیانکوشتن، ئێستا و دوابەدوای بە کردەوە دەرهاتنی ڕێککەوتنی ئەمنی، کۆڵبەران لەگەڵ مەترسییەکی گەلێک زیاتر بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەوەی کە بەناوی کۆڵبەری لە سنوورەکان دەناسرێت، لە ڕاستیدا نەک هەر ناکرێت وەک کار ناوببرێت، بەڵکوو جۆرێکە لە پێش فرۆشکردنی ژیان و تەندروستی جەستەیی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە بەرامبەر پاروە نانێکدا. ئەوەی کە ئەو کەسانە ناچار دەکات پەنا ببەنەبەر ئەم کارە مەترسیدار و تاقەت پروکێنە، خەمی نانە. کۆڵبەری لە سنوورەکان، ئاکامی پەرەسەندنی بێکاریی هەرچی زیاتری لاوان و خەڵکی هەژاری ناوچە کوردنشینەکانە. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان و گەنج و پیر، لە تەمەنی ١٣ تا ٧٠ ساڵان، سەرەڕای هەموو سەختی و مەترسییە گیانییەکانی کۆڵبەری، بە ناچاری ڕوویان لەو کارە کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆلبەر نیوز، ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانیکەم ٢٩٩ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم و کەوتنە ژێر ڕندووە بەفر و سەرما و بەستەڵەک، تەقینەوەی مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی تر، گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون، کە ٣٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بوون.

تاوانێکی ئاشکرای لەو چەشنە دژ بە خەڵکی کوردستان بەسە بۆ ئەوەی دوژمنایەتیی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات. پێویستە لە دژی ئەم جینایەتانە دەست بە خەبات و ناڕەزایەتی بکرێ و کۆڵبەریی، ئەم کارە ناچارییە مەترسیدار و تاقەت پروکێنە کۆتایی پێ بهێنرێت. بۆ ئه‌م مەبەستەش پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا لە ڕێگەی خەبات و ناڕەزایەتییەوە ڕژیمی هار و جینایەتکاری ئیسلامی ناچار بکرێت کە کارێکی شیاو بۆ بۆ ئەم زەحمەتکێشانە دابین بکات یان لە ڕێگەی پێدانی بیمەی بێکارییەوە، ژیان و بژێویان دابین بکات، بۆ ئەوەی چیتر ناچار نەبن پەنا ببەنەبەر ئەو کارە دژوار و مەترسیدارە. لە هەنگاوی دواتردا دەبێ ڕژیم ناچار بکرێت قەرەبووی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە بکاتەوە کە لەو ڕێگایەدا گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون. وە سەرەنجام بە ڕووخاندن و لەگوڕنانی ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و  چەوسێنەرە، بۆ هەمیشە کۆتایی بە دیاردەکانی وەک کۆڵبەری و سوختبەری و دەیان ڕەنج و ئازاری کۆمەڵایەتی دیکە بهێنرێت کە هۆکار و سەرچاوەکەیان دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامییە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی لە دژی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکان لە ئوروپا

چ ژانویه 24 , 2024
ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، سەدان هەزار کەس لە دەیان شاری سەرتاسەری ئاڵمان لە دژی ڕەوتی ڕاستی توندڕەو، ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئاڵمان لە بنەڕەتدا ئامانجیان حیزبی فاشیستی “ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان” و ئەو گروپە ڕاستە توندڕەوانەی ترە کە لە ساڵی ڕابردوودا چوونەتە ناو پارلمانی ئەو وڵاتە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەم […]

You May Like