ڕاپۆرتی “کۆمیتەی نێونەتەوەیی ڕاستی دۆز” و ڕسوایی جیهانیی ڕژیمی ئیسلامی

شۆڕای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ٢٢ی نوامبری ٢٠٢٢ بەرامبەر بە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، سەبارەت بە ڕووداوەکانی شۆڕشی “ژینا” “کۆمیتەیەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی ڕاستی دۆزی”، بە ئەندامێتی سێ دادوەر پێکهێنا. ئەو شۆڕایە کۆمەڵێک ئەرکی بۆ کۆمیتەکە دیاریکرد کە هەندێکیان بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

ئەلف- ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و سەربەخۆ سەبارەت بە حاڵەتە ڕاپۆرتکراوەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١ دەستی پێکردووە، بە تایبەت سەبارەت بە ژنان و منداڵان.

ب- کۆکردنەوە و هەماهەنگ و شیکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و هەڵگرتن و پاراستنی ئەم بەڵگە و دیکۆمێنتانە،

د- کارلێککردن لەگەڵ کەس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێری تایبەتی بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەندەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی.

جگە لەوە، شۆڕای مافەکانی مرۆڤ داوای لە کۆمیتەی ڕاستی دۆز کردووە کە ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی، پێشکەش بە شۆڕا بکات. لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە پێسپێردراوە دا، کۆمیتەی ڕاستی دۆز، بە شێوەیەکی پیشەیی و وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ حاڵەتە ڕاپۆرتکراوەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەند لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، تاوانکاریی لەدژی هەر کەسێک و بە تایبەتی بابەتەکانی پێشێلکاریی لەدژی ژنان و منداڵان، کرد. لە ڕاپۆرتی سەرەتایی کۆمیتەی ڕاستی دۆز کە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن پێشکەش بە شۆڕای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی کردوویەتی نموونەی “جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتییە”. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە کراوە بە تاوانەکانی کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی جنسی، ئەزیەت و ئازار و لێپێچینەوە، ڕفاندن و کۆمەڵێک کردەوەی نامرۆڤانەی تر کە وەک بەشێک لە هێرشێکی بەربڵاو و ڕێکخراو لەدژی ژنان و کچان و کەسانی تر بەڕێوە چووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە: ” کۆمیتەکە لەسەر بنەمای کۆی گشتی هەڵسوکەوتی بەرپرسانی دەوڵەت، لەوانە بەیانییە و لێدوانەکانی بەرپرسان، گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو هەڵسوکەوتە تاوانکاریانە، بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت بووە”. لەم ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە ژینای گیانبەختکردوو، هاتووە: “بە پشتبەستن بە بەڵگە و شێوازەکانی توندوتیژیی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی سەبارەت بە سەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا، کۆمیتەکە دڵنیایە کە ژینا ئەمینی بەهۆی توندوتیژی جەستەییەوە گیانی لەدەستداوە. بەم پێیە دەوڵەت بەرپرسیارە لە ئاست گیان لەدەستدانیدا”. لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە بە “ئەزییەت و ئازاری قەزایی و هەڕەشەکردن ” لە بنەماڵەی خاتوو ئەمینی بە مەبەستی ناچارکردنیان بە بێدەنگ بوون و ڕێگریکردن لە بەدواداچوونی یاسایی، هاتووە: “هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانە بەرەوڕوو بوونەتەوە، لەکاتێکدا کە پارێزەری ئەو بنەماڵەیە، ساڵح نیکبەخت و سێ کەس لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاپۆرتیان لەسەر مەرگی خاتوو ئەمینی بڵاوکردەوە؛ واتە ئیلاهە محەممەدی، نیلوفەر حامدی و نازیلا مەعروفیان دەستبەسەر و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا”.

لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتووە:
“ئەم بزووتنەوەیە بە هۆی ڕێبەریی ژنان و تازە لاوان، بەربڵاوی و بەردەوامبوون و سەرەنجام کاردانەوەی پڕ لە توندوتیژیی حکوومەتەوە، بێوێنە بوو. توندوتیژییەک کە شۆڕای مافەکانی مرۆڤی بەو ئاکامە گەیاند کە ئەم کۆمیتەیە دابمەزرێنێت”. ئەو کۆمیتەیە هەروەها ڕایگەیاند کە “لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئارمیتا گراوند، ئەو کچە تەمەن ١٦ ساڵانەی کە بەهۆی ڕەچاو نەکردنی حیجابی ئیجباری، ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە میترۆی تاران بەهۆی دەمەقاڵە و پاڵپێوەنانی لەلایەن مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجابەوە لەناو واگۆنی میترۆکەدا بێهۆش کەوت و دوای ماوەیەک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هەروا بەردەوامە”. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، بەرپرسانی وڵات لە کردەوەگەلێکی هاوشێوەی دۆسیەکەی ژینا ئەمینی، هەوڵیاندا کە هۆکار و هەلومەرج و چۆنییەتی گیان لەدەستدانی ئارمیتا گراوندیش بشارنەوە و ڕووداوەکە لێڵ و گوماناوی بکەن، لەوانە بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە هەواڵی ئەم ڕووداوەیان بڵاو کردەوە. ئەم کۆمیتەیە هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەو شەپۆلە ژەهراویبوونەش کردووە کە ساڵی ڕابردوو بەسەر خوێندکارانی کچ لە ئێراندا هات.

کۆمیتەی ڕاستی دۆزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها نووسیویەتی کە زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری دیکە لە ناوخۆی ئێران دەستبەسەر کراون یان لێپێچینەوەی قەزاییان لەگەڵدا کراوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا ٣١ ڕۆژنامەنووسی ژن دەستبەسەر کراون. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، بارودۆخی نەتەوەکان و کەمینە ئاینییەکان “لە بەستێنی ناڕەزایەتییەکاندا” تاوتوێ کراوە و “فەزای دیجیتاڵی”ش لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا شیکراوەتەوە. ڕاپۆرتی “کۆمیتەی نێونەتەوەیی ڕاستی دۆز سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی” لە هەلومەرجێکدا لە ڕۆژی جیهانی ژن دا بڵاوکراوەتەوە کە ڕژیم لە ژێر زەبری درێژەی شۆڕشی “ژینا”دا” لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران و قووڵبوونەوەی قەیران و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیدا، لە هەموو کاتێک لاوازتر بووە. ئەم ڕژیمە لە بواری نێودەوڵەتیشدا لە هەموو کاتێک زیاتر ڕسوا بووە. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕاستی دۆز، کە بابەتەکانی بەڕادەیەکی بەرچاو لە لایەن هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە نووسراو و بڵاو کراوەتەوە، ڕەنگدانەوەیەکە لەو ڕسواییە جیهانی و نەفرەت و بێزارییەی کە بە پانتایی جیهان لە دژی ئەم ڕژیمە لە ئارادایە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ی مارس 10 , 2024
“کەماڵ حەبیبی” کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سنە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، کۆلبەرێکی خەڵکی گوندی “هیشمیز”ی سەر بە شاری سنە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی نەوسوود لە “دەستی چەپ”یەوە برینداربوو . جێگای ئاماژەیە […]

You May Like