کارگەکانی بەرهەمهێنان لە شاری بانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە و هەلی کار بۆ ژمارەیەک لە شارۆمەندان بەتایبەت ژنان ڕەخساوە بەڵام وەک «هێزی کاری هەرزان» لە ژنان دەڕوانرێت و بەکار دەهێنرین.
لە کارگەکانی بەرهەمهێنان و مۆنتاژی لامپ لە شاری بانە، مافی کرێکاران بەشێوازێکی بەربڵاو پێشێل دەکرێت و ژنان کە لەو ناوەندانە کار دەکەن، چونکە بەگشتیی لە بنەماڵەگەلی هەژارن و سەرپەرشت و سەرچاوەی بژێوی بنەماڵەکانیانن، لە ترسی دەرکردنیان لە کارگەکان ناوێرن لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافەکانیان دەنگ هەڵبڕن.
تەنانەت ئەگەر سەردانی ئیدارەی کاریان کردبێت، چونکە بەڵگە و دێکۆمێنتیان بە دەستەوە نیە، پاڵپشتیان ناکرێت. خاوەن کارگەکان، شێوازی گرێبەست و کەشی کارگەکانیان وەها داڕشتووە کە بەڵگەیەک نەدەنە دەست ناوەندە یاسایی و حکومیەکان کە ڕێ بە هەر جۆرە سکاڵایەکی کرێکاران بگرن.
خاوەن کارگەکان بەمجۆرە گوشار دەخەنە سەر کرێکاران:
١- لە ڕۆژانی پشووی فەرمی، کرێکار ناچار دەکەن بچێتەوە سەر کار.
٢-مانگانەی کەم ئەدرێتە کرێکار.
٣- ساڵانە(سنوات) ڕەچاو ناگیرێت.
٤- هیچ کرێکارێک مافی پشووی نیە، جگە لەوەی نەخۆش بێت و بەڵگە و پشتڕاستکردنەوەی پزشکی هەبێت.
٥- سەپاندنی زێدەکاری ناچاری.
٦- بەڵگەی مووچەی مانگانە نادەن بە کرێکار کە بەڵگە نەدەن بە دەستەوە.
٧- گوشاری سەر کرێکار بۆ کاری تاقەت پڕووکێن و زێدەبەدەر، بۆ بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان.
٨- دواکەوتنی مووچەی مانگانە بۆ ماوەی زۆر.