لە ٢ ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٦ کۆڵبەر لەگەڵ ٢ منداڵ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری جیاوازی کوردستان بریندار و دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ٤٨ کاژێری ڕابردوو لانیکەم ١٤ کۆڵبەر لەگەڵ ٢ منداڵ کۆڵبەری ١٦ ساڵە لە ناوچەکانی سنووری نەوسوود، بانە و مەریوان برینداربوون و ٢ کۆڵبەری دیکەش دەستبەسەرکران. شایانی باسە، تەواوی حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی کڵاشینکۆف و ساچمەیی بووە.
ئێوارەی یەکشەمە ٩ی گوڵانی ١٤٠٣، بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود ٢ منداڵ کۆڵبەری ١٦ ساڵە، بە سەختی برینداربوون. ناسنامەی ئەم ٢ کۆڵبەرە «پارسا حسێنی» خەڵکی گوندی «بەلەبزان» و «سەهەند» خەڵکی گوندی «دروەیان» هەردووکیان لە نزیک شاری پاوە ڕاگەیەندراوە. پارسا لە «ڕان»ی بە گوللەی کڵاشینکۆف کراوەتە ئامانج و سەهەند بە چەکی ساچمەیی لە «پشت» و «حەوز»ی بریندارکراوە. دۆخی تەندروستی ئەم ٢ کۆڵبەرە ناجێگیرە. هاوکات، کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ لە «شان»ی برینداربووە کە ناسنامەی ناوبراو تا ئێستا بۆ کۆڵبەرنیوز نادیارە.
ڕۆژی یەکشەمە ٩ی گوڵان لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵ-بانە، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناسنامەی «میهران بەهرامی» ٢٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، برینداربوو.
هەروەها، ئێوارەی دووشەمە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود لانیکەم ٨ کۆڵبەر برینداربوون کە ناسنامەی ٤ لە کۆڵبەران «محەمەد محەمەدی» خەڵکی شوشمێ، «ئەیوب» خەڵکی جوانڕۆ، «خەلیل محەمەدی» خەڵکی سەلاسی باوەجانی، «ماهان مورادی» خوێندکاری ١٨ ساڵە خەڵکی جوانڕۆیە.
گوتراوە کە کۆڵبەرانی بریندار بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی قودسی پاوە گوازرانەوە و لەم نێوەندەدا دۆخی محەمەد محەمەدی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
لە حاڵەتێکی دیکەدا، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵ-بانە کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «میلاد» ١٩ ساڵە خەڵکی گوندی «کوخ شێخ سەلام» لە نزیک ئالوتی شاری بانە، بە چەکی کڵاشینکۆف کرایە ئامانج. ئەم کۆڵبەرە لە «ئەژنۆ»ی بە سەختی برینداربووە.
لە حاڵەتێکی دیکە، ئێوارەی دووشەمە ١٠ی گوڵان، کۆڵبەرێکی گەنج بە ناسنامەی «نیما ئەڵماسی» خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم بە چەکی ساچمەیی لە سنووری نەوسوود، لە «کەلەکە، پشت و دەست»ی بە سەختی برینداربووە.
هاوکات ٢ کۆڵبەری دیکە بە ناسنامەی «وەزیر» ٣٨ ساڵە وە خێزاندارە و «محەمەد مورادی» هەردووکیان خەڵکی جوانڕۆ، بۆ ماوەی چەند کاژێر لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود دەستبەسەرکران و دواتر ئازادکران.