یوسف بەکری هاوڵاتیی شاری مەهاباد و محەمەد ڕۆستەمی هاوڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، یوسف بەکری تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرته ئەم هاوڵاتیه له شوێنی کارەکەی بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیرکراوه .
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، محەمەد ڕۆستەمی، هاوڵاتی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی “قولیان”ی سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەت و شوێنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.