کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٢٧٠ کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا – ڕاپۆرتی تایبەتی کۆڵبەرنیوز

ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی کۆڵبەرنیوز لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران خولی دووهەمی ١٤یەمین گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بەڕێوەدەبات. دوای کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆک کۆماری جەنایەتکاری ڕژیم و تیمی یاوەری لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣، ڕژیم خەریکی بەڕێوەبردنی بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردنێکی شکۆمەندانە و بە بەشداری زۆرێک لە خەڵک و هاووڵاتیانە. هەموو باڵەکانی ڕژیم بە هەموو جۆرە فێڵێکەوە هاتنە مەیدان بۆ ئەوەی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ببەن.
دوای چەند ڕۆژێک لەم نمایشەی هەڵبژاردنە و ژماردنی دەنگەکان، بەپێی ئەو ئامارەی کە لەلایەن خودی ڕژیمەوە ڕاگەیەندراوە (کە جێی متمانە نییە)، ڕێژەی بەشداریی لە سەرتاسەری وڵات لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٢ لە سەد ڕاگەیەندراوە. کەمترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی تاران و کوردستان بە نزیکەی ٢٣٪ تۆمار کراوە. هەروەها ڕێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی کرماشان ٣٢.٧٩٪، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٤٠.١٢٪، ئیلام ٤٧٪ و سیستان و بەلوچستان ٣٠٪ یە. بەشداریکردن لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران تا ڕادەیەک هەر بە هەمان شێوەیە.
ئەم ئامارە پەیامێکی زۆر گرنگ بۆ هەموو خەڵکی ئێران، ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی و هەروەها جیهان لەخۆدەگرێت کە شۆڕشی ژینا بە زیندووترین شێوە بەردەوامە و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بە تایبەت کوردستان و بەلوچستان زۆر لەمێژە ئەم ڕژیمەیان تێپەڕاندووە و ئەم ڕژیمە لەلای ئەوان هیچ شەرعیەتێکی نییە. نە ڕیفۆرمخوازانی حکومەتی و نە هیچ هێزێکی دیکە لەناو ڕژیم ناتوانن هیچ جۆرە وەهمێک لەلای خەڵکی شۆڕشگێڕ دروست بکەن.
ڕێژەی بەشداری و ئامارەکان زۆر کەمترە لەوەی کە ڕژیم ڕایگەیاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەمە و بەپشت بەستن بەو ئامارە، خەڵکی شۆڕشگێڕ لە هەموو گۆشەیەکی ئێراندا “نا”یان بە ڕژیم وتووە و داوای ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارییە دەکەن.
سەرمایەداری وەک نەزمێکی جیهانی بە پێکهاتە سیاسی-ئابوورییە کەموکورت و توندوتیژەکان و سیستەمی دەوڵەتی ناوەند وەک بەڕێوەبەری ئەو توندوتیژییانە، زۆرینەی خەڵکی جیهانیان لە گەیشتن بە ژیانێکی شایستە و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی یەکسان بێبەش کردووە. ئەمەش بووەتە هەوێنی زۆرێک لە قەیران و دیاردە مرۆڤایەتییەکان، لەوانە “کۆڵبەری” لە کوردستان.
هەژاری، بێکاری، تێکدانی ژینگە، میلیتاریزەکردن، نکۆڵیکردن و سڕینەوەی ناسنامە، نەبوونی وەبەرهێنان، هەڵاواردن، و ئاڕاستەی ئەمنیەتی دەسەڵات تایبەت بۆ ناوچە سنوورییەکان لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی دروستبوونی “کۆڵبەری” وەک جۆرێک لە بژێوی ناجێگیر و نائەمن لە کوردستان.
بەهۆی نەبوونی هەلی کار و وەبەرهێنان لە کوردستان، خەڵکێکی زۆر بەتایبەت کرێکارانی بێکار، خوێندەواران، ژنانی زەحمەتکێش، گەنجان، نەخۆشەکان، بەساڵاچووان، و زەحمەتکێشانی سەر سنوور بە ناچاری ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە.
کۆڵبەران لەکاتی تێپەڕین بەو شاخە تێپەڕنەکراوانەدا، ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوە، لەوانە مینی جەنگی، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، ڕووداوەکانی هاتوچۆ و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان.
ڕژیمی ئیسلامی وەک نوێنەری نەزمی جیهانی سەرمایەداری لە ئێران، بە جێبەجێکردنی سیاسەتی هەڵاواردن، نکۆڵی لە ناسنامە، گەورەکردنەوەی هەژاری و بە ئەنقەست ڕاگرتنی کوردستان لە گەشە و پێشکەوتن بە هۆکارەکانی ئەمنیەتی و سیاسی، لەناوبردنی ژینگە، بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لە پەنابردنی خەڵکی کوردستان بۆ دیاردەی کۆڵبەری، کۆماری ئیسلامی نەک هەر بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لەم دۆخە، بەڵکو بەرپرسیارە لە کوشتنی بێ ڕەحمانەی کۆڵبەران. تەنها لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ تا ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣، بە گشتی ٩٠٤ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.
ئەو ئامارانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەروەها ئەو ئامارانەی لە خوارەوە دەیبینن، قووڵایی ئەو کارەساتە نیشان دەدەن کە لە دڵی کۆمەڵگای کوردستان و لە ژێر سێبەری قورسی دەسەڵاتی تاوانکاری ئیسلامیدا دەگوزەرێت. کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن هێزە سەربازییەکانی سەر سنوورەوە، وەک هێمایەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی، لەم ساڵانەی دواییدا تاهاتووە بەردەوام بووە. لە بارودۆخی ئێستادا بێدەنگی لە بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران جێگەی قبوڵکردن نییە. کرێکاران، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و خەڵکی خەباتکار، دەبێ بە یەکگرتوویی لە دژی ئەم تاوانە و بۆ بنبڕکردنی دیاردەی کۆڵبەری و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی بجەنگن.

کۆڵبەرنیوز بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ناوەندی ئامارەکانیدا تۆمارکراون، کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٢٧٠ ‌کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ڕادەگەیەنێت.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون.

❖ لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.

❖ بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣

❖ لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.

❖ لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بەردەوامبوونی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران، لە جەرگەی هەراوهوریای شانۆی هەڵبژاردندا

د جولای 1 , 2024
بزووتنەوەی کرێکاریی، لە ناو جەرگەی هەراوهوریای مەرگی ڕەئیسی جەلاد و شانۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردندا درێژەی بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆی داوە و ئاسۆی خۆی گوم نەکردووە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە لە زۆر بواردا بەردەوام بووە، کە لێرەدا وەک نموونە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین: بەگوێرەی ڕاپۆرتی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک لە کرێکارانی پەیمانی نەوت […]

You May Like