ئیدریس کارساز، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی شنۆ گوازرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ئیدریس کارساز، هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی شاری شنۆ و ئەندامی کۆمەڵەی خێرخوازیی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە گوازراوەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا دادگای شۆڕشی شنو بە تۆمەتی “ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم” سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئیدریس کارسازدا سەپاند.
ئیدریس کارساز ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.
دوای ٤٧ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی کاتی، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژی١٤٠٣ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.