بێهروز یەزدانپەنا، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە توندوتیژی دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بێهروز یەزدانپەنا، هاووڵاتی تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژی دەستبەسەرکراوە.
هێزەکانی ڕژیم، بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
بێهروز یەزدانپەنا، پێشتر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە ڕۆژی چوارشەمە چواری خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری سەقز دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری تاران گواسترابوویەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەری، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نادیارە.

