مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاری، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان مانی لە خواردن گرتووە و بە هەڵمەتی نەخێر بۆ لەسيدارەدان لە ڕۆژانی سێشەممەدا پەیوەست بوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مورتەزا سەیدی، کرێکاری بیناسازی کە لە بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە زیندانەوە پەیوەستبوونی خۆی بە هەڵمەتی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان» لە ڕۆژانی سێشەممەدا ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە داوە کە لەمەودوا لە مانگرتن لە خواردنی هەفتانەی ئەم هەڵمەتەدا بەشداری دەکات.
مورتەزا سەیدی کە بە تاوانی بەرگری لە مافی ڕێکخستن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بەم کارەی بەو زیندانییە سیاسییە مانگرتووانە پەیوەست بوو کە هەموو حەوتوویەک ڕۆژانی سێشەممە مان لە خواردن دەگرن تاکوو ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر سزای دژەمرۆڤانەی لەسێدارەدان نیشان بدەن.
هەڵمەتی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان» کە لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە دەستی پێکردووە و هەموو ڕۆژانی سێشەممەی هەر حەوتوویەک بەڕێوە دەچێت، ئامانجی ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانە لە ئێران. مانگرتووەکان لەو بڕوایەدان کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی تاوانەکانی هەر کەسێک و شێوازەکانی سزادان، پێویستە لەسێدارەدان وەک سزایەکی نامرۆڤانە بوونی نەمێنێت.