دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی دادخوازان، دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

لەم ڕۆژانەی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“، دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژێم، ئاستی دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی قوربانیانی ئەم شۆڕشەیان پەرەپێداوە.

. ئەم دەستبەسەرکردنانە زیاتر ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە لە کۆمەڵگادا کاریگەرییان هەیە و ڕژیمی ئیسلامی لەم ڕۆژە هەستیارانەدا لە بوونی ئەوان دەترسێت. ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ماشاڵا کەرەمی باوکی محەممەد مەهدی کەرەمی، یەکێک لە ناڕازییانی ئێعدامکراو و دەستگیریان کرد. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە مەئموورانی ڕژێم ئەمیرحسێن کۆکەن پارێزەری محەممەد مێهدی کەرەمیشیان دەستگیر کردووە. محەممەد مێهدی کەرەمی لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە شاری کەرەج دەستبەسەر کرا. ناوبراو بە دۆسیەسازی ساختە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سەید محەممەد حوسێنی لەسێدارەدرا. ئەو ستەمەی کە لەو دوو لاوە کرێکارە کرا، ئاگری بەردەوامبوونی شۆڕشی بڵێسەدارتر کرد. هەر لەو ڕۆژەدا، هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز، شەرمین حەبیبی، هاوسەری فەریدوون مەحموودی، یەکێک لە قوربانیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژینا“یان دەستبەسەر کرد. بەپێی هەواڵێکی دیکە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ، حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار، تازەلاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە پیرانشار گیانی لەدەستدا، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە بنەماڵەی دادخوازان لەوانە خوشکی حەدیس نەجەفی و باوک و برای حەمیدرەزا ڕۆحی، یەکێکی تر لە قوربانیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، لە پەیجەکانی خۆیان لە ئینستاگرام ڕایانگەیاندووە کە ئەوان لە ژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان. ئەو گوشارانە هەر لە درێژەی گوشارەکانی چەند مانگی ڕابردوودا چڕتر بوونەتەوە. ئەزیەت و ئازارە ئەمنییەتییەکان بۆسەر بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان و قوربانیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە هێندە سەخت و بێ بەزەییانەیە کە بۆ نموونە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ، مەعسوومە ئال حوسێنی دایکی ماکان داوەری، یەکێک لە ناڕازییانی خەڵکی لەنگەروود بەهۆی فشار و گرفتەکانی پرسی دەستبەسەربوونی جگەرگۆشەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕێکخراوی “لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی٣٠ گەلاوێژ” ڕاپۆرتێکی ٤٣ لاپەڕەیی سەبارەت بەو گوشار و ئەزیەت و ئازارەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا خراوەتە سەر بنەماڵەی قوربانیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ڕاگەیاند. دیانا ئەلتاوی، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتی: “ستەمی دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ سنوورێک ناناسێت“. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی ترسنۆکانەدا بۆ شاردنەوەی جەنایەتەکانیان، بە پێشگرتن لە دادخوازیی بنەماڵەکان و هەوڵەکانی ئەوان بۆ دادپەروەری و ڕاستی و قەرەبووکردنەوە و تەنانەت ڕێگریکردن لە چاندنی گوڵ لەسەر گڵکۆی ئازیزەکانیان، ڕەنج و ئازاری ئەو بنەماڵانەی زۆرتر کردووە“.
بەڵام دەرئەنجامی ئەو ئەزیەت و ئازار و گوشارانە، لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، چی دەبێت؟ هەڵسووڕاوێکی مافی مرۆڤ بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە: ساڵێک لەمەوبەر لە مانگی گەلاوێژ، کەمێک بەر لە کارەساتی مەرگی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانیانی ئابانی ٩٨ دەستبەرکران. ئاکامەکەی چی بوو؟ شۆڕشی ژینا ڕوویدا. ورەی بەرز و خەباتکارانەی ئەو بنەماڵانە و بەتایبەت دایکانی دادخواز ئەم ئیدیعایە پشتڕاست دەکاتەوە. سەرکوتگەرانی ڕژیم گوشارێکی ئێجگار زۆریان خستۆتەسەر دایک و باوکی بوێر و خۆڕاگری ژینا ئەمینی بۆ ئەوەی کە خۆیان لە گرتنەبەری هەر هەوڵ و ڕێوشوێنێکی ئەوتۆ بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی کچە ئازیزەکەیان و هەروەها یادی ئەو شۆڕشەی کە بە ناوی کچەکەیان ڕازاوەتەوە، بەدوور بگرن.

ئەوان هەر لەو پێوەندییەدا هەفتەی داهاتوو ساڵح نیکبەخت پارێزەری ئەو بنەماڵەیە بە کۆمەڵێک تۆمەتی دروستکراو و ساختە دادگایی دەکەن. موژگان ئیفتیخاری دایکی ژینا، وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی نوێی کچە گیانبەختکردووەکەی لەکاتی دەستبەسەربوونی لە پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی، لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا نووسیویەتی: ” یادی ئەو لە دڵی جەماوەردا بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە“، هاووڵاتییان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی “ڕەگەز، ئایین، زمان و ئەندێشە“، دێن بۆ سەردانی گڵکۆی جگەرگۆشەکەیان.
لەو پۆستەدا ڕوو لە مەهسا کە مەرگی ئەو، چەخماخەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێرانی لێدا، هاتووە: “تۆ لەناو دڵی پاکی جەماوەری ڕەوشت بەرزی ئەم وڵاتە و لە پەنای خەون و ئاواتە بەرزەکانیاندا جێگەت گرتووە و بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.
خاتوو ئیفتیخاری لە پۆستەدا باس لەو پیرە دایکە ئازەری-زمانە میهرەبانە دەکات کە بەزەحمەت دەتوانێت بە ڕێگادا بڕوات، بەڵام سەرەڕای داخرانی بەشی ناوەوەی ئارامستانەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلەکاندا، بەشێک لە ڕێگاکە بە هاوکاری کچە جوانەکانی و بە گۆچان دەپێوێت. هەروەها ئاماژەی کردووە بە کوڕێکی لاوی موزیکژەنی باکووری وڵات و کچێکی ژیر و خوێندەواری کورد و منداڵانی زمان شیرینی بەلووچ کە شێعر بۆ ژینا دەڵێنەوە. ورەی بەرزی موژگان ئیفتیخاری دایکی قارەمان و بوێری ژینا، لە نێو زۆربەی دادخوازان و دایکانی جەرگ سووتاودا بووەتە باو و دەتوانێت هەموو هەوڵە سەرکوتگەرییەکانی بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیم لە دژی خۆیان هەڵبگێڕێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەغەدە; دەستبەسەرکردنی محەمەد تاهیرحسێن پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

پ آگوست 24 , 2023
محەممەد تاهیر حسێن پوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠٢، محەممەد تاهیر حوسێن پوور هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.بەپێی ئەم ڕاپۆرته ئەم هاوڵاتییه له ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن […]

You May Like