مەریوان؛ عادڵ پیرۆزی بۆ بەسەربردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندان کرا

عادڵ پیرۆزی، زیندانییەکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری مەریوان بۆ تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ زیندان بۆ گرتووخانەی مەریوان گوازرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣، عادڵ پیرۆزی، زیندانییەکی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ی سەر بە شاری مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی حوکمی یەک ساڵ زیندان بۆ گرتووخانەی شاری مەریوان گوازرایەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عادڵ پیرۆزی لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەوە بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

عادڵ پیرۆزی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی “بانگەشە لە دژی نیزام لە پشتیوانی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕژیم» سزای یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، عادڵ پیرۆزی، هاوڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، دوای بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە. ناوبراو دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لەگەڵیدا بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە.
لە کۆتاییدا لە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی سێسەد ملیۆن تمەنی بە شێوەی کۆتایی و تا کۆتایی پرۆسەی یاساییەکەی ئازاد کرا.

عادڵ پیرۆزی لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی نیزامدا” دەستبەسەر و پاش دوو مانگ دەستبەسەر بوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دواجار عادڵ پیرۆزی لە لایەن دادگای شۆڕشەوە حوکمی دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە زستانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمە بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازرایەوە. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ بە هۆی تەشەنەی نەخۆشی کۆرۆناوە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ بەردەوامی دەستبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی هاوڵاتییەک

د نوامبر 11 , 2024
سەرەڕای تێپەڕینی ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی مەسعود محەممەدی، هاوڵاتی شاری بۆکان هێشتا لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ مەسعود محەممەدی، هاوڵاتی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بە تێپەڕینی ٦ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی […]

You May Like