هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سنووری «دوپلۆرە» لە شاری مەریوان کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان بە تەقەکردن کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ئەمڕۆ شەمە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سنووری «دوپلۆرە» لە شاری مەریوان کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان بە تەقەکردن کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم تەقەکردنەدا، کۆڵبەرێک بە ناوی «ئارمان عەلیزادە»، تەمەن ٢٤ ساڵ، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، خەڵکی گوندی «گورجە» لە شاری مەریوان، بە گوللە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە. تەرمی بێ گیانی ناوبراو پاش ئەم ڕووداوە بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.