ئاکام ئەمینی، خەڵکی شاری بۆکان بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی بۆکان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ئاکام ئەمینی، خەڵکی گوندی کانی ڕەش لە شاری بۆکان بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی یاساییەکەی لە گرتووخانەی ئەم شارە ئازادکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئاکام ئەمینی پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بۆ بەندی لاوانی بۆکان گواسترابوو.
ئاکام ئەمینی، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستگیرکرابوو. شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر هێرشیان کردە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، تەلەفونی ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
شایانی ئاماژەیە، تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.