«شێرزاد باڵایی»، هاووڵاتییەکی ٤٢ ساڵی خەڵکی شاباد، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی لەم شارەیر کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارەزایان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، نزیکەی کاتژمێر ٩ی شەو، شێرزاد باڵایی لەبەردەم بینای فەرمانداری شاباد، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ بە گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بە پێکانی گوللە بەر «سەر»ی، لە هەمان شوێن کوژرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان و هێزەکانی سوپا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوای کوژرانی ئەم هاووڵاتییە، خێزانەکەیان خستە ژێر فشارەوە و هەوڵیاندا تەرمەکەی لە گوندی «چێشمەخانی» بگوازنەوە، بەڵام خێزانەکەی دژایەتی ئەم هەنگاوەیان کرد و ڕێگەیان بە دەرچوونی تەرمەکە نەدا. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە حکومییەکان داوای وەرگرتنی پارەیان لە خێزانی ناوبراو کردووە کە ئەم داواکارییە لەگەڵ دژایەتی ڕوونی ئەوان ڕووبوڕوو بووەتەوە.
لە درێژەدا، هێزە ئەمنییەکان بە جێبەجێکردنی فشاری توند و وەرگرتنی پابەندبوون لە چەند کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکە لەسەر ئەنجامدانی مەراسیمی بەخاکسپاردن بە شێوەی شەوانە، سنووردار و بەبێ ئامادەبوونی خەڵک، مۆڵەتی بەخاکسپاردنیان دەرکردووە.
سەرەڕای ئەم فشارانە، تەرمی شێرزاد باڵایی ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گوندی «چێشمەخانی» و بە ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵک بەخاکسپێردرا و بەشداربووان لە مەراسیمەکەدا بە وتنەوەی درووشمەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەرحەق بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند.

