
٣٧ ساڵ لەمەوبەر، ڕێک لەم ڕۆژەدا لە کاتژمێر یازدە و ٣٥ خولەکی سەرلەبەیانی، چەند فڕۆکەیەکی بۆمب هاوێژی ڕژێمی بەعسی عێراق بە ڕێبەرایەتی سەدام حوسێن، لە ئاسمانی شاری بچووکی هەڵەبجە لە کوردستان دەسووڕانەوە و یەکەم بۆمبە کیمیاییەکانی خۆیان بەسەر منداڵان، ژنان، پیاوان، گەنجان و بەساڵاچووانی شارەکەدا بارند. لە هەمان سەعاتەکانی سەرەتای ئەو ڕۆژە شوومەدا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە خەڵکی هەڵەبجە گیانیان لەدەستدا یان بریندار و ژەهراوی بوون. هەڵەبجە بووە هیرۆشیمای کوردستان و برینێکی سەختی لەسەر جەستەی خەڵکی کوردستان بەجێهێشت. حکوومەتی بەعس، گەلێک تاوانی لە دژی خەڵکی عێراق ئەنجامدا، بەتایبەت لە کوردستان و لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی بەدناوی ئەنفالدا، هەزاران کەسی ئێعدام کرد و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا لە ناوەڕاستی عێراق بەخاکی سپاردن، شارەکان و چەندین هەزار گوندی وێران کرد و خەڵکەکەی بەوپەڕی دڕندەییەوە لە کەمپە زۆرەملێکاندا، کە زۆرتر لە پادگانێکی سەربازی دەچوون، نیشتەجێ کرد.
سەدام حوسێن و حکوومەتی بەعسی عێراق لە کاتێکدا تاوانی مرۆییان لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدا کە دوو وڵاتی زلهێزی ئەو کاتە، واتە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندی سیاسی، بازرگانی و تەنانەت فەرهەنگی زۆریان لەگەڵ حکوومەتی بەعس هەبوو. لە جەریانی شەڕ دژی خەڵکی کوردستان و شەڕی ئێران و عێراقدا، حکوومەتی سەدام حوسێنیان لە بەرامبەر دۆلارەکانی نەوتی عێراقدا، بە هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ تەیار کرد. دەوڵەتەکان و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، کە ئیدیعای دێموکراسی و مافی مرۆڤیان دەکرد، لە تەیارکردنی سەدام حوسێن و حکوومەتی بەعسی عێراق بە چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیاییدا بەشدار بوون و بەبێ هاوکاری ئەوان و بێدەنگی دواتریان لە بەرامبەر بەکارهێنانی ئەو چەکەدا، تاوانەکانی هەڵەبجە، ئیمکانی نەدەبوو. لە جەریانی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجەدا ئەوەی کە بە کۆمەڵگای جیهانی ناودەبرێت لە بەرامبەر تاوانەکانی سەدام حوسێن و بۆمبارانی کیمیایی شارێک بە هەموو دانیشتووانییەوە، بێدەنگ بوون. تەنانەت لە ساڵەكان و دەیەکانی دوای ئەم تاوانانەش، لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینە، لە دژی ئەو حکوومەت و کۆمپانیانەی کە لە دروستکردنی بۆمبی کیمیاییدا، یارمەتی حکوومەتی بەعسیان دابوو، نەکرا و بێدەنگیان هەڵبژارد و بەڵگەکانیان شاردەوە.
ئەمڕۆ و دوای گیان لەدەستدانی پێنج هەزار کەس لە شاری هەڵەبجە لە کوردستان و لە سی و حەوت ساڵ لەمەوبەر، وڵاتەکانی کۆمەڵگای عەرەبی، پشتیوانانی سەدام حوسێن لە ڕۆژئاوا و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، بەڵگەکانی هاوکارییان لەگەڵ حکوومەتی بەعس شاردووەتەوە و تەنانەت لە ئاستی میدیاییشدا باسی لێوە ناکەن. ئەگەرچی ئەو باڵندە و گیانلەبەرانەی کە لە بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجەدا مردن، گۆڕ و نیشانەیان نییە، بەڵام لەوانەیە هەرئێستاش کەوە خۆشئاوازەکانی ئەو دەڤەرە، ئاوازی خەمگین بخوێنن بۆ ئەو پەلەوەرانەی کە لەگەڵ پێنج هەزار مرۆڤدا بوونە قوربانی بۆمبارانی کیمیایی. کاتژمێر یازدە و سی و پێنج خولەکی وەها ڕۆژێک، لە سی و حەوت ساڵ لەمەوبەردا، لە مێژووی تاوانەکانی شەڕدا دەمێنێتەوە، خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان شارەکەیان سەرلەنوێ ئاوەدان کردەوە و سەدام حوسێن و حکوومەتی بەعس لە گۆڕدا ڕزین.
ئەم ڕۆژانە هەروەها ساڵیادی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان یەکێک لە گوردانە لێهاتوو و قارەمانەکانی کۆمەڵەیە. ئەم پۆلە لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، لە کاتی ڕوودانی هێرشەکە بۆسەر ناوچەی هەڵەبجە، لە گوندی سنووریی بیارە لە حاڵی پشوودان بوون و بە دەستپێکی هێرشەکە، بە مەبەستی خۆ دەربازکردن لە ناوچەی شەڕەکە، گوندەکەیان بەجێهێشت و ڕێگایەکیان بەرەو پشتی بەرەکانی شەڕ گرتەبەر. بەڵام لەم ڕێگایەدا تووشی دوو کێشەی سەرەکی بوونەوە، یەکەم ئەو گازە ژەهراوییەی کە لە فەزای ناوچەکەدا بڵاوببووەوە، کاریگەری لەسەر ئەوانیش کردبوو و توانایی جووڵەی ئەوانی بە توندی کەم کردبووەوە و دووەم ئەو پردەی کە دەیتوانی ڕێگای پاشەکشەیان بێت بەرەو پشتی بەرەکانی شەڕ، کەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕژێمی ئێران و تێکدرابوو. هیچ ڕێگایەک بۆ پێشمەرگەکانی گوردانی شوان نەمابووەوە جگە لە پاشەکشە بەرەو دەریاچەی سیروان، شوێنێک کە هێزەکانی کۆمەڵە لەوبەری دەریاچەکە چاوەڕێی ئەوانیان دەکرد. هەوڵی هێزی یارمەتیدەر بۆ ناردنی بەلەم، بە ئاکام نەگەیشت و چەند کەس لە هاوڕێیان لەم ڕێگایەدا گیانیان لەدەستدا. لە وەها دۆخێکدا بوو کە گوردانی شوان لە قامیشەڵانەکانی تەنیشت دەریاچەکە لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم تووشی شەڕ بوون و پێشمەرگە ماندوو و بریندارەکان، لە شەڕێکی سەخت و نابەرابەردا، تا دوایین فیشەکەکانیان شەڕیان کرد.
ژمارەی قوربانییەکانی ئەم ڕووداوە، ٦٨ کەس بوون کە ١٢ کەسیان بە دیلی کەوتنە دەستی دوژمن و دواتر ١١ کەسیان دوای تەحەمولی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، لە زیندانی ڕژێمی ئیسلامیدا ئێعدام کران.
لە ٣٧ەمین ساڵیادی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە و گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان و هەزاران کەس لە خەڵکی شار و ناوچەی هەڵەبجە، یاد و بیرەوەرییان بەرز ڕادەگرین. بە هیوای ڕۆژێکی کە ئەو شەڕ و ئەشکەنجە و زیندان و هەژاری و نایەکسانییەی کە سیستەمی سەرمایەداری هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی، جێگای خۆی بدات بە ئاشتی، ئازادی، خۆشگوزەرانی و یەکسانی مرۆڤەکان، کە ئامانج و ئارمانی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی گوردانی شوان بوو.