تەنیا بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژە شەڕ دەتوانێت ئاگربەستێکی بەردەوام لە غەززە بسەپێنێت

 ئاژانسەکانی هەواڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ژانویەی ٢٠٢٥ بەرامبەر بە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، ڕایانگەیاند کە نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریکا، میسر و قەتەر، لەسەر ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لە غەززە ڕێککەوتوون کە ئۆمێد بە درێژکردنەوەی هەیە. بڕیاروایە ڕێککەوتنەکە ڕۆژی هەینی ١٧ی ژانویه بە فەرمی واژۆ بکرێ و ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ژانویه، ڕۆژێک بەر لە دەستبەکاربوونی ترامپ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. فەلەستینییەکان و جەماوەری خەڵکی ناڕازی لە شەڕی غەززە لە ئیسرائیل، بە بیستنی ئەو هەواڵە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. جگە لەو دەوڵەتانەی کە بەشداری بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە بوون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراک و بەڕێوەبەری گشتی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتیش بە پارێزەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێکرد. ئەوان داوایان کرد کە ڕێگاکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەموو جۆرە هاوکارییەک بە خێرایی بگاتە دەستی ئەو دوو ملیۆن کەسەی کە ئەرتەش و  دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، دەیانویست بە سەپاندنی بێ ئاویی، بێ خۆراکی و بێ دەوا و دەرمانی، لەناویان ببەن. خامنەیی و فەرماندەی سپای پاسداران کە هێزە بە وەکالەتەکانیان لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ شکستێکی گەورە بەرەوڕوو ببوونەوە، بە چەواشەکارییەکی ئاشکرا، ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان بە سەرکەوتن بۆ حەماس ناوبرد و جارێکی دیکە خۆیان کردەوە بە گاڵتەجاڕی ڕای گشتی.

 بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە نوێیە، بڕیاروایە لە ماوەی شەش هەفتەی یەکەمی ئاگربەستی نێوان هەردوولادا، ژمارەیەک زیندانی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، ئاڵوگۆڕ بکرێن. لە بەرامبەر هەر زیندانییەکی ئیسرائیلیدا، ٣٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. حەماس لە ماوەی ٤٢ ڕۆژدا ٣٣ زیندانی ئازاد دەکات و لە بەرامبەر هەر سەربازێکی ژنی ئیسرائیلیشدا، ٥٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. حەماس سەرەتا ژنان و گەنجانی خوار تەمەنی ١٩ ساڵ ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا هەزار و ٦٥٠ فەلەستینیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن. بڕیارە وایە ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بگاتە ناو کەرتی غەززە. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئەرتەشی ئیسرائیل وردە وردە لە مێحوەرەکانی نەتساریم و فیلادلفیا دەکشێتەوە. هەروەها پڕۆسەی گەڕانەوەی دانیشتوانی باکووری غەززەش بۆ ناوچەکانیان، لە ٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٥ەوە دەست پێدەکات. بەم ڕێکەوتنە، شەڕی ١٥ مانگەی ئێستا و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین، کە بە هێرشی حەماس دەستی پێکرد و تێیدا نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەسی بێ دیفاع لە دانیشتوانی شارۆچکە سنوورییەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئیسرائیل، کوژران و ٢٣٠ سەرباز و کەسی مەدەنیش بەدیل گیران، دەوەستێت. هێشتا ڕاستییەکانی پشت ئەم ڕووداوە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەڵگەی زۆر هەیە کە نیشان دەدات نەتانیاهۆ بە ئەنقەست ڕێگەی بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە کراوە هێشتبۆوە، بۆ ئەوەی بەو بیانووەوە سیاسەتی دەستدرێژیکارانەی خۆی لە دژی خەڵکی فەلەستین بەرەوپێش ببات. ئاکامە کردارییەکانی هێرشی حەماس و سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە هەردوولاوە بۆ خەڵکی فەلەستین لە غەززە و تەنانەت لە کەرتی ڕۆژئاواش، کارەساتبار و ماڵوێرانکەر بوو. 

بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردووەوە تا رێکەوتی ٩ی ژانویه، زیاتر لە ٤٦ هەزار کەس و بە پێی بەراوردی گۆڤاری بەناوبانگی تەندروستی لانسێت، نزیکەی ٦٤ هەزار فەلەستینی، یان بە دەستڕێژی گوللەی سەربازان و بۆردومان و تۆپبارانی ئەرتەشی دژە مرۆیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کوژراون، یان بەهۆی نەخۆشی چارەهەڵنەگر و قات و قڕی سەپێنراو و بێبەشبوون لە دەوا و دەرمان و چاودێری پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە دوو لەسەر سێی قوربانییەکان، ژن و منداڵ بوون. کوژراوەکان بەپێی پلانێکی ڕەگەزپەرستانە، لەلایەن قەناس بەدەستەکان، یان بە هێرشی تانکەکانی ئیسرائیل و بۆردومانی بە ئەنقەستی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی بێ دیفاع، لە ماڵ و قوتابخانە و لەناو کەمپەکانی پەنابەراندا گیانیان لەدەستداوە. هەر ئێستا زیاتر لە دە هەزار تەرم لە ژێر داروپەردوودا ماون، کە هێزە چەکدارەکان ڕێگەیان نەداوە هێزەکانی فریاگوزاری لە وێرانەکان نزیک ببنەوە. نزیکەی ١٥٠ پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ڕاگەیاندنیش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کوژران. جگە لەوەش، نزیک بە تەواوی کەرتی غەززە و سەرجەم شارەکانی، وێران بوون. ئەرتەشی ئیسرائیل تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەش، زۆر بە چڕیی لەسەر کوشتاری پاشماوەکانی دانیشتووانی غەززە بەردەوامە.

گومان لەوەدا نییە کە ئەو ئاگربەستە کاتییەی ئێستا، جێگای دڵخۆشییە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە حەماس لە ڕووی ناچارییەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش لەژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم ئاگربەستەیان قبوڵ کردووە. نە فەلەستینییەکان و نە هێزە دژە جینۆسایدەکانی ئیسرائیل لە غەززە، نوێنەری ڕاستەقینەیان لە دانوستانەکاندا نەبوو. بۆ نموونە ئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دا شانازی ئاگربەستەکە بە ناوی خۆیەوە بکات، جۆ بایدن بوو. سەرجەم جینۆساید و کاولکارییەکانی غەززە، بە هاوکاری ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەندامانی کابینە و خودی بایدن بەڕێوە چوو. ئەرتەش و کابینەی ئیسرائیل، بە تەمان تا ڕۆژی یەکشەممە لە غەززە، درێژە بە جینۆساید بدەن. ئەوان هەر لە ئێستاوە زەمینەیەکی زۆریان بۆ بیانووی کوشتاری زیاتر لە داهاتوودا خۆشکردووە. وەزیری ئەمنییەتی ئیسرائیل کە سەر بە ڕاست ترین باڵی ناو دەسەڵاتە، دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە دەربڕیوە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە. باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەر دەست لەکار بکێشێتەوە، کابینەکە هەڵدەوەشێتەوە. ناسەقامگیری ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەگەرێکی دوور لە چاوەڕوانی نییە. بەڵام دەبێت هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی کە هیچ کام لە لایەنەکان، ئیتر نەتوانن شەڕ دەستپێبکەنەوە. ئەوەش تەنیا بە بەهێزکردنی ئەو بزووتنەوە دژە شەڕەی ئێستا، مومکین دەبێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

وتەیەک سەبارەت بە کوژرانی دوو دادوەری جینایەتکار لە تاران

ی ژانویه 19 , 2025
کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، هەواڵێک سەبارەت بە کوژرانی دوو دادوەری بەدناو و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی عەلی ڕازینی و محەممەد موقیسە و برینداربوونی دادوەرێکی دیکە لە دەزگای قەزایی تاران بڵاو بووەوە. عەلی ڕازینی ساڵی ١٣٣٢ لە شاری ڕەزەنی سەر بە هەمەدان لە بنەماڵەیەکی کۆنەپەرستی دژ بە […]

You May Like