محەممەد دەماوەند میرزایی، کاسبکاری (شوتی) خەڵکی شاری کامێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کەرەج گیانی لەدەستدا. ئەم کاسبکارە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە کۆمادا بوو، دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی تاران کۆچی دوایی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، محەممەد دەماوەند میرزایی پاش سێ ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران گیانی لەدەست دا. ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرەج بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، ئۆتۆمبێلی محەممەد دەماوەند، کاسبکاری (شوتی) خەڵکی گوندی «تفێن»ی سەر بە شاری کامێرانیان کردە ئامانج. لە ئەنجامدا محەممەد دەماوەند میرزایی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، بە سێ فیشەک دەپێکرێت و بە هۆی سەختی برینەکانییەوە دەچێتەوە کۆماوە.
شوتییەکان، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی تایبەتن کە کاڵای هاوردە لە سنوورە نافەرمییەکانەوە بۆ نێوەندی شارەکانی ئێران دەگوازنەوە. زۆرێک لە شوتیسوارەکان، کۆمەڵێک گەنجی بێکارن کە بەهۆی هەژاری، بێکاری و جیاکارییە سیستماتیکییەکانی حکومەت، گیانیان دەخەنە مەترسییەوە تا بتوانن داهاتێکیان دەست بکەوێت. یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاردەی شوتیگەری لە ناوچەکانی باشوور، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران بەرزبوونی ڕێژەی هەژاری و بێکاری زۆرە. جیاکاری سیستماتیکی حکومەت، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەناوچوونی کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی کەم ئاوی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کێشەکانی ئابووری و بژێوی ژیان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێکیان بە ناچاری ڕوو لەم کارە بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان بەهۆی هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێران وەکو بووشەهر بەتایبەت بەندەری گەناوە، خوزستان، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بەتایبەت شاری گەچساران، لوڕستان، فارس، کرمان، بەلوچستان، کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕوویان کردووەتە ئەم دیاردەیە.