دانیشتنی لێپرسینەوەی کامەران ساختمانگەر، چالاکیی کرێکاری لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، دۆسیەی ئەم چالاکەی کرێکاری بە تۆمەتبارکردنی بۆ دادگا ڕەوانەکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، دانیشتنی لێپرسینەوەی کامەران ساختمانگەر، چالاکیی کرێکاری بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دانیشتنی لێپرسینەوەی کامەران ساختمانگەر، لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو. ناوبراو بە تۆمەتەکانی “گردبوونەوە و پشتیوانی بە مەبەستی کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، “سووکایەتی بە ڕێبەری” و “چالاکیی بانگەشەیی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی” بەرگری لە خۆی کرد. لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، تۆمەتبارکردنی دۆسیەی ناوبراو بە تۆمەتی “چالاکی بانگەشەیی دژی ڕژیم” دەرچووە و بۆ دادگا ڕەوانەکرا.
هەروەها دادسەرا بە تۆمەتی “گردبوونەوە و پشتیوانی بە مەبەستی کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “سووکایەتی بە ڕێبەری” بۆ ئەم چالاکەی کرێکاری بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرکردووە.
کامەران ساختمانگەر، لە بیستی گوڵان بە وەرگرتنی ڕاگەیەندراوێک بۆ ئەم دادسەرایە بانگهێشت کرابوو.
ئەم چالاکەی کرێکاری لە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە پێدانی بارمتە لە زیندانی شاری سنە ئازادکرا. دەستبەسەرکرانی کامەران ساختمانگەر لە حەڤدەی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدرابوو.
کامەران ساختمانگەر، لە ناوەڕاستی بەفرانباری ١٤٠٣، لە لقی ١٠٩ی دادگای دووی شاری سنە بە تۆمەتی “بوختان و ناوزڕاندن” بەرگریی لە خۆی کردبوو. ناوبراو لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا بە پێدانی بارمتە ئازادکرا.
کامەران ساختمانگەر، پێشتر بەهۆی چالاکییە سنفی و کرێکارییەکانی ڕابردووی خۆیەوە دەستبەسەر و سزادراوە.