توماج ساڵی، گۆرانیبێژی ڕاپی ناڕازی و یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” (ژینا)، ئەمڕۆ ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوورگەی کیش دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ڕاپی باڕازی و یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی (ژینا)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دوورگەی کیش دەستبەسەر کرا. هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شوێنی دەستبەسەرکران و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە ناڕازییە نادیارە.
توماج ساڵحی پێشتریش بەهۆی شیعرە ڕەخنەییەکانی و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیەوە کەوتە بەر چاودێریکردن، دەستبەسەرکردن و حوکمدان. ئەو یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە کاتی بزووتنەوەی سەرتاسەری ساڵی ١٤٠١دا، بە ڕاشکاوی دژی حکومەت هەڵوێستی گرت و بە بڵاوکردنەوەی گۆرانیگەلێک ڕەخنەی لە دامەزراوەی سیاسی، هەژاری، گەندەڵی و سەرکوتی ئازادییە مەدەنییەکان، لەتەنیشت ناڕەزاکاران وەستا.
ئەم گۆرانیبێژە لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆ چەندین مانگ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بوو. دادگای ئینقلاب سەرەتا بەتاوانی “گەندەڵکردن لەسەر زەوی”سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، بەڵام ئەم حوکمە لە دوای ناڕەزایی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە دیوانی عالی وڵات هەڵوەشێنرایەوە و گۆڕا بۆ زیندانی درێژخایەن. لە کۆتاییدا، لە گوڵانی ١٤٠٣، دوای بەرگەگرتنی نزیکەی ١٨ مانگ زیندان، توماج بە کەفالەت ئازاد کرا.
توماج ساڵحی لەلایەن ڕای گشتییەوە بووە بە هێمای بەرگری هونەری دژی سەرکوتی حکومی و گۆرانییەکانی لە کاتی بزووتنەوەی ژینا تا ئێستا، لە کۆمەڵگەی جیاواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا کاریگەری بەرفراوانیان هەبووە.