ڕۆژی سێشەممە ١٩ی نوامبر بەرامبەر بە ٢٩ی خەزەڵوەر، ئەرتەشی ئۆکراین ٦ مووشەکی دوور مەودای دروستکراوی ئەمریکای ئاراستەی خاکی ڕووسیا کرد. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەرتەشی ئۆکراین ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەریش، بە مووشەکی دوور مەودای “سێبەری تۆفان” کە دروستکراوی بریتانیایە، چەند خاڵێکی لە قووڵایی خاکی ڕووسیا کردە ئامانج. دەوڵەتی ڕووسیا بەرامبەر بە کردەوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئۆکراین، کاردانەوەی توندی لەخۆی نیشاندا. هەر ئەو ڕۆژە، پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیا، دوکتۆرینی بەڕۆژکراوەی ئەتۆمی ڕووسیای واژۆ کرد. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەگەر ڕووسیا بکەوێتە بەر هێرشێکی ئاسایی بە پشتیوانی دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، لەوانەیە بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە نووسیبووی، بایدن ڕێگەی داوە کە بە مووشەکی ئەمریکایی هێرش بکرێتە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا. ئەم ئیجازەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانەیە کە بە سیستەمی مووشەکی تاکتیکیی ئەرتەش ناسراون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم مووشەکانە توانایی بەئامانجگرتنی وردیان هەیە و شوێنهەڵگرتنیشیان کارێکی ئەستەمە. کۆشکی سپی ئەم هەواڵەی پشتڕاست یان ڕەت نەکردۆتەوە. بەرپرسانی نیزامی ڕوسیا وتیان کە پێنج مووشەکیان لە ئاسمان تەقاندووەتەوە و بەهۆی یەکێکی تر لە مووشەکەکانەوە ئاگر لە شوێنێک کەوتووەتەوە کە بە خێرایی کوژاوەتەوە.
ڕۆژنامەی فیگارۆ چاپی پاریس، ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی خاوەن هەژموونی فەڕانسە و ئینگلیس، پشتیوانییان لە بڕیارەکەی بایدن کردووە و ڕێگەیان بە ئەرتەشی ئۆکراین داوە کە مووشەکەکانی “سکالۆپ” و “سێبەری تۆفان” کە دروستکراوی ئەو دوو وڵاتەن، لە دژی ڕووسیا بەکار بهێنن. هاوکات “جۆزێف بورێل”، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئورووپاش، وێڕای ئاماژە بەوەی کە “پۆتین ئامادە نییە گفتوگۆ بکات”، پشتیوانی لە بڕیارەکەی بایدن کرد و وتی: من بەردەوام پشتگیریم لە هێرشکردنە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا کردووە. ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش لە بەرامبەردا ڕایگەیاند، بەکارهێنانی مووشەکی دوور مەودا لەلایەن کیێفەوە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا، بە مانای بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی لە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سروشت و ڕەوتی شەڕدا. وەڵامی ڕووسیا لە ئاوا دۆخێکدا، بە شێوەیەکی هاوسەنگ و تەواو بەرچاو دەبێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تاس، ویلادیمێر جەبارۆڤ، جێگری یەکەمی کۆمیتەی کاروباری نێودەوڵەتی پارلمانی باڵای ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە وتی، “بڕیارەکەی واشنگتۆن بۆ ڕێگەپێدان بە ئۆکراین بۆ هێرشکردنە سەر قووڵایی جوگرافیای ڕووسیا بە مووشەکی دوورمەودای ئەمریکا، لەوانەیە ببێتە هۆی جەنگی جیهانی سێیەم و بە خێرایی وەڵامی پێدەدرێتەوە”. ئەو بڕیارەی سەرۆککۆماری ئەمریکا، دوای دوو مانگ گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە دراوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بایدن پێشوەختە دۆناڵد ترامپ و کەسە نزیکەکانی، لە بڕیاری کابینەکەی ئاگادار نەکردبووەوە. ترامپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی دابوو کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت. ناوبراو وتبووی ئەمریکا بودجەیەک بۆ یارمەتیدانی ئۆکراین تەرخان ناکات و ڕێگری دەکات لەوەی کە ئەو وڵاتە بە ناتۆوە پەیوەست بێت. لە ڕاستیدا سیاسەتی ترامپ لە خولی پێشووی سەرۆککۆماریدا بریتی بوو لە نزیکبوونەوە لە ڕووسیا بۆ ئەوەی لە چین دووری بخاتەوە، سیاسەتێکی کە پێدەچێت لە دەورەی داهاتووشدا پەیڕەوی بکات.
ڕۆژنامە چەپەکانی ئەمریکا، ئەوەی کە کۆشکی سپی ترامپی لەو بڕیارە واتە ڕێگەپێدان بە دەوڵەتی ئۆکراین ئاگادار نەکردۆتەوە، وەک ڕووداوێکی بێ وێنە چاولێدەکەن و بە نیشانەی بوونی کەلێن و ناکۆکی ئاشکرای ناو بازنەی دەسەڵاتی ئەمریکای دەزانن. ئەندامانی کابینەکەی بایدن پێیانوایە بەهۆی پێشڕەوییەکانی ئەرتەشی ڕووسیا، نەک هەر نابێ یارمەتییەکان بە کیێف کەم بکرێتەوە یان ڕابگیرێت، بەڵکوو پێویستە پەرەیان پێبدرێت، ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە لایەنەکانی شەڕ لە ئوکراین، بە ناچاری ناکۆکیەکانیان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر دەکەن. لە ئاوا دۆخێکدا پێویستە دەوڵەتی ئۆکراین بتوانێت پشت بە هێزی نیزامیی وڵاتەکەی ببەستێت. میدیای هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەندێک لە میدیا لیبڕاڵەکان لە ئەمریکا، هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەو سیاسەتەی ئێستای کابینەی بایدن و شوێنکەوتووە ئورووپاییەکانی، زەمینە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی سێیەم خۆش دەکات. ئەوان نووسیویانە، بەڵێنەکانی ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین، فریوکارییەکی کاتی هەڵبژاردن بووە و دەوڵەتی ئەمریکا وەک ئەندامێکی ناتۆ، هیچ ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە بەهێزکردنی ئۆکراین.
هەربۆیە چارەنووسی ئەو شەڕە یان لە بەرەکانی شەڕدا دیاری دەکرێت، یان دەبێت ئەو بزووتنەوە دژە شەڕەی ئێستا ئەوندە بەهێز بکرێت کە بتوانێت ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکراین و غەززە و لوبنان، بەسەر دەوڵەتە دەستدرێژیکارەکاندا بسەپێنێت. هاوشێوەی ئەو ڕووداوەی کە لە دەیەی ٧٠ی زایینی، لە کاتی پاشەکشەکردن بە هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا لە وێتنام بینیمان.